نەتەوە یەکگرتووەکان فەرمانی تاڵیبانی بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار کرد و ئەم کارەی بە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتییان ناوبرد و سێ ڕێکخراویش هۆشداری دەدەن لە وەستانی کارەکانیان.
تاڵیبان لە نامەیەکدا کە بۆ ڕێکخراوە بیانییەکان و ناوخۆی ناردووە هۆشداریداوە لەوەی هۆکاری ئەم بڕیارە پێشێلکردنی فەرمانەکانی حیجاب لەلایەن تاڵیبانەوە بوو، ئەم فەرمانە تەنها چەند ڕۆژێک دوای قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە زانکۆکان دەرچوو.
لەکاردانەوەی ئەو بڕیارە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لەو بڕیارە گرت و ڕایگەیاند کە لێکەوتەکانی بۆ گەلی ئەفغانستان “وێرانکەر” دەبن، ئەم قەدەغەکردنە بۆ ئەفغانییەکان وێرانکەر دەبێت، چونکە یارمەتییە گرنگەکان بۆ ملیۆنان کەس تێکدەچێت.
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی بەرچاویان لە ئەفغانستان هەیە و کاری فریاگوزاری دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانێکی مرۆیی لەم وڵاتەدا، کارمەندێکی سندوقی منداڵان بە بی بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوەکە پلانی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کۆببێتەوە و ڕایگەیاندووە “هەندێک ڕێکخراوی ناحکومی دەبێت دابخرێن ئەگەر ڕێگە بە ژنان نەدرێت کاربکەن”.
مێلیسا کۆرنێت لە رێکخراوی CARE International ڕوونیکردەوە کە کارمەندانی ژنیان “پێویستە” بۆ گەیشتن بە ژنان و کچان ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ ئەوان ڕەنگە دۆخی مرۆیی بە خێرایی تێکبچێت، زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستان لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئاستێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیان بوونەتەوە کە برسیەتی خاڵی یەکەمەیەتی.
هەروەها لقی باشووری ئاسیای ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەم قەدەغەکردنەی بە “هەوڵێکی دیکەی نیگەرانکەر بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری” ئەفغانستان وەسف کردووە.