لە دوا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تەواوبوونی نیسابی یاسایی، کۆمەڵێک بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی دەنگ دزراوی عێراق و کوردستان درا لەوانە ئەژمارکردنەوی دەنگەکان بە دەست بە ڕێژەی 100%، ڕەتکردەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان، سڕکردنی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دانانی 9 دادوەر بۆ ڕاسپاردنی کارەکانیان، هاو کات قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی ئەندامانی کۆمسیۆن بۆ دەرەوەی عێراق. ئەم بڕیارانە کاریگەری دیاریان هەبوو لەسەر حزبەکان بە تایبەت ئەوانەی تێوەگلاون لە ساختەکارییەکانی 12 ی مانگی ڕابردوو. هەمووان دەزانین دەنگدانی (05/12) شتێک نەبوو ناوی بنرێ پرۆسەی هەڵبژاردن، بە هەموو پێوارەکان پیلانگێڕییەکی مێژوویی بوو دژ بە بەرەیەی خەڵک و ئیرادەی گەل. بەڵگەکان حاشا هەڵنەگرن بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەم خیانەتە مێژووییە درێژەی ئەو خیانەتەی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 بوو کە لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەرکوک و دوزو مەخمور و شنگال کرا.
ئەوەی جێی سەرنجە باسی بکەین، لە دوای بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق، لە دوێنێوە لایەنە تەزویرچییەکان کەووتوونەتە هەلەکەسەماو بە هەموو ئەقڵیەتیانەوە هەر 6 حزبی ئۆپۆزسیۆن بە خیانەتکار ناو دەبەن، تۆمەتی خیانەت کردن لە کەرکوک دەدەنە پاڵ هاوپەیمانی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بۆ شاردنەوەی ڕسواییەکانیان. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بە ڕاست کێ خیانەتکارە و کێ دڵسۆزی ڕاستەقینەی کەرکوکە؟ ئەوانەی لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە هاش و هوش و نوسین و پۆستکردن بۆ کەرکوک هەر ئەوانە نەبوون لە16 ی ئۆکتۆبەر بە ناوی ڕێککەوتنی سیاسییەوە، کەرکوک و دوز و شنگال و مەخموریان بەجێهێشت؟ ئەوانە نەبوون 51% ی خاکیان بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات فرۆشت؟ ئەوانە نەبوون شکۆیی نەتەوەیی و نیشتمانییان شکاند؟ لە سایەی سەری ئەوانەوە نەبوو ئاڵای کوردستان لە ژێر پێی حەسەن پلایس و چەتەکانی حەشد و ئێران بوون؟ ئەی ئەوان نەبوون هێشیان شەرواڵی کوردی وەک سەردەمی بەعس بە دەستی حەشدەوە لە ناو کەرکوک گاڵتەی پێبکرێت؟ ئەوان نەبوون شکۆی کوردی کەرکوکیان شکاند؟ ئەوان نەبوون کوردیان کرد بە گاڵتەجاری دەمی عەرەب و تورکمان؟ ئەی لە سایەی سەری ئەوان نەبوو کچانی دوز و شنگال ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە؟ ئەوان نەبوون ماڵی کوردیان دا بە سوتاند؟ ئەوان نەبوون کەرکوکیان بە جێهێشت و ڕێگریش بوون لەوەی خەڵکی خۆبەخشی شارەکە بەرگری لە کەرکوک بکەن؟ ئەوان نەبوون شکۆی پێشمەرگەیان شکاند؟ پێشمەرگە بۆچی گریا؟ ئێوە ئەتانەوێ بە چی کەرکوک ساڕێژ بکەن؟ بە چی سەری خۆتان بەرز بکەنەوە لە کەرکوک؟ بە تەزویر؟
بە داخەوە، حزبەکانی تەزویر لە پیلانگێڕییەکەی 12 ی مانگ گورزێکی دیکەیان لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک دا ، دۆخی ناوچەکەیان ئاڵۆزتر کرد. خەڵکی کوردستان دەبێت بزانن شین و واوەیلای درۆینە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە ناگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی چونکە ئێستا دەسەڵاتی کوردی بە ناوی تەزویرەوە لە کەرکوکە، ئەمە گەورەترین خیانەتە لەکەرکوک کرا. ئەم تەزویرە گەڕانەوەی کەرکوک و جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە داهاتوودا قورستر دەکات، مێژوو بە جۆرێکی دیکە ئەنووسنەوەو تەزویری کورد ئەکەن بە بەهانەیەک بۆ دەرهێنانی لە دەستی کورد. جێی داخە هەرزە بازرگانەکانی بەناو سیاسی بۆ تۆزێکیش ئەقڵیان ناخەنە کار و بیرناکەنەوە لەوەی تەزویری هەڵبژاردنەکانی 12 ی مانگ لە کەرکوک و حەویجە سەرکەوتن نیە بۆ کورد، بەڵکو کڵاوێکی ترە نرایە سەر حزبەکانی دەسەڵات، هەر وەک چۆن ڕێککەوتنەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر جگە لە ماڵ وێرانی هیچی بۆ کورد تیا نەبوو، ئەم کڵاوەش جگه لە ماڵوێرانی هیچی لەژێردا نیە.