عەزیز ڕەئووف:
خۆی کە کارەبا نیە، مانای ئەوە نیە کارەبا نیە، بەڵکو مانای ئەوەیە نادرێت. خۆی کە کارەبا نادرێت وەک ئەوەیە موچە نادرێت کە هەیە و دەتوانرێت بدرێت. کە مامۆستا لە هەولێر هاتە سەر شەقام یەکسەر دەسکاری موچەیان کرد چونکە مەترسی تەقینەوەی لێ دەکرا.
خۆی کە دەنگی “بەڵێ” ی ڕیفراندۆمت لێ بدزن و بیبەنەوە بۆ بەغدا دەتوانن کارەباشت لێ بدزن، تۆ کە دەنگ دەدەیت و دەنگەکەت بدزن بۆ ناتوانن چۆڕە ئاوێکیشت لێ بدزن؟ کە چەندین ساڵە بتوانن کەرامتت بڕوشێنن، دەشتوانن موچەت پێ نەدەن و ژیانت پێ ڕەوا نەبینن.
خۆی کە کارەبا نادەن مانای ئەوەیە ئەگەر فشار بکەی دەیدەن و مەمنونیشن، تۆ داخوازیەکانت لە گۆڕینی دەسەڵات و سەرۆکایەتی و پارلەمانەوە بچوک بکرێتەوە بۆ کارەبا و ئاو و موچە، خۆی ئەمە ئەو پلانە ژیر و وردبینانەیەی نوخبەی دەسەڵاتە و دەزانێ چی دەکات، خۆی ئەسڵەن ئەوە خەڵک و هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە نازانن چی دەکەن.
نوخبەی دەسەڵات نە چاو نە گوێچکە، هیچ ئەندامێکی هەستکردنی نەماوە تا تۆ لەسەر جادە قوڕ بکەی بەسەر خۆتتدا و هەستی بجوڵێنیت، یان بەیان دەربکەیت و تاقەتی ئەوەت مابێت لە شاشەکانەوە ڕەخنەی لێ بگریت.
دەسەڵات ئەم خەڵکە بێدەنگ و ئەم ئۆپۆزسیۆنە زیادەیە دەبینێت و لەدەرەوەی لێپرسینەوە ئەوەشی دەیکەن زۆریشە، من دەپرسم یەک سودی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتم پێ بڵێ تا دەیان زیادەیی و خۆگونجاندنی ئەم هێزانەت پێ بڵێم لەناو ئەم سیستەمەدا.
ئەگەر فشارێک شک بەرین پیاوێک “کە لەم وڵاتەش ناژی” هەرگیز جورئەتی ئەوە ناکات بڵێ: ئەو کارەبا بیست و چوار سەعاتیە لە کوێوە هاتووە؟
کە کارەبا تاریکی ڕاونەنێت ڕووناکی بۆ نەگواستینەوە ئەوا ناتوانین بەراوردی بکەین بە جوانی یار، ئیدی دەبێ ئەو گۆرانیە بیر خۆمان بەرینەوە کە دەڵێ:
زوڵفت تەلی کارەبا، لێوت گڵۆپی شەستی