
بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، کەسایەتی، رێکخراو و چالاکڤانانی بواری جینۆساید لە کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023 گردبوونەوە و داوای گەڕاندنەوەی رووفاتی 171 ئەنفالکراویان کرد.
هێمن کامیل، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کەرکووک راگەیێندراوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی خوێندەوە و رایگەیاند، “وەکو کەسوکاری ئەنفالکراوان، رێکخراو و چالاکڤانان داوای گەڕاندنەوەی بەپەلەی 171 رووفاتەکە دەکەین.”
راگەیێندراوەکە لەلایەن زیاتر لە 200 کەسایەتی، رۆشنبیر، چالاکڤان، رێکخراو و کۆمەڵەکانی تایبەت بە جینۆساید واژۆ کرابوو، ئەوەش جگە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە گوتەی هێمن کامیل.
ئەو 171 رووفاتە کە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شاری سەماوەی باشووری عێراق دەرهێندرابوون، بە گوتەی هێمن کامیل، “سەرجەمیان ژن و منداڵن و ناسنامەکانیشیان لەلایەن دادپزشکیی بەغداوە ئاشکرا کراون.”
لە ئابی ساڵی 2019دا بەهۆی گەردەلوول لە ناوچەی تەلشێخە لە سنووری شاری سەماوە هەندێک جلوبەرگ و ئێسک دەرکەوتن و دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، دواتریش سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکە، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە؛ یەکێک لە گۆڕەکان هەڵدرایەوە و دووانەکەی دیکە تەنیا دیاریکران؛ لەو گۆڕەی هەڵدرایەوە 171 رووفات هەبوون کە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون؛ لەو کاتەوە رووفاتەکان لە دادپزیشکیی بەغدا ماونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای چوار ساڵ لە دۆزینەوەی رووفاتەکان، هیچ هەنگاو و هەوڵێک بۆ هێنانەوەیان نەدراوە و ئەمەش بە “کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانن.”
کەسوکاری ئەنفالکراوان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتەکان بە ئەرکدار دەزانن و داوا لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، دەسەڵاتداران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن بۆ گەڕاندنەوەیان هەوڵ بدرێت.
وەکو هێمن کامیل گوتی، دادپزشکیی بەغدا رێکارەکانی پشکنینی بۆ رووفاتەکان تەواو کردووە و داوای گواستنەوەی کردوون، “لە حاڵەتی دواخستنی گەڕاندنەوەیان، دادپزشکیی بەغدا بەنیازی بەخاکسپاردنی رووفاتەکانە بەشێوەیەکی کاتی لە گۆڕستانێکی بەغدا.”
یەکێک لە داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم نوێنەرانی کورد لە بەغدا، هاوشێوەی بودجە و نەوت، پرسی جینۆسایدەکانیش بکەنە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.
هەروەها داواکارن لە هەرێمی کوردستان دەست بە گرتنی سامپڵی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکرێت و کار بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە بکرێت کە دۆزراونەتەوە و حکومەتی عێراقیش لە گەڕان و پشکنین بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە بەردەوام بێت.
لە پڕۆسەی ئەنفالی باشووری کوردستاندا لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە لە ساڵی 1980 بۆ 1988، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران کە زۆرینەیان لە دەڤەری گەرمیان بوون؛ تاوەکو ئێستاش کەمتر لە چوار هەزار رووفاتیان گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.