كاتێك نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردندا پرۆژەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی بەرزكردەوە، زۆرێك پێیانوابوو تەنها دروشمی بانگەشەیە و دەیەوێت بە پرۆژە و بەرنامەیەكی جیاوازتر لەهێزەكانی تر بچێتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرنجی دەنگدەران بۆ لای خۆی ڕابكشێت و دەنگی پێ كۆبكاتەوە، بەڵام وەك دەوترێت لاوازی بەرنامەی هەڵبژاردنی زۆرینەی لایەنەكان و شكستی پرۆسەی سیاسی، كە زۆرینەی هێزەكان ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی پیادەكردنی سیستمی تەوافوق، ئەو سیستمەی لەدوای ساڵی 2003وە بوەتە بنەمای بەڕێوەبردن و ئیدارەدان لە عێراق، خەریكە پرۆژەی حكومەتی زۆرینە لە دروشمە و دەبێتە واقیعێك ئەگەر لایەنە عێراقییەكان بەڕاشكاویش پشتیوانی نەكەن، ئەوا دەربڕینی دژایەتی بۆ سیستمی تەوافوق خۆی لە خۆیدا دەربڕینی پشتیوانییە بۆ پرۆژەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لە ئایندەدا.
بە وتەی بەشێك لەچاودێران، نوری مالكی توانیویەتی لێزانانە تەوزیفی پرۆژەی حكومەتی زۆرینەی سیاسی بكات وەك فریادڕەس و چارەسەر و بەجۆرێك لە جۆرەكان بیكاتە ڕایگشتی، كارێكی زۆریشی لەسەر ناشرینكردنی تەوافوق كردەوە وەك سیستمێكی بێزار و هۆكاری كێشە كەڵەكەبووە سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزراییەكان، بۆ ئەمەش سودی زۆری لەو ناڕەزایەتییە میللییانە وەرگرتووە كە لە عێراق گەیشتونەتە ترۆپك و خەڵك بەدوای تاقیكردنەوەی ئەزمونێكی نوێدا دەگەڕێت بۆئەوەی ئەنجامێكی جیاوازتر و گۆڕانكاری لە ژیانی ببینێت ، هەموو ئەمانەش وایكردەوە ئەوانەی لە ڕابردووشدا دژایەتی حكومەتی زۆرینەیان كردەوە، ئێستا دژایەتی تەوافوق بكەن، چونكە تەوافوق یەكسان كراوە بە پشكێنەی تائیفی و هۆكاری پەرەسەندنی گەندەڵییەكان، بی ئەوەی بچوكترین هەڵوەستە لەسەر زەمینەی جێبەجێكردنی زۆرینەی سیاسی لەم قۆناغەدا لە عێراق و لێكەوتەكانی بكرێت.
ڕەشكردنی تەوافوق ئاشی مالیكی دەگێڕێت
عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە كە یەكێكە لەو كەسایەتیانەی لەگەڵ پێكهێنانی كوتلەیەكی فرە ڕەنگدا بوو كە پێكهاتەكان تێپەڕێنێت (كتلە عابرە للگائفیە)، لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت، سازانی سیاسی هاوكێشەیەكی شكستخواردەوە و شایەنی تازەكردنەوە نیە، هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی سەركەوتن (النصر) كە پێشتر دژایەتی حكومەتی زۆرینەی سیاسی دەكرد، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاند، بەشێك نابێت لە حكومەتی بەشبەشێنە و تەوافوق.
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان نوری مالیكی كە عەرابی پرۆژەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسیە ماوەیەكە سەرقاڵی گفتوگۆیەكی ژێربەژێری چڕە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە ، بەقسەی هیشام ركابی بەڕێوەبەری نوسینگەكەی، مالیكی پەیامی پشتیوانی لە پرۆژەی حكومەتی زۆرینە لەزۆرێك لە هێز و لایەنەكانەوە پێشگەیشتوە و بەنیازن دوای هەڵبژاردنەكان ڕایبگەیەنن.
ئەو قسانەی ڕكابی لە كاتێكدایە، ڕۆژنامەی قودسی عەرەبی لە ژمارەی ڕۆژی 7ی ئەم مانگەیدا ئاماژەی بەوەكردبوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی پەیامی پشتیوانیان بۆ مالیكی ناردووە، بەڵام سەعد مەتڵەبی كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی مالیكی دروستی هەواڵەكەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند: هیچ هەوڵێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە لەئارادا نیە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی (العربی الجدید) لە زاری چەند بەرپرسێكی كوردەوە ئاماژەی بەنزیكبونەوەی مالیكی و چەند لایەنێكی “ئۆپۆزسیۆن”ی، هەرێمی كوردستان كرەوە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێكی كوردی ڕاستی ئەم هەواڵی دووپاتنەكردوەتەوە، بەڕای بەشێك لە چاودێران لەگەڵ ئەوەی فڕێدانی ئەم جۆرە زانیارییانە لەم كاتەدا چەند ئامانجێكی لەپشتەوەیە كە دیارترینیان پەرتكردنی زیاتری ناوماڵی و كورد و دروستكردنی فشارە لەسەر لایەنە كوردییەكان، بەڵام لە ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەدا دابەشبونی كورد بەسەر بەشداریكردن لە حكومەتی ئایندە و بوونە ئۆپۆزسیۆن پرسێكی چاوەڕواننكراوە، چونكە ئەستەمە حكومەتی زۆرینە تەواوی لایەنە كوردییەكان لەخۆبگرێت.
حەنین قەدۆ پەرلەمانتار و كاندید لە هاوپەیمانی (الفتح) كە لیستی گروپەكانی حەشدی شەعبی و چەند لایەنێكی سیاسییە و پێشبییدەكرێت یەكێك بێت لەوهێزانەی كە ژماریەكی بەرچاو لە كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانێتیەكەیان پشتیوانی پرۆژەی حكومەتی زۆرینەی سیاسی دەكات، لەگەڵ ئەوەی چەند لایەنێكی سیاسیش دژایەتی دەكەن، ئاماژەی بەوەشكردوە، بژاردەی زۆرینەی سیاسی بوەتە پێویستییەكی قۆناغەكە بۆ ڕاستكردنەوەی ئاڕاستەی پرۆسەی سیاسی .