لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ كه‌ناڵه‌كان خۆپیشاندانه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ پیشه‌یی‌ نه‌گواسته‌وه‌

كه‌ناڵه‌كان خۆپیشاندانه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ پیشه‌یی‌ نه‌گواسته‌وه‌

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

دەزگاكانی راگەیاندن لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی پیشەیی روماڵی خۆپیشاندانەكانیان ناكەن‌و شارەزایەكی بوارەكەش پێی وایە دەزگاكانی راگەیاندن لەهەرێم ئەجێندای تایبەتیان هەیەو بەپێی جێبەجێكردنی ئەجێندای خۆیان هەواڵ‌و روداوەكان دەگوازنەوە.

گەورەترین روداوی حەفتەی رابردوی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندنە سەرتاسەرییەكانی مامۆستایان‌و فەرمانبەران بو كە بەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی لە‌یەك كاتدا گرتەوە، كەناڵەكانی راگەیاندن لەروماڵی ئەو روداوە گرنگەدا لایەندارییان پێوە دیاربو، بەشێك بەهۆی پشتیوانی بۆ حزبەكانی دەسەڵات‌و حكومەت لەگرنگی ئەو روداوەی كەمدەكردەوەو بەشێكی دیكەش جۆشوخرۆشی سەرجەم هاوڵاتیانیان دەدات دژ بە‌دەسەڵات.
د. یەحیا رێشاوی مامۆستا لەمیدیا لەزانكۆی پۆلیتەكتیكی سلێمانی لەوبارەیەوە بە‌ئاوێنەی راگەیاند ئەوەی لەسەر ئەستۆی دەزگایەكی راگەیاندنە ئەوەیە كە ئەوەی لە‌دەوروبەری رودەدات‌و دەگوزەرێت لەڕوی پیشەییەوە بیگوازێتەوەو هاوڵاتیانی لێ ئاگادار بكاتەوە بەتایبەت روداوێكی وەكو خۆپیشاندانەكانی ئەم دو رۆژەی رابردو كە وەكو روداوێكی لاوەكی نییە لەكۆڵانێكدا یان لەشوێنێكی تایبەتدا رودەدات‌و دەزگایەكی راگەیاندن ئەگەر نەشیگوازێتەوە كەس گلەیی لێ نەكات‌و دەبێت بەهاوسەنگی بیگوێزێتەوە.
بەڵام بەوتەی ئەو”لەبەرئەوەی دەزگاكانی راگەیاندن لەهەرێم تاڕادەیەكی زۆر ئەجێندایەكی تایبەت جێبەجێ دەكەن، بۆیە بەپێی جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی خۆیان هەواڵ‌و روداوەكان دەگوازنەوە.”
وتیشی”ئەو دەزگا راگەیاندنەی لەگەڵ روداوێكی وەك خۆپیشاندانەكاندایە، وێنەكە وا دەگوازێتەوە كە جۆشدان‌و خرۆشان بێت‌و باسكردن بێت لە‌كێشەو دەردەكانی خەڵك‌و رەخنەگرتن بێت لەدەسەڵاتی سیاسی كە ئەمەش ئاساییە، بەڵام ئەو دەزگا راگەیاندنانەی كە لەگەڵ ئەم خۆپیشاندانانە نین یان هەر نایگوازنەوە یان بەشێوازێك دەیگوازنەوە كە بەشێك لە‌وێنەكە بگەیەنن.”
ئەو رەخنەی لەهەندێك لەكەناڵەكان گرت‌و وتیشی”من دوێنێ هەندێك كەناڵی میدیایی‌و هەندێك رۆژنامەم بینیوە وەك ئەوەی هیچ روی نەدابێت لەهەرێمی كوردستان هیچی لەبارەی خۆپیشاندانەكان‌و لێكەوتەكانی نەگواستۆتەوە كە ئەوەش بۆ سومعەی دەزگا راگەیاندنەكە خۆی خراپە.”
بەقسەی رێشاوی هاوڵاتی خۆیشی ئاگادارەو دەزانێت كام كەناڵانە لەروداوێكی وادا نەیانتوانیوە ببنە سەكۆیەك بۆ گواستنەوەو خەم‌و دەردەكانی ئەو، بۆیە گلەیی لەو كەناڵانە دەكات.

یەكێك لەو كەناڵانەی كە لەگواستنەوەی ئەم خۆپیشاندانانەدا، خەڵك گلەیی هەبو لەروماڵەكانی بۆ خۆپیشاندانەكان كەناڵی روداوە كە بەبڕوای بەشێك لەو خۆپیشاندەران لەیەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا هەوڵیداوە وێنەیەكی وا بداتە خەڵك كە ئەو خۆپیشاندانانە حزبین.
لەو روماڵەیدا كەناڵی روداو زیاتر سەرنجی لەسەر پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی بو لەپەرلەمانی عێراق كە بۆ پشتیوانیان چوبوە نێو خۆپیشاندەران‌و پەیامنێری كەناڵەكەش بەگیری هێنابو بەوەی كە ئەو چی دەكات لەو شوێنە، بۆ ناچێت لەبەغدا پشتگیری لەمافی هاوڵاتیانی كوردستان بكات.

بەڵام هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی روداو رەتیدەكاتەوە ئەوان لایەندارانە روماڵی خۆپیشاندانەكانیان كردبێت‌و وتیشی”روداو نە دژی خۆپیشاندەرانە نە پشتیوانی لەحكومەتیش دەكات، ئەوەی رویداوە هەوڵمانداوە بیگوازینەوە، هەوڵیشمانداوە لەگەڵ گواستنەوەی دەنگی خۆپیشاندەراندا، دەنگی حكومەتیش بگوازینەوەو چونكە ناكرێت یەك لایان بگوازیتەوە. بینەرو بیسەریش خۆی بڕیاردەدات كە روماڵەكە چۆن بوە. بەڵام هەندێك كەسیش هەیە روداو هەرچی بكات، ئەو هەر رەخنەی لێدەگرێت.”
لەبارەی سەرنج خستنە سەر پەرلەمانتارێكیش لە‌خۆپیشاندانێكی هەزاران كەسیدا ئەو وتی”ئەوە روماڵێكی فراوان بوەو روداو كاتێك كەیسی ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی كردۆتە بابەت هەر لەو روماڵەدا قسەی دەیان خۆپیشاندەریشی گواستۆتەوە. بەڵام كاتێك لەنێو ئەو خۆپیشاندانانەدا پەرلەمانتارێك هەیە هاوار دەكات پەیامنێرەكەش مافی خۆیەتی لێی بپرسێت تۆ بۆ لێرە هاوار دەكەیت‌و چیت دەوێت‌و واتە لەڕوماڵەكەدا ئەوە كەیسێكە لەكەیسەكان. بە‌یەك كەیسیش روماڵەكە هەڵناسەنگێنرێت‌و هیچ روماڵێكیش پێرفێكت نییە.”

ئا: نیاز محەمەد-ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە