وەزارەتی پلاندانان ئاشکرای کرد؛ ژمارەی دانیشتوانی عێراق (38) ملیۆنی تیپەڕاندوە و زۆرینەی دانیشتوانی عێراق ژن و منداڵن و کەمترین رێژەش تەمەنیان (80) ساڵی تێپەڕاندوە.
رێژەی نێر و مێ
ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری دانیشتوانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد؛ ساڵی (2018) ژمارەی دانیشتوان (38) ملیۆن کەسی تێپەڕاندوە و لەو رێژەیەش (19) ملیۆن و (261) هەزاریان لە رەگەزی مێینەن و (18) ملیۆن و (863) هەزار کەسیان لە رەگەزی نێرینەن.
شارنشین و لادێ نشین
وەزارەتی پلاندانان بڵاوی کردەوە؛ (26) ملیۆن و (630) هەزار کەس لە دانیشتوان عێراق کە دەکاتە رێژەی (70%) لە شارەکاندا نیشتەجێن و (11) ملیۆن و (500) هەزار کەسیش لە دانیشتوان لە گوندەکاندا دەژین.
منداڵ زۆرینەیە
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد؛ منداڵانی تەمەن خوار (14) ساڵ زۆرترین رێژەی دانیشتوان پێکدەهێنن و ژمارەیان گەیشتوەتە (15) ملیۆن و (500) هەزار کەس، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی ریژەی دانیشتوان لە ساڵی (2018)دا
بەپێی ئامارەکە، رێژەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ گەیشتوەتە پێنج ملیۆن و (594) هەزار کەس و دوای ئەوانیش منداڵانی تەمەن (5-9) ساڵ ژمارەیەک گەیشتوەتە پێنج ملیۆن و (200) هەزار کەس و تەمەن (10-14) ساڵیش رێژەیەکەیان گەیشتوەتە چوار ملیۆن و (600) هەزار کەس.
وەزارەتی پلاندانان ئاشکرای کردوە مێردمنداڵ و گەنجانی تەمەن (15-39) ساڵ لە پلەی دوەمی ژمارەی دانیشتواندا دێن و ژمارەیان (15) ملیۆن و (240) هەزار کەسە، بەجۆرێک کەسانی تەمەن (15-19) ساڵ رێژەکەیان چوار ملیۆن کەس و دوای ئەوانیش تەمەن (20-24) ساڵ، رێژەکەیان سێ ملیۆن و (530) هەزار کەسە.
هەرچی گەنجانی تەمەن (30-34) ساڵە ژمارەیان دو ملیۆن و (560) هەزار کەسن و تەمەن (35-39) ساڵەکانیش رێژەیان گەیشتوەتە دو ملیۆن و (250) هەزار کەس.
تەمەن (40-59) ساڵ
بەپێی ئامارەکە، کەسانی تەمەن (40-59) ساڵ لە عێراقدا، ژمارەیان پێنج ملیۆن و (650) هەزار کەسە، بەجۆرێک کەسانی تەمەن (40-44) ساڵ ژمارەیان دو ملیۆن کەس و تەمەن (55-59) ساڵ رێژەکەیان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە، هەرچی تەمەن (50-54) ساڵە ژمارەیان (992) هەزار کەسە.
سەرو (60) ساڵ
بەپێی ئاماری دانیشتوانی ساڵی (2018)، کەسانی تەمەن (60) ساڵ و بەسەرەوە کەمترین رێژە پێکدەهێنن و ژمارەیان یەک ملیۆن و (899) هەزار کەس و لەو رێژەیەش یەک ملیۆن و (189) هەزار کەسیان تەمەنیان (60-69) ساڵ و (471) هەزار کەسیش تەمەنیان (70-79) ساڵە.
عێراقییەکان ناگەنە تەمەنی پیریی
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان (80) ساڵ و بەسەرەوەیە کەمتر لە (237) هەزار کەسە، بەوەش بەپێی ستاندارە دیمۆگرافییەکان، عێراق کۆمەڵگەیەکی گەنج و چالاکە لە روی ئابورییەوە و زۆرترین رێژەی دانیشتوانی تەمەنیان (15-69) ساڵە کە بە هێزی کار و ئابوریی دەناسرێن.