دادپەروەری کۆمەڵایەتی بیرۆکەو بابەتگەلێکی بنەڕەتیە، کە ڕێخۆش دەکات بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ناو یەک وڵات و کۆمەڵگاکەی، لەتەک دابینکردنی یەکسانی و دادپەروەری، ئەبێتە ھۆی گەشەسەندن و نەشونمای کۆمەڵگە و پێشکەوتنی لەسەرجەم بوارەکاندا، بێگومان ئامانج لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕەخساندن و دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە شانازی و شەرافەتمەندیە بۆ تەواوی ھاوڵاتیانی وڵات، لەژێر سایە و سێبەری دەستوور و یاسادا .
دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەم پایە گرنگانە پێکھاتووە :
(یەکسانی و دابینکردنی ھەلی کار بۆ گشت پێکھاتەکانی ناوخۆی وڵات و ئارامی و ئاسایش و ژیانی پڕ لەشکۆو ڕێز و گشت پێداویستیە سەرەکیەکانی ھاوڵاتی وەکو خۆراک و شوێنی حەوانەوەو تەندروستی و پەروەردەو فێرکردن و خۆشبەختی و مافی مرۆڤ و …. تاد ). ئەوانەی ناو کەوانەکە بە سیاسەت و ئیدارەدانی ورد و بەسەلیقەو حەکیمانە، دەتوانرێ دابینبکرێ !
لەخوارەوە ئاماژە بە تێڕوانینی فەیلەسوفی ناوداری ئەمریکی ( جۆن ڕۆڵس ) ئەکەین کە تیشکی خستۆتە سەر چەمکی ( دادپەروەری کۆمەڵایەتی ) لە تێوری ( یەکسانی دابەشکردن ) وەکو فەلسەفەیەکی ئەخلاقی و سیاسی کە ئەڵێ ( ھەموو تاکێک لەنێو کۆمەڵگادا، ئەبێ ھەست بە یەکسانی بکات، بە جۆرێک بێ جیاوازی بۆ گشت دەستەو پێکھاتەکانی ناو کۆمەڵگاو خێزانەکان دەستەبەر بکرێ ) ھەروەھا ( ڕۆڵس ) دیسان ئاماژە بە چەمکی ( ئازادی ) ئەکات و ئەڵێ ( کە یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافێکی بێ ئەملاو ئەولای بنەڕەتی مرۆڤایەتیە، ئەگەر نەبێ ئەوا دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەنگەو ھەرگیز ناچەسپێنرێ، ھەر بۆیە چەمکی مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ھاوجووت و تەواوکەری یەکترین .
دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی گشتی خۆی لەتەک سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری دا دەبینێتەوە، کە ئامانجی لابردن و کەمکردنەوەی جیاوازییە ئابوورییەکانە لەنێو چینەکانی یەک کۆمەڵگادا، لەبەرئەوە پێویستە کاربکرێ بۆ دابینکردنی مامەڵەیەکی یەکسان و دادپەروەر لە دابەشکردنی خێرو بێری وڵات بەسەر دانیشتوانەکەیدا، ئەوەش لەپێناو ڕێگرتن لە ھەژاری و کەم دەرامەتی و خراپ بەکارھێنانی سامانی ناوخۆی وڵات .
رەگەزە دیارەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی :
١. خۆشویستن و ڕێزگرتن لەناو تاکەکانی کۆمەڵگە، بەچەشنێ کەس ھەست بە کەمی پایەو بەرزی پایەی ئەوی تر نەکات، واتە چۆن بەلاتەوە گرنگە ڕێزگیراو و خۆشەویست بی، ئەبێ بۆ بەرامبەرەکەشت ھەروابێ.
٢. پاراستن و ھێنانەدی کەرامەتی مرۆڤ .
٣. دابینکردنی یەکسانی و دڵنیایی و ئارامی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا .
ئەو ڕێگریانەی ( لەمپەرانەی ) ڕووبەڕووی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئەبنەوە :
١. نەبوونی ( ئازادی ) و تەشەنەکردنی زوڵم و ستەم و گەندەڵی و لایەنگیری .
٢. جیاوازی کردن لە دابەشبوونی ( خێرو بێری ) وڵات، لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی بێ یان نیشتیمانی، بەجۆرێ کە جیاوازی لە نێوان ڕەگەز و نەتەوەو نەژاد و لایەنگیر و …. تاد بکرێ .
٣. جیاوازی کردن لە دابەشبوونی بەرووبووم و کەرەستەو موڵکایەتی، وەکو شوێنی نیشتەجێبوون و زەوی و زارو ڕێگاوبان و ھەلی کار لە نێوان خەڵکدا .
٤. جیاوازی کردن لە دابینکردنی ھەلی خوێندن و خزمەتگوزاری کەرتی پەروەردەو فێرکردن .
٥. جیاوازی کردن لە دابەشکردنی خزمەتگوزاری بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی .
ڕێگای بەدیھێنانی ( دابینکردنی ) دادپەروەری کۆمەڵایەتی :
١. بڵاوبوونەوەی ھوشیاری ( ئاگایی ) لەبواری دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵک دا، ئەوەش یان لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، یان لە ڕێگەی بەکارھێنانی ئامراز و ھۆکاری تری پەیوەندی کۆمەڵایەتی .
٢. گوێگرتن لە کەسانی ترو زانین و خوێندنەوەی بیرو بۆچونی، لەھەمان کاتدا ڕێزلێگرتنی .
٣. پشتگیری لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە داکۆکی لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئەکەن، لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و کۆنفراسەکانەوە .
٤. خۆتەرخانکردن لە ڕێگەی کاری خێرخوازی و مرۆڤایەتی جۆراو جۆر، کە خزمەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئەکات .
٥. قەبوڵکردنی یەکتر، لەکاتی ھەڵس و کەوت کردن لەتەک کەسانی جیاواز لە ڕەگەز و ئاین و کەلتوور و فکر، ئەوەش لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی .
دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان
بەداخەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان دا لە ئاستێکی نزمدایە و جیاوازی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا، وەک ئاسمان و زەوی وایە! بەتایبەتی لە ناو شەریحەی بەرپرس و دەسەڵاتدارەکان، کە ھەندێکیان بوون بە بازرگانیش، ئەوانە سواری کەشتی ئەم گەلە بوون و لەگەرم ئەخۆن و لەنەرم ئەنوون، لە ھەموو تەمەنیاندا گیرفان بەتاڵی و قەرزاری و نەداریان نەچەشتووە، جا کەسانی خواپێدراو و دەوڵەمەند و قاسەپڕ، دەگمەنیان نەبێ ئەودوای لە حاڵ و گوزەرانی چینی خوارو ھەژار تێناگا و نازانێ بۆ پەلەقاژێیانە! وا ئەزانن خودا بۆ خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی و ڕابواردن ئافراندویانێتی، لە کاتێکدا زۆربەیان چارەنووس و ئاقیبەتی گەلێکیان لەدەستدایەو ھەر وەکو ستێرنی کەشتیەکە بە عەقڵ و ئاوەزی خۆیان، چۆنیان ویست وا ئەیبەن و ئەیھێنن، بڕیارو گەڕان و دەست ماچکردنەکانیان تەنھا لە بەرژەوەندی خۆیانەو چاویان لە داھاتووی مناڵ و مناڵزای خۆیانە، ئەوەندە نا عادیل و نا یەکسانن، وەک ڕەش و سپی ھەست پێئەکرێ . لەولاشەوە زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان گیرۆدەی دەست کۆمەڵێک مافیاو پارە خۆری مفت و حەرام خۆر و خاکفرۆش بوون، کە بەدەردی دەواری بەردەم بایان لێھاتووە، شڕو شاتاڵ و بێ دەرەتان بوون، ئەو خێرو بەرەکەتەی خودا بە مرۆڤی بەخشیوە لەسەر زەوی، لە ووشکیوە بۆ تەڕییەکەی گشتی لەلایەن ( سیاسی و بازرگانەکان ) ەوە ئەبرێ و بزر ئەکرێ . لەساڵانی نەوەدەکان، پاش ڕاپەڕین ھەرچی بابەتی وشکە ھەبوو ( ئاسن و شووشە و فافۆن و پلاستیک و .. ھتد ) بەتاڵان براو خۆیان وتەنی ئاودیو ئەکرا ! دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەوجا دەستیان کرد بە کوروزانەوە لە ئەم و ئەو بۆ ئەوەی سەنتێ زیاتریان دەست کەوێ، لەو لاشەوە نیوەی خاکیان کردە گەڕووی شێرا.
لە ھەرێمی کوردستان بایەخ بە کەرتەکانی ( پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتیاری ) نەدراوە، کە ھەلی کار بۆ خەڵک ئەڕەخسێنێ، تا پارەیان لە بەغداوە بۆ ئەھات بە بێ پلان و بەناشەرعی سەرف ئەکراو لێی ئەخورا، دوای بڕیاری نازانستی و نامەنتقی ( خۆماڵیکردنی نەوت ) ەکەی کاک نێچیرو ئاشتی ھەورامی، ئیدی غەزەبی بەغدا بەسەرمانا باری و گڵۆڵەی حکومەتی ھەرێم تاکو ئێستەش لێژ ئەبێتەوە ! جا کورد گوتەنی وەختێ خوا غەزەب لە میروولە بگرێ، دوو باڵی پێئەدا، ھەر کە فڕی باڵدارەکان ئەیکەنە نێچیری خۆیان.. ئەلحەق ئێمەش دوای ڕیفراندۆم کراینە نێچیر و دادپەروەری کۆمەڵایەتیش لە ھەبوونی ئارامی دا گەشە ئەکات، لە غیابیشیدا گەندەڵ و مفتە خۆرەکان دەبنە براوەی یەکەم و میللەتیش ھەر چاوە زرتێ ئەکا .