ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین جەنگی ناوخۆیی سوریای خستە قۆناغێکی ترەوە و بارودۆخەکەی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە ئاڵۆزتر کرد و ئاسۆی کۆتایی هاتنی جەنگی حەوت ساڵەی ئەو وڵاتەی نا رۆشنتر کرد، ئەمە سەرەرای ئەوەی تورکیا بە دەستپێکردنی ئەم ئۆپراسیۆنە چەندین هەڵەی ستراتیژی ئەنجامدا کە کاریگەری نەرێنی بۆ خودی ولاتەکە بۆ چەندین ساڵ جێدەهێڵێت. لەم ڕاپۆرتە شیکارییەکدا، هەوڵدەدەین باس لەو هەڵە ستراتیژییانە بکەین کە سوپای تورکیای توشی شکستێکی ڕانەگەیەندراو کردووە و لەماوەی سێ هەفتەدا نەیتوانیوە بستێک پێشڕەوی بکات، میدیاکانی جیهان بە تەنزەوە باس لە توانای سەربازی تورکیا دەکەن، ئەمەش جۆرێک لە شەرمەزاری بۆ سوپای تورکیا دروستکردووە.
گرنگترین هەڵە ستراتیژییەکانی تورکیا
وەک دەزانین تورکیا لە ٢٠ی کانونی دووەمدا، ئۆپراسیۆنێکی بۆ داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لە ژێر ناونیشانی ( چڵە زەیتون)دا دەستپێکرد، تورکیا لەو باوەرەدا بوو کە لە ماوەی سێ رۆژ بۆ هەفتەیەک عەفرین داگیر دەکەن و هەموو شتێک بە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی دێت، بەڵام بە سەیرکردنی ئەو جەنگە دەردەکەوێت کە تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەدا چەندین هەڵەی گەورەی ئەنجامدا و نەک بۆ سودی خۆی نەشکایەوە ،بەڵکو پێچەوانە بووەو و زیانێکی گەورەی لە سوپا و ناوبانگی خۆی دا کە لێرەدا هەندێکیان باس دەکەین.
یەکەم: پەیوەندی داعش و تورکیا تۆختر بووەوە: لە سەرەتای سەرهەڵدانی گروپی تێرۆرستی داعشەوە، گومانەکان لەسەر پەیوەندی داعش و ئەم وڵاتە بووە باسی رۆژنامەکان، بەڵام بە شەری عەفرین تورکیا ئەم گومانەی لەسەر خۆی تۆختر کردەوە، ئەمیش لە دوو رەوەوە، یەکەمیان شەری دژی لایەنێک کرد کە شەری داعش دەکات و بەمەش فشارەکانی سەر داعشی کەمکردەوە، دووەمیشیان تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکەدا پشتی بە چەندین گروپی توندرەو بەست کە فکرو بیریان وەک داعشەوە، تەنانەت رۆژنامەیەکی بەناوبانگی وەک ئیندیپێندنتی بەریتانی لە هەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد کە چەندین چەکداری داعش شانبەشانی سوپای تورکیا لە عەفرین دەجەنگن، ئەمەش گومانەکانی لەسەر تورکیا تۆختر کردەوەو کە هاوکاری گروپە توندرەوەکان دەکات.
دووەم: تورکیا لەسەر زاری رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆمار و بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیران هەمیشە وەک هەرەشە باسیان لە هێرشی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکرد، ئەمەش وەک هەرەشەیەک دژ بە ئەمریکاو ئێران و سوریا و روسیا بەکاریان دەهێنا، بەڵام دوای ئۆپراسیۆنەکەو لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ، کە ئەگەرێکی زۆر نزیکە، ئەوە تورکیا ئەو کارتە لەدەستدەدات و چیتر ناتوانێت وەک جاران باس لە دەستوەردان بکات، تاقە شتێک کە لە دەستی مابێت وتوێژی دیبلۆماسیە، ئەم هەوڵەش دوای شکستی سەربازی کارتێکی سوتاوە.
سێيەم: پەنابردنی تورکیا بۆ گروپە توندرەوەکان هەلەیەکی تری ستراتیژی تورکیا بوو، چونکە ئەم گروپانە کە خۆیان لە بەناو سوپای ئازاد کۆکردۆتەوە لە ناوخۆی سوریادا شکستیان هێناو دوای شەهید بوونی سەدان هەزار هاوڵاتی رەفتارەکانیان وایکرد کە لە ناوخۆدا وەک بەدیلی رژێمی سوریا پێشوازیان لێنەکرێت، هێشتا بوونی ئەسەد لە بوونی ئەوان بە باشتر دەزانن، لە دەرەوەش نەک وەک بەدیلی رژێمەکەی سوریا سەیر ناکرێن، بەڵکو وەک گروپێکی تێرۆرست و یاخی سەیر دەکرێن، بەمەش ئەم گروپانە لە ناوخۆ و دەرەوەدا کەنارگیر کراون، پەنا بردنی تورکیاش بۆیان هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بوو، چونکە ئەوان هەڵسوکەوتێک ئەنجام دەدەن کە ناوبانگی تورکیاش لەکەدار دەکەن، باشترین نمونەش بۆ ئەمە، سوکایەتی کردنیان بە تەرمی شەرڤانی رۆژئاوا( بارین کۆبانی) بوو کە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها لە چەند گوندێکی دەوروبەری عەفرین ئاستیان هێندە دابەزی کە پەنایان بۆ دزینی قەل و مریشک و قاز برد، بەمەش ئەم گروپانە لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی داماڵران، هەموو کارەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر تورکیاش حسابە.
چوارەم: لاساری تورکیا و بەتایبەتی ئەردۆگان، لەبەرامبەر ئاگادارکردنەوەکانی ئەمریکا، هەڵەیەکی دیکەیە، تورکیا جاری یەکەم نیە، پێچەوانەی ستراتیژی ئەمریکا هەنگاو دەنێت، بە ڕێکەوتنی لەگەڵ ڕوسیا و ئێران، بەکرداری لە هاوپەیمانی ئەمریکا هاتەدەرەوە، ئێستاش لەگەڵ یەکەمین هاوپەیمانی ئەمریکا کە کوردەکانن لە سوریا لە جەنگدایە، سەرباری ئەوەی دوای ئۆپەراسیۆنی عەفرین هەوڵی داگیرکردنی مینبج دەدات، ئەمەش بەنیسبەت ئەمریکاوە کارتی سورە، بۆیە ناواقیعی نیە ئەگەر ئەمریکا ژێر بەژێر یارمەتی یەپەگە بدات بۆ ئەوەی تورکیا پێشڕەوی نەکات.
پێنجەم: لەهەموو ئەمانە خراپتر بۆردومانکردنی عەفرینە بە شێوەیەکی کوێرانە، بە ڕۆکێت و تانک و بۆمبی قورس، ڕۆژانە ٢٠ جار زیاتر بە خەستی بۆردومانی دەوروبەری شارەکە دەکەن، لە ئاسمانیشەوە بە فڕۆکەی F16 کوێرانە بۆردومان دەکەن، بەم شێوەیە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە ١٥٠هاوڵاتی مەدەنی بوونەتو قوربانی و ٣٨٦ ی دیکەش بریندارن، ئەمانە هەڵەی ستراتیژی تورکیان، بۆدەگدانەوەی ناوخۆیی نێودەوڵەتی.
لێکەوت و کاردانەوە نەرێنییەکان
یەکەم: سوپای تورکیا لە داتاکاندا بەهێزە و لە مەیداندا لەشکستدایە، سوپای تورکیا یەکێکە لە سوپا بەهێزەکانی جیهان و رۆژهەلاتی ناوەراست،لە جیهاندا لە رووی بەهێزییەوە پلەی ( (8 ی وەرگرتوە و دوای ئەمریکاش دووەم هێزی ناتۆیە کە چەندین چەکی پێشکەوتووی هەیە ، سوپای ئەو وڵاتە لە 410.500 سەرباز و 3.778 تانک و 1.930 فرۆکەی جەنگی و 275 کەشتی دەریایی پێکدێت، بەڵام ئەم هێزە لەبەرامبەر شەرڤاناندا نەیتوانیوە پێشرەویەکی ئەوتۆ بکات و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەرکەوت، ئەم شکستەش ناوبانگی سوپای تورکیای لەکەدار کرد.بەڵام بە پێی داتا بڵاوکراوەکانی شەرفانان بێت، سوپای تورکیا لە شکستێکی گەورەدایە، تا ئێستا تا ئێستا زیاتر لە ٣٧ تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سەربازیى سوپاى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێنراونەتەوە و ٧٨١ سەرباز و چەکدارى تورکیاش کوژراون، بەڵام تەنیا ٧٠ شەرفان شەهید بوون.
دووەم: هێرشی تورکیا لە عەفرین کاردانەوەی ناوخۆیی تورکیا لێکەوتەوە، هەر زوو دەنگی نارەزایی بەرزبوەوەو سەندیکای پزیشکان و پارێزەران دژ بەم جەنگە هاتنە سەر خەتو نارەزایان دەربری، تورکیاش وەک هەمیشە بە زیندانی کردن و پێشێلکاری وەڵامی دانەوە کە ئەمەش کارێکی خراپە بۆ دیموکراسی و دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
سێيەم: لە رووی سیاسیەوە تورکیا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەل وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە، بە هێرش کردنە سەر عەفرینیش پەیوەنیەکانی لەگەڵ ئەمریکا، سوریا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، چەندین وڵاتی تر ئاڵۆزتر کرد کە ئەمەش نزیک بۆتەوە لەوەی کە تورکیا ببێتە وڵاتێکی دابڕاو لە وڵاتانی جیهانی. سەرباری ئەوەی پێدەچێ ڕوسیا و ئێرانیش بە مەبەست تورکیایان خسبێتە ئەم جەنگەوە، بۆ ئەوەی تورکیا و ئەمریکا زیاتر دژی یەکتر هانبدەن، سەرباری ئەوەی ئێران ناڕەزایی خۆیی دەربڕی لەم هێرشانەی تورکیا و ڕوسیاش بە مەرجی قورس بوار بە فڕۆکەکانی تورکیا دەدات بە سەر ئاسمانی عەفرینەوە بۆردومان بکەن.
چوارەم: تورکیا ئاشتی سوریای ناوێت و دۆستی گەلانی سوریا نیە: بە دەستپێکردنی شەر بۆ سەر عەفرین ئاڵۆزییەکانی سوریا زیاتر بووە، عەفرین کە ناوچەیەکی ئارامی ئەو وڵاتە بوو ئەویش بووە ناوچەیەکی ئاڵۆز و رووبەری ئاڵۆزییەکانی فراوانتر کرد، ئەمەش والێکدرایەوە کە تورکیا حەز بە ئارامی سوریا ناکات، یان ڕاسترە بڵێین وستی تێکدانی سەقامگیری سوریایە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی زیاتر وەگیر بخات کە تائێستا وەک شکستخواردوو دەردەکەوێت، هەروەها لە عەفرین چەندین هەزار ئاوارەی لێیە کە ژمارەیان زیاترە لە 500 هەزار ئاوارە لە هەموو نەتەوەو ئاینەکانی سوریا،تورکیا ئەمەشی لێتێکدان، بۆیە چیتر ناتوانرێت تورکیا وەک دۆستی گەڵانی سوریا سەیر بکرێت.
پێنجەم: شەری عەفرین دۆخی ئابووری تورکیای خراپتر کرد، چونکە جەنگ وەک هەمیشە پێویستی بە خەرجیەکی زۆرە، تورکیاش هێشتا ئەو ئابورییە بەهێزەی نیە کە بتوانێت جەنگێکی درێژخایەن بەڕێوەببات، هەروەها ئابووری تورکیا زیاتر پشت بە گەشتوگوزار دەبەستێت لە ئەگەری تێکچوونی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کەرتی گەشتیاری پاشەکشە دەکات و ئەمەش واتەی کەمبوونەوەی داهاتیی ئەو وڵاتەیە.
دەرئەنجام
ئەنجامی ئۆپراسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین لەكەداربوونی توركیای لێدەکەوێتەوە، بەشێوەیەك ئێستا توركیا وەك داگیركەرێك ناوزەند دەكرێت،چونكە سەروەری وڵاتێكی تری بەزاندووەو رەزامەندیشی وەرنەگرتووە، لەوەش خراپتر هێشتا توركیا نەیتوانیوە ئۆپراسیۆنەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبێنێت، بەڵكو هێشتا بەردەوامی هەیە و رۆژانە توركیا بە گیان و خەرجیەكی زۆر باجی ئەو جەنگە دەدات، لەلایەكی تریشەوە ئۆپراسیۆنی سەر عەفرین توركیای لە دیموكراسی و مافی مرۆڤ چەند هەنگاوێك هێنایە دواوە، چونكە لە ناوخۆدا هەر كەس و لایەنێك دژایەتی ئەم كارەیان كردبێت بە توندترین شێوە وەڵامدرانەوە ، بەشێوەیەك كە هەڵسوكەوتەكانی حكومەتی توركیا تەواو پێچەوانەی هەموو پرەنسیپێكی دیموكراسی و مافی ئازادی رادەربرین بوو، لە دەرەوەش دۆست و هاوپەیمانەكانی نائومێد كرد، چونكە كارەكانی توركیا یەكانگیر نیە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەكان، كەواتە توركیا لەم ئۆپراسیۆنەیدا كەوتە هەلەیەكی گەورەوە كە زیانێكی زۆری لە بوراەكانی سەربازی و سیاسی و ئابوری و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی كرد.
گۆران قادر احمد
بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی
ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان