ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، سورن لەسەر داواکانیان و بەردەوام دەبن.
رۆژی دووشەممە 26ی ئاداری 2018 ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، چوار ساڵە موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هۆی بڕیاری نایاسایی پاشەکەوتی موچەوە، ژیانێکی سەخت دەگوزەرێنن.
هەر لە بەیاننامەکەیدا هاتووە، سەرەڕای گردبوونەوەی چالاکانی مەدەنی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و کرداری بۆ گێڕانەوەی موچەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە نەگرتووەتەبەر.
هەر لە بەیاننامەکەیدا ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە داوایکردووە هەرچی زووتر بڕیاری پاشەکەوتی موچە هەڵبوەشێتەوە و حکومەتی هەرێم لە داهاتی فرۆشی نەوت و باج و ڕسومات و هەروەها ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا دەینێرێت، موچەی سەرجەم موچەخۆران بە تەواوەتی بدات.
لە بەیاننامەكەدا باسیش لەوەكراوە كە، “تا سیستەمی پاشەکەوتی موچە بە زووترین کات هەڵنەوەشێتەوە، ماندوو نابین و بۆ مافە ڕەواکانمان بەرپرسیارانە و شارستانیانە و بە شێوازی جیاواز، لە چالاکی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوام دەبین”.