لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێكی تر پێگەی ویكیلیكس گۆمی مەنگی ناوچەكەی شەڵەقاند هەزاران دۆكۆمێنت و بەڵگەی گرنگی پارتی دادو گەشەی فەرمانڕەوای توركیای بڵاوكردەوە كە گەلێكیان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە بۆیە بە پێویستم زانی قسەوباسێك لە سەر ئەو ڕێكخراوەو پێكهاتەو ئامانج وبەڕێوەبەرانی بكەم .
ویكیلیكس ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە كە هەواڵ و زانیاری و ڕاپۆرتی تایبەت و نهێنی بڵاو دەكاتەوە لە میدیاكاندا لە سەرچاوەی نهێنی و نەناسراوەو و دزە بە هەواڵەكان دەكات .
لە 4 ی ئوكتۆبەری 2006 بۆ یەكەمجار پێگەی ویكیلیكس ( wikileaks. org) تۆماركرا بە شێوەیەكی فراوان , وە لە مانگی دیسەمبەری هەمان ساڵدا یەكەم دۆكۆمینتی بڵاوكردەوە هەروەها ڕایانگەیاند كە وا دامەزرێنەرەكانی پێكهاتوون لە هەندێك چالاكوانی چینی و ڕۆژنامەنووسان و وەرزشكاران و تەكنیكارانی سەرەتایی هەندێك كۆمپانیای ئەمریكی و تایوان وئەوروپاو و ئوسترالیاو باشووری ئەفریقیا .دامەزرێنەرانی ویكیلیكس ناسراو نەبوون بە فەرمی تاوەكو لە یەنایەری 2007 جولیان ئسانج و ئەوانەی لە گەڵیدابوون خۆی ناساند وەكو ئەندامی ئەنجوومەتی ڕاوێژكاری ویكیلیكس دواتر ڕاپۆرتە هەواڵیەكان لە ئوسترالیاوە باسیان لەوەكرد كە جۆلیان ئسانجی ئوسترالی دامەزرێنەری ویكیلیكسە هەروەكو یەكێك لە خۆبەخشەكانی ویكیلیكس بە گۆڤاری وایردی ڕاگەیاندبوو كە جولیان ئسانج لە یەكێك لە دانیشتنە تایبەتیەكاندا وتوویەتی كە ئەو دامەزرێنەرو و سەرنووسەرو گیان و دڵ و وتەبێژو فەیلەسوف و پلان داڕێژەرو سپۆنسەر و ڕێكخەرو هەموو شتێكی ویكیلیكسە, هەروەها پێگەكەیان تاوەكو یۆنیۆی 2009زیاتر لە 1200 خۆبەخشی تۆماركراو وجۆلیان ئسانج و هەشت كەسی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری پێكهاتبوون .
ئامانج لە دامەزراندنی ویكیلیكس :
ویكیلیكس ڕایگەیاند كە ئەوان ئامانج و ئەركی سەرەكیان ئابڕوو بردنی ڕژێمە دكتاتۆرو زۆردارەكانە لە ئاسیاو و بلۆكی سۆسیالیستی سۆڤیتی جاران لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاو وڵاتانی بیابانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست , بۆیە پێشبینی دەكرا كە ئەم پێگەو ڕێكخراوە كۆمەك و پشتیوانی گەورەو گرنگی لێبكرێت لە لایەن زۆر كەس و تاقمی ترەوە بۆ ئابڕوبردنی هەموو ئەو كۆمپانیاو حكومەتانەی كە ڕەفتاری نابەجێ و نەشیاو و دوور لە ڕەوشت ئەنجام دەدەن .
هەر ئەوەش بوو وایكرد لە یەنایری 2007 دا ببنە خاوەنی زیاتر لە 1.2 ملیۆن دۆكۆمینتی دزەپێكراو و ئامادە بۆ بڵاوكرنەوە .
سەرچاوەی دارایی ویكیلیكس :
ویكیلیكس بەوە ناسراوە كە ڕێكخراوێكی قازانج نەویستەو پشت بە كۆمەك و یارمەتی خەڵك وڕێكخراوەكان دەبەستێت كە لە ڕێگەی بانكەكان و حسابی ئەنترنێتەوە دەبێت هەروەكو دامەزراوەی واوی هۆڵەندی ڕایگەیاند كە یەكێكە لە كەناڵە بە هێزەكانی كۆمەكی ویكیلیكس كەوا هەرلە ئۆكتۆبەری 2009 ەوە تاوەكو دیسەمبەری 2010 زیاتر لە 900 هەزار یۆرۆ ی ئەوروپی كۆمەكیان پێگەیشتووە كە زیاتر لە 370 هەزاری بۆ ویكیلیكس بوو هەروەها ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە لە دوای بڵاوكردنەوەی هەر دۆكۆمینتێك یەك شەپۆلی گەورەی كۆمەك دەبارێتە سەر ویكیلیكس زۆرترینیان كاتێك بوو كە دۆكۆمینتەكانی دیبلۆماسی نهێنی ئەمریكا بڵاوكرایەوە .
ڕێكخستنی كارگێڕی :
تیمی بەڕێوەبردنی ویكیلیكس لە 2010 پێكهاتبوو لە پێنج كەس كە بەردەوام لە كاردابوون و نزیكە 800 كەسی تری خۆبەخش بە نیمچە دەوام بە بێ وەرگرتنی هیچ كۆمەك وپاداشتێك , هەوروەها ویكیلیكس سەنتەرو بارەگای فەرمی نیە خەرجی ساڵانەی ویكیلیكس نزیكە 200 هەزار ئۆرۆیە ئەویش بۆ خەرجیخزمەتگوزاری ئەنتەرنێت و بیرۆكراسی كارگێڕیە وە ئەو خەرجیانە دەگاتە 600 هەزار یۆرۆیش ئەگەر مووچەی خۆبەخشەكان دابین بكرێت و پێویستە ئەوەش بڵێین كە كرێ ی پارێزەریش نادرێت هەمووی خۆبەخشانەیە .
هەروەها زۆر خەڵات و كۆمەكی تر پێشكەش بە ویكیلیكس كراوە لە لایەن ئاژانشی ئاسۆشیتدپریس و لوس ئەنجلس تایمز و زۆر شوێنی تریش .
باری یاسایی ویكیلیكس :
ویكیلیكس لە بارێكی یاسایی زۆر ئاڵۆزدایە جولیان ئسانج لەو بڕوایەدایە كە ئەوان ڕۆڵی قەڵغان دەبینن بۆ ئەوانەی كە هەواڵ و سەرپێچیەكان دەدركێنن و لە جیاتی ئەوەی خۆیان بخەنە بەر لێپرسینەوە و تۆڵەكردنەوە ئەوا ئەمان لە ویكیلیكس هەواڵەكە بڵاوپەخش دەكەنەوە لە ڕێگەی پەیامنێرەكانیانەوە و لە ڕێگەی وێب و ئیمێڵەكانەوە كە لە ژێر هیچ چاودێریەكدا نیە هەووەها دەڵێت كە بارەگای ئەو كۆمەڵە لە سویدە چونكە یاساكانی ئەو وڵاتە باشترین پارێزگاری لە سەرچاوەكانی هەواڵ دەكەن .
ئەگەری لێپێچینەوەی یاسایی لە ویكیلیكس :
وەزارەتی دادی ئەمریكا دۆسییەكی لێكۆڵینەوەی لە سەر ویكیلیكس و دامەزرێنەرەكەی جولیان ئسانج كردەوە لە دوای دزە پێكردنی هەواڵی دیبلۆماسی ئەو وڵاتە .
لەلایەكی ترەوە حكومەت و پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیاش نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن كە ویكیلیكس یاسای ئەو وڵاتەی پێشێل كردووە .
لە سویدیش دۆسییەكی لێكۆڵینەوەیان لە سەر جۆلیان ئسانج وەكو ڕێكخەری گشتی ویكیلیكس كردەوە بە تۆمەتی دەستدرێژی سیكسی بەڵام ئەو هەموو ئەوانەی بە درۆ خستەوەو وتی ئەوە بە ئارەزووی خۆیان بووە زیاتر وتی هەموو ئەوانە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە و هەوڵێكە بۆ لەكەداركردنم هەرچەندە دواتر بەهۆی تێپەڕبوونی كاتەوە ئەو دۆسیە خۆی دادەخرێت .
شایانی وتنە جولیان ئسانج داوای مافی پەنابەری لە وڵاتی ئیكوادۆر كردووە لە ساڵی 2012 ەوە مافی پەنابەری وەرگرتووەو لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا .
بەدەر لە هەموو ئەمانە جولیان ئسانج لەلایەن زۆرێك لە هەواداران و خۆشەویستانیەوە بە یەكێك لە لێكۆڵەرە تێكۆشەرەكان دادەنرێت كە عەوداڵی گەیشتنە بە ڕاستی و هەوڵی ئابڕووبردنی گەندەڵكاران دەدا بە هەموو هێزوو توانای خۆیەوە كە ژیانی خۆی بۆ تەرخانكردووە بەڵگەش ئەوەیە كە لە ساڵی 2012 ەوە لە باڵوێزخانەی ئوكوادۆرە لە بەریتانیا ناتوانێت بچێتە دەرەوە ,لە لایەكی ترەوە نەیارانی تۆمەتباری دەكەن بە كەسێك كە حەزی لەخۆ دەرخستن وناوبانگە و ژیانی خەڵكانی تر دەخاتە مەترسیەوە .لە ڕێگەی پەخش كردنی ئەو هەموو هەواڵ و وێنانەوە هەرچەندە جولیان ئەوەی ڕاگەیاندوو ئەو بە خۆی پێداگری دەكات لە ڕاستی و دروستی هەواڵەكان ئنجا بڵاو دەكرێتەوە .
هەروەها ئسانج بەوە ناسراوە لەلایەن ئەوانەی كە كاری لە گەڵدا دەكەن زۆر دڵسۆز و چالاكە گەلێك زیرەكە وخاوەنی توانایەكی بێسنورە لە كردنەوەی شفرەو بەرنامەكانی كۆمپیوتەر .
ماوەتەوە ئەوەی بگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئیتر لە دوای هەموو ئەو پێشكەوتنانەی زانست و تكنلۆجیا لە جیهانی پەیوەندییەكان سەرەڕای بوونی دەیان دەزگای هەواڵگری و سەركوتكەرو سوپاوپۆلیسی ئاشكراو نهێنی و چەكی ئەتۆمی و كۆكوژ , بوونی دادگاو دام و دەزگاكانی نەزاهەو دەستپاكی و پەرلەمان و چاودێری دارایی و بازرگانی ئیتر هیچ حكومەت و حزب و كۆمپانیا یەكیش ناتوانن یاری بە موقەدەراتی میللەتان بكەن و بەڵكو زوو یان درەنگ پەردە لە ڕووی هەموو ڕاستیەكان هەڵدەماڵرێن و پێشبینی دەكەم لە داهاتوودا نەك ویكیلیكسێك بەڵكو سەدانی تر سەرهەڵبدەن و ئایندەی زۆر وڵات و حزب و كۆمپانیا دیاری بكەن .
سەرچاوە:شارپرێس