ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی (هیومان رایتس وۆچ) دەڵێت، وادەردەکەوێت تورکیا لە بەشێک لە هێرشەکانی لە عەفرین دەستی لە هاوڵاتیانی مەدەنی نەپاراستبێت.
رێکخراوەکە باسی لە سێ هێرشی تورکیا کردووە، کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو ئەنجامیداون و بەهۆیانەوە ٢٦ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون، کە ١٧یان منداڵن.
لاما فەقێ جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت “پێدەچێت بەهۆی شێوازی هێرشەکانی تورکیاوە، هاووڵاتیانی مەدەنی ڕووبەڕووی کوشتن و ئاوارەیی ببنەوە، تورکیا رێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هێرشەکانی نەبنە قوربانی.”
هەروەها رێکخراوەکە بە بەڵگەوە باس لەو سێ هێرشەی تورکیا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە عەفرین دەکات و دەڵێت، لە نیوەڕۆی ٢٨ی مانگی رابردوو، سوپای تورکیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا چوار بۆمبی بەسەر کۆمەڵێک خێوەتدا بەرداوەتەوە، کە لە ناوچەیەکی نزیک گوندی کوبلە خێزانێکی تێدا ژیاوە، بەوتەی شایەتحاڵان لە هێرشەکەدا ٨ مەدەنی کوژراون، پێنجیان منداڵن.
عەبدوڵا کەنو کە لە هێرشەکەدا رزگاری بووە، قسەی بۆ ڕێکخراوەکە کردووە و دەڵێت “لە نێو خێوەتەکەوە گوێیان لە دەنگی فڕۆکە بووە، دواتر یەکەم بۆمب لە نزیکیان کەوتووەتە خوارەوە و زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی بەرکەوتووە، منداڵە بچوکەکەمان چوار مانگ بووە، مێشکی کەوتە ناو دەستم، منداڵەکانی ترم یان بەکوژراوی یان بەبرینداری لە چواردەورم کەوتبوون”.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ٢٧ی مانگی رابردوو سوپای تورکیا ماڵێکی لە ناوچەی معبتڵی لە سنووری عەفرین کردووەتە ئامانج، ٧ ئەندامی خێزانێکی ئاوارە شەهیدبوون، لەم هێرشەشدا، هیچ شەڕڤانێک شەهید نەبووە.
چالاکێکی مەدەنی کە سەردانی شوێنی بۆردومانەکەی کردووە، دەڵێت “سێ هاوەن بەسەر خانووەکانی ئەو ناوچەیە بەربووەتەوە، یەکێکیان راستەوخۆ بەر ئەو خانووە کەوتووە کە خێزانێکی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بووە”.
رێکخراوەکە دەڵێت، نێردراویان چووەتە شوێنی بۆردومانەکە و وێنەی ئەو زەرەر و زیانەیان گرتووە کە بەهۆی بۆردومانەکەوە دروستبووە، هەروەها هیچ پێگەیەکی سەربازی لەو ناوچەیە نەبینیوە.
لە دوای ئەو بۆردومانە، تیمەکانی فریاگوزاری لە رۆژی یەکەمدا چوار تەرمیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، لە رۆژی دواتریش دوو تەرمی تر، یەکێک لە بریندارەکان کچێکی تەمەن ١٩ ساڵی ئەو خێزانە بووە، کە برینێکی سوکی هەبووە، بەڵام کاتێک لە گیانلەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی ئاگاداریان کردووەتەوە، جەڵتەی دڵ لێی داوە و ئەویش گیانی لەدەستداوە.
لە سێهەمین رووداو و لە ٢١ی مانگی رابردوو، لە کاتژمێرەکانی نیوەڕۆدا سوپای تورکیا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کێڵگەیەکی پەلەوەری لە جلبول لە رۆژهەڵاتی عەفرین ئەنجامداوە، لەو هێرشەدا ١١ مەدەنی شەهیدبوون، منداڵیان تێدابووە، چەند شایەتحاڵێک قسەیان بۆ رێکخراوەکە کردووە و تەئکیدیان لەوە کردووەتەوە، لەو ناوچەیە هیچ پێگەیەکی سەربازی لێ نەبووە.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوەکە دەڵێت، بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە مانگی دەستکردەوە دەستیکەوتووە، خەندەقێکی درێژ لە لای چەپی کێڵگەکە هەبووە.
هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، تائێستا ١٢٥ هەزار کەس لە عەفرین ئاوارە بوون.
سەبارەت بەو رووداوانەش رێکخراوەکە دەڵێت، لە ٢٦ی مانگی رابردوو پەیوەندییان بە وەزیری بەرگری تورکیاوە کردووە بۆ ئاگاردارکردنەوەی لەو رووداوانە، بەڵام وەڵامی نەداونەتەوە.
هەروەها بە پێویستیشی دەزانێت تورکیا لێکۆڵینەوەی فراوان لەو بۆردومانانە ئەنجامبدات و ئەنجامەکەی بڵاوبکاتەوە، هەروەها زیانلێکەوتوان قەرەبووبکاتەوە و تاوانباران سزا بدات.