بەرپرسێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، ئاشكرایكرد پاش شەش هەفتەی دیكە، ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی فراوان بۆ رزگاركردنی شاری موسڵ لەدەست چەكدارانی داعش، دەست پێدەكات.
“فڕۆكە سەربازییەكان زیاتر لە 2500 هێرشی ئاسمانی دەكەنە سەر مۆڵگەكانی داعش، بەمەش توانای چەكدارانی ئەو رێكخراوە بەرادەیەك لاواز دەبێت، كە چیتر ناتوانن لەناو خاكی عیراقدا پێشڕەویی بكەن و ئەو ناوچانەی داگیریان كردووە، لێیان دەسەنرێتەوە.” بەرپرسە ئەمەریكاییەكە، بەمشێوەیە پلانی رزگاركردنی موسڵی خستەڕوو، كە لەمانگی نیساندا دەست پێدەكات.
بەرپرسە ئەمەریكاییەكە، ئاماژەی بەوەشكردوە ژمارەی ئەو سەربازە عیراقییانەی بەشداریی لەئۆپەراسیۆنەكەدا دەكەن، دەگاتە 25 هەزار سەرباز، كە بەسەر پێنج لیوادا دابەش دەكرێن. سەرباری بەشداریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
“هێزەكانی ئەمەریكا دەستیان بە راهێنانی سەربازە عیراقییەكان كردووە، دەمانەوێت خێراتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە، شاری موسڵ رزگاربكرێتەوە، هەرچەندە رەنگە روبەڕوی چەند كارێكی چاوەڕواننەكراو ببینەوە و ببێتە هۆی دواكەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە بۆ دوای مانگی رەمەزان.” بەرپرسەكەی ئەمەریكا وای وت.
شاری موسڵ لەحوزەیرانی 2014 ەوە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە، هەرچەندە بەنیاز بوون زیاتر پێشڕەویی بكەن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە توندی وەڵامیان داونەتەوە و چەندین ناحیە و گوندیان لەدەست چەكدارانی داعش رزگاركردووە.