لە دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەم دیمەنانە تا ڕادەیەک توڕەیی و نیگەرانییەکانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کەمکردوەتەوە.
جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان و شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ئەمریکا لە سێ ناوچەی گرێ سپی و سەرێکانی و دەرباسیە جێگیربوون و لە ئاسمانیشەوە بە فڕۆکە چاودێری دۆخەکە دەکەن، لەدوای جێگیربوونی ئەو هێزانەش بۆردومانەکانی تورکیا وەستێنراوە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی کورد و ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخەکە لەو ناوچانە جێگیربوون، هەندێک لە شارەزایانی دۆخی سوریاش پێیانوایە هێزەکانی ئەمریکا وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان لەسەر سنوورەکان جێگیربوون.
ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هێزەکانی خۆی بۆ پێشگرتن لە بەریەککەوتنی یەپەگە و سوپای تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکاردەهێنێت. پێشتریش لەکاتی هێرشی سوپای تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر منبج، ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی خۆی ڕەوانەی منبج کرد و دوای ئەو ڕووداوەش تورکیا کۆتایی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند.
ئەمریکا داوای لە هەردوو لایەنی ناکۆک واتە یەپەگە و تورکیا کردووە لە جیاتی ئەوەی بە شەڕی یەکترەوە سەرقاڵ بن تواناکانی خۆیان بۆ شەڕی دوژمنی هاوبەش واتە داعش تەرخان بکەن. داوکارییەک، کە بە دڵی تورکیا نییە بەو پێیەی ئەمریکا هەر بەو جۆرەی گرنگی بە رۆڵی تورکیا دەدات گرنگی بە ڕۆڵی یەپەگەش دەدات.
ئەمریکا تا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێداگرە لەسەر ئەوەی بە هاوکاریی یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەقە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، ئەمەش بە بۆچوونی بەشێک لە شارەزایانی سیاسەتی تورکیا هۆکاری سەرەکیی هێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەجۆرێک کە تورکیا دەیەوێت بەو هێرشانە فشار بخاتەسەر ئەمریکا بۆئەوەی لە ئۆپراسیۆنی ڕەقەدا یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات پەراوێز بخات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوایین لێدوانیدا پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند ئەمریکا و تورکیا پێکەوە دەتوانن ڕەقە بکەنە گۆڕستانی داعش، ئەردۆغان هیوادارە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ١٦ی ئایار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا ڕازی بکات بەوەی لە ئۆپراسیۆنی ڕەقەدا یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات دووربخرێنەوە. ئەم کۆبوونەوەیەش بە بۆچوونی بەشێک لە شارەزایانی سیاسەتی تورکیا دوایین دەرفەتی ئەردۆغانە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا هەربۆیە هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی فشارەکانی تورکیا بۆسەر ئەمریکا دادەنرێت بەر لە کۆبوونەوەکەی ١٦ی ئایاری نێوانی ترەمپ و ئەردۆغان.
بەڵام ئەوەی کە ئایا ئەردۆغان و تورکیا دەتوانن بەو فشارانە هەڵوێستی ئەمریکا بگۆڕن سەبارەت بە یەپەگە و ئۆپراسیۆنی ڕەقە؟ ئەوا ڕەنگە لە هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوودا وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەست بکەوێت.
سەرچاوە:ئێن ئاڕ تی