توركیا بەرووكەش وەك وڵاتێكی دیموكراسی خۆی نمایش دەكات، بەڵام لەناوەوە زیندانێكی گەورەیە بۆ ئەو دەنگە ناڕازییانەی كە دژی سیستمی حكومڕانی ئەو وڵاتە بەرزدەبنەوە.
لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی 15/7/2016 ، دەستی دەوڵەتی حكومەتی توركیا كراوە تربووە بۆ زیندانیكردنی دەنگە ناڕازییەییەكانو خەڵكانی ئازادیخواز لەم وڵاتە. لەم پرۆسەی زیندانیكردنە سیاسەتمەدارە كوردەكان و ئەندام پەرلەمانانی هەدەپە، پشكی شێریان بەر دەكەوێت. لەكۆی 59 ئەندام پەرلەمانی هەدەپە ئێستا تەنها 45 ئەندام پەرلەمانیان لە سەر كارەكانیان بەردەوامنو بە بەردەوامی كار لە سەر كەمكردنەوەیان دەكرێتو پارێزبەندی پەرلەمانیان لێدەسەنرێتەوە.
توركیاو پرسی زیندانیكردنی دەنگە ناڕازییەكان
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەوە ناسراوە بە بەردەوامی كاری لەسەر بەرتەسكردنەوەی مەودای ئازادییەكان كردووە، هەروەها یەكێكیش لە بەربەستەكانی بوون بەئەندامی لە یەكێتی ئەوروپا بریتییە لەوەی كە توركیا دور لە پێوەرەكانی مافی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ دەنگە نارازییەكان و ئازادیخوازەكانی وڵاتەكەی دەكات.
توركیا لە زیندانیكردنی دەنگە ناڕازاییەكان بەبێ جیاوازی چیو توێژەكان و بە شێوەیەكی هەڕەمەكی مامەڵە دەكات.بەپێی ئاماری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافی مرۆڤ، توركیا یەكێكە لە خراپترین وڵاتەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنوسانو نوسەرەكانو زیندانیكردنیان، زیاتر لە 150 رۆژنامەنووس زیندانیكراون لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی 2016ەوە. چەندین رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتیش لەتوركیا زیندانیكراون لەپاڵ رۆژنامەنوسەكانی توركیادا، لەوانە “دێنیز یۆجێلی” ئەڵمانی لەدوای مانەوەی ساڵێك لە زیندان، پاش ئازادبوونی لە 16/2/2018ئەوەی راگەیاند:” ئەوانەی كە دەستگیر دەكرێنو دەخرێنە زیندانەوە تەنها لە بەر ئەوەیە كە لەگەڵ دەسەڵات هاوڕانینو جیاواز بیر دەكەنەوە”.
كودەتای 15/7/2016 دەستی توركیا واڵاتر دەكات
كودەتا سەرنەكەوتووەكەی 15/7/2016 كاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر واڵابوونی زیاتری دەستی توركیا لە دەستگیركردنو راوەدونانی دەنگە نارازییەكانی وڵاتەكەی. بەپێی ماڵپەری سی ئێن ئێن:” بەتۆمەتی پەیوەندیبوونیان بە كودەتا سەرنەكەوتووەكەی توركیا گرتنی دەنگە ناڕازییەكان، رۆژ بەڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە”.
لەناو ئەو دەنگە ناڕازیانەی كە زیندانی دەكرێن، لەپاڵ كوردەكان ئەندامانی بزوتنەوەی خزمەتیش لایەنێكن كە زۆرترین كەسیان زیندانی كراوەو لەكارەكانیان دورخراونەتەوە.فەتحوڵا گولەن لە ووتارێكیدا لە واشنتۆن پۆست نوسیویەتی:” لە 15/5/2017 وە رەخنەی توند لە ئەردۆغان دەگرێت بەوەی لەتوركیا زیاتر لە 300 هەزار كەسی لە رۆژنامەنووس و ئەكادیمەیەكان و ئەندامانی خزمەت زیندانی كردوەو دوری خستونەتەوە لە كارەكانیان، بە بیانووی ئەوەی كە پشتگیری كودەتایان كردووە لە توركیادا”.
توركیا سیاسەتمەدارە كوردەكانو ئەندام پەرلەمانانی هەدەپە بە ئامانج دەگرێت
توركیا مێژوویەكی هەیە لەدەستگیركردنی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كورد كە لەناو پەرلەمانی توركیا بەسەختی پشتگیری پرسی كورد دەكەن.
دیارترین ئەندام پەرلەمانی كورد كە لە زینداندایە سەلاحەدین دەمیرتاشە كە بە سەركردە گەنجەكەی باكوری كوردستان ناسراوەو هەندێكجار بە ئاپۆی بچووك بانگ دەكرێت، لە( 4 تشرینی دووەمی 2016)ەوە دەستگیر كراوە، وە لەگەڵ فیگان یوكسێداغ كە هەردووكیان هاوسەرۆكی هەدەپە بوون لەكاتی دەستگیر كردنیان.
ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی سەلاحەدین دەمیر تاش كراوە، بریتییە لە تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی توركیاو بانگەشەكردن بۆ تیرۆر، كە ئەم تۆمەتانە هەمان تۆمەتن كە ئەندام پەرلەمانەكانو بەر پرسو هاوڵاتیانی توركیای پێ تۆمەتبار كراوە.لەپاڵ سەلاحەدین دەمیرتاشدا، چەندین ئەندام پەرلەمانی تریش لەكاری پەرلەمانی دور خراونەتەوەو هەندێكیان زیندانی كراون، هەندێكی تریان چاوەروانی دادگاكانی توركیا دەكەن كە كەیسەكانیان یەكلای بكاتەوە.دیارترین ئەندام پەرلەمانەكانی هەدەپە كە دادوەرەكانی توركیا زیندانیان كردونو مافی ئەندام پەرلەمانێتیان لێسەندوونەتەوە( فەرهاد ئینجۆ، نورسێل ئایدۆغان، بەسمە كۆنجا، عەبدوڵڵا زەیدان ،لەیلا زانا، ئیۆزتورك) .هەروەها توركیا لەماوەی یەك رۆژدا لە 27/2/2018 مافی پەرلەمانتاری لە هەریەك لە ئیبراهیم ئایهانو ئەحمەد یەڵدرم سەندەوە، كە هەردوكیان ئەندام پەرلەمانی هەدەپەن، ئەو تۆمەتەی كە ئاراستەیان كراوە بریتییە لە سوكایەتیكردن بە سەرۆكی توركیا، هەردوو پەرلەمانتارەكە ئەم لێسەندنەوەیان بە كوردەتا لە پێگەی خۆیان لە تۆری كۆمەڵایەتی وەسفكردووە.بەهۆی زیندانیكردنی ئەندام پەرلەمانەكانی هەدەپەو لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتارێتی لێیان ژمارەی كورسیەكانی هەدەپە لە پەرلەمانی توریكا لە 59 كورسییەوە دابەزیوە بۆ كەمتر لە 45 كورسی .لەپاڵ ئەندام پەرلەمانەكی كورد كە دەستگیر كراون، دیارترین ئەوكەسە سیاسەتمەدارانەی كە لە سەرەتای 2018 دەستگیر كراون، بریتین لە (سەرپێل كەمالبای یاریدەدەری سەرۆكی گشتی پێشووی هەدەپەو فاتمە كورتوڵان یاریدەدەری جێگری سەرۆكی گشتی هەدەپەو سەیدی فرات یەكەم ئەندامی ئاشتی 1999 و ئەتیە ئێرێن ئەندام لەدەستەی شارەزایانی هەدەپە و ئامور یترتسەڤەری ئەندامی سەركردایەتی هەدەپە و نور ئایتە مور جێگری سەرۆكی هەدەپە لە ئەنقەرە).
دیلەك ئۆجەلانیش ئەندام پەرلەمانی توركیاو خوشكەزای رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە (ئۆجەلان) لە رۆژی پێنج شەممەی ڕابردو حوكمی زیندانیكردنی 2 ساڵو شەش مانگ زیندانی بەسەردا درا، بەتۆمەتی پڕوپاگەندەكردن بۆ پەكەكەو عوسمان بایدەمیریش لەسەر هەمان بابەت دۆسیەی لەدادگا بۆ كراوەتەوە.
بەهۆی پشتگیریكردنی عەفرین، لەتوركیا بە سەدان هاوڵاتی دەستبەسەر دەكرێن
لە دوای ئەوەی سوپای توركیا لە (20/1/2018)ەوە دەستیان كردوە بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە ژێرناونیشانی (چڵە زەیتوون) كە ئامانج لێی بریتییە لە چوونە ناوخاكی سوریاوە بە قوڵای (30)كم، لە سنوری عەفرینەوە لەناوخۆی توركیا دەنگی ناڕازی بەرز بۆتەوە دژی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا بەوردی چاودێری ئەو ماڵپەرو پەیجو ئەكاونتانەی ناو توركیا دەكات كە دژی ئەم ئۆپەراسیۆنەرای ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕنو لە رایگەیاندراوێكیاندا ئاماژەیان بەوە داوە ” ئەوان ئەو فەیسبوكو پەیجانەی كە رەخنە لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دەگرنو پشتگیری تیرۆر دەكەن لە توركیا بە ئامانج دەگرن و خاوەنەكانیان دەستگیر دەكەن”. هەر بەپێی نوێترین ئامار كە بڵاویان كردۆتەوە 845 كەس بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەو پشتگیریكردنی عەفرین لەناو توركیادا دەستگیر كراون.
وەزارەتی ناوخۆ هیچ زانیارییەكی لە سەر ئەو 845ی كەسەی كە گیراون بڵاو نەكردۆتەوە كە چەندیان حوكم دراون.
لەزیندانەكانی توركیا چی دەگوزەرێت؟
لە پاڵ ئەوەی بەشێوەیەكی هەرەمەكی هەڵمەتی گرتنی دەنگە نارازییەكانی ناوتوركیا ساڵانێكە درێژەی هەیە بەشێوەیەكی دور لە بنەماكانی مافی مرۆڤیش لە زیندانیەكانی توركیا مامەڵە دەكرێت لەگەڵ زیندانیەكان .بەپێی زانیارییە وتراوەكانی وەزیری دادی توركیا، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا 19 هەزار و 368 سكاڵا تۆمار كراوە لە وەزارەتی داد سەبارەت بە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ لە زیندانییەكانی ناوتوركیادا. وەزیری دادی توركیا لە وەڵامێكدا بۆ ئەندام پەرلەمانێكی جەهەپە، ئاماژەی بەوەشداوە داوە كە ” لە ماوەی حەوت ساڵدا لە تشرینی یەكەمی 2009 تاوەكو 2016 لەزیندانەكانی توركیا 2300 زیندانی مردون”.رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەتایبەتی هیومان رایتس ۆوچ، بەنیگەرانیەوە لە راپۆرتەكانیدا ئاماژە بەرەوشی زیندانیكراوانی سیاسی دەكات لەناو توركیادا.
بەپێی بەدواداچونێكی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان كە لە راپۆرتێكدا لە 27/2/2018 بڵاو كراوەتەوە لەسەر ماڵپەرەكەیان، لەكاتی ناردنی نێردەری تایبەتیان (نێلز مێڵزەر) بۆ زیندانەكانی توركیا ئەوە یان بۆ دەر كەوتووە ” مامەڵەی درندانەو نامرۆڤانە لەگەڵ زیندانیەكانی ناو توركیا دەكرێت و لایەنگرانی هەدەپە و بزوتنەوەی خزمەت لەزیندانەكان ناچار بەدانپێدانان كراون”.
سیاسەتی حكومەتی توركیا هاووڵاتیان ناچار بە جێهێشتنی وڵاتەكەیان دەكات
بەهۆی ئەو فشارە ناوخۆیانەی كە حكومەتی توركیا دروستیكردووە لە سەر هاوڵاتیانی زۆرێك لەوانەی كە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە كە زیندانی بكرێن لە توركیا، وڵاتەكەیان بە بەجێهێشتووە. بەپێی ئامارەكان لەساڵی 2017 زۆرترین رێژەی هاولاتی بەرەگەز تورك هەوڵی بەجێهێشتنی وڵاتەكەیان داوە، ئەمەش لەژێر كاریگەری ئەو هەڵمەتو ئۆپەراسیۆنانە بووە كە دام و دەزگا ئەمنییەكانی توركیا لە دوای كودەتاكەی 2016 دەستیان پێكردووە.بەپێی راپۆرتێكی (كۆمەڵەی فرۆنتێكس) كە بایەخ بە سنورەكانی ئەوروپا دەدات لەساڵی 2017 نزیكەی 2هەزار و 645 هاولاتی توركی ڕوویان لە ئەوروپا كردووە كە زۆربەیان لە رێگەی دەریای سپییەوە بووە. ئەم ژمارەش بە بەراورد بە ئاماری 2016 كە 921 كەس بووە، بۆیە دەكرێت بڵێین رێژەكە لەماوەی تەنها یەك ساڵدا زۆر بەرز بۆتەوە ئەمەش دەر ئەنجامی خراپبوونی بارودۆخی ناوخۆی توركیایە ساڵ لەدوای ساڵ.ئەوانەی كە توركیا بەجێدەهێڵن تەنها هاوڵاتی ئاسای نین، زۆرجار پەرلەمانتاریش لەناو ئەمانەدا هەیە، بۆ نمونە هەردوو ئەندام پەرلەمانی توركیا (فەیسەل ساریڵدز و توبا هێزێر) نزیكەی دوو ساڵە توركیایان بەجێهێشتووەو لە ئەوروپا دەژین.
توێژەری سیاسی
بەکالۆریوس لە زانستە سیسیەکان