سه‌نته‌رێكی تۆژینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه به‌وه ده‌كات هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران‌و عێراق كه‌مبارانترین‌و وشكترین ساڵ به‌رێده‌كه‌ن، كه پایزی 2017و مانگێكی زستانی 2018 له‌كه‌می رێژه‌ی بارانباریندا ریكۆردی شكاندوه، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی ئاوی دوكانیش ده‌ڵێت “چه‌ندین كانیاوو سه‌رچاوه‌ی ئاو وشكیان كردوه‌و ده‌یان گوند به‌تانكه‌ر ئاویان بۆ ده‌چێت”.
لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی ئاوی دوكان، مه‌حمود محه‌مه‌د مه‌حمود به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند ئه‌و وشكه‌ساڵیه‌ی كه كوردستان‌و ناوچه‌كه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاوی سه‌ر زه‌وی‌و ئاوی ژێر زه‌ویش هه‌بوه، به‌مه‌رجێك ناوچه‌ی دوكان به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئاو داده‌نرێت له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و وتی “ئاوی ژێژ زه‌وی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می كردوه، ئێستا له‌سنوری ئێمه‌دا چه‌ندین كانیاوو سه‌رچاوه‌ی ئاومان هه‌ر نه‌ماون‌و ده‌یان گوندیش كێشه‌ی كه‌مئاویان هه‌یه‌و به‌تانكه‌ر ئاویان بۆ ده‌ڕوات، چونكه سه‌رچاوه‌ی كانیاوه‌كانیان نه‌ماوه”.
وتیشی “رێژه‌ی ئاوی به‌نداوی ده‌ریاچه‌ی دوكان نزیكه‌ی دو مه‌تری ستونی كه‌متره له‌رێژه‌ی ساڵی رابردو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه ئاوه‌ی دێته به‌نداوی دوكانه‌وه كه‌متره‌و وه‌ك جاران نه‌ماوه‌و كه‌می كردوه”.
ناوبرا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه جگه له‌وشكه‌ساڵی، دروستكردنی به‌نداویش له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه له‌سه‌ر زێی بچوك كاریگه‌ری كه‌می زیاتر كردوه، چونكه رێژه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ده‌ریاچه‌ی دوكان له‌ناوخۆدا ته‌نها 30%و 70%ی له‌ئێرانه‌وه دێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه به‌پێی تۆژینه‌وه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی دراوه‌كانی مانگی ده‌ستكردی ئه‌ندازه‌یی گرانشی ناساوه ئه‌نجامدراوه، ده‌ركه‌وتووه چه‌ند به‌شێكی گه‌وره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست عه‌مبارو سه‌رچاوه‌كانی ئاوی شیرینی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌ره‌و قه‌یرانی كه‌مئاویی‌و تینوێتی ده‌چن.
لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی ئاوی دوكان ئاماژه به‌وه ده‌كات به‌پێی لێكۆڵینه‌وه زانستی‌و جیلۆجییه‌كان‌و ئه‌زمونی خۆشیان ده‌ركه‌وتوه له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردودا ته‌نها له‌ساڵی 2016دا رێژه‌یه‌ك باران باریوه كه ستاندارد‌و نۆرماڵ بوبێت، ئه‌گینا له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردودا رێژه‌ی باران بارین ستاندار نه‌بوه‌و به‌و ئه‌ندازه‌یه نه‌بوه كه خاك پێویستی پێیه‌تی، ئه‌و وتی “ئێستا ئاوی ژێر زه‌وی هه‌رێمی كوردستان 40% كه‌می كردوه”.
وتیشی “له‌داهاتودا ناوچه‌كانی عێراق به‌ره‌و به‌بیابان ده‌ڕوات”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌م ناوچه‌یه ئێستا رووبه‌رشووی كه‌م ئاوی‌و وشكه‌ساڵی‌و بێبارانی‌و ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی چه‌ند وڵاتێك له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ئاو بۆته‌وه‌و له‌م نێوه‌شدا ئه‌ركی هه‌رێمی كوردستان قورس‌تر بوه، ئه‌و وتی “شه‌ڕی ئاو له‌هه‌مو شه‌ڕه‌كان قورستره، بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم به‌رچاورونی هه‌بێت بۆ دروستكردنی به‌نداو‌و گلدانه‌وه‌ی ئاوی شیرین”.
وتیشی “دوژمنه‌كانمان نه‌ك هه‌ر شه‌ڕی سیاسی‌و سه‌ربازی‌و ئابوریمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ئاینده‌دا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شه‌ڕی ئاویش له‌دژمان، به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی 60% تا 70%ی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی كوردستان له‌ده‌ره‌وه دێن‌و ده‌ڕژێنه خاكی هه‌رێمه‌وه”.
هه‌رچه‌نده به‌نداوی دوكان له‌ڕووی بڕی گل دانه‌وه‌ی ئاوه‌وه، سێهه‌م به‌نداوه دوای به‌نداوی موسڵ‌و حه‌دیسه له‌ئاستی عێراقدا‌و یه‌كێكه له‌پڕۆژه ستراتیجیه گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ده‌ستوری عێراقی له‌دو ماده‌یدا سه‌رچاوه ئاویه‌كان‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌كارهێنانیان‌و دابه‌شكردنیانی ته‌نها به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی یاخود به‌هاوبه‌شی حكومه‌تی ناوه‌ندی‌و هه‌رێم‌و پارێزگاكان سپاردووه.
له‌كاتێكدا كه كوردستان به‌وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند داده‌نرێت به‌ده‌رامه‌تی ئاو، رێژه‌ی بارانبارینی به‌راورد به‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق زۆر زیاتره‌و خاوه‌نی رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ئاوی سه‌رزه‌وی‌و ژێرزه‌ویشه،
لێپرسراوی فه‌رمانكه‌ی ئاوی دوكان ئاماژه به‌وه ده‌كان كه له‌سه‌ره‌تای دورستبونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له1991ه‌وه تا ئه‌مڕۆ به‌غدا ته‌حه‌كوم به‌دابه‌شكردنی ئاوی به‌نداوه‌كانی كوردستانه‌وه ده‌كات، ئه‌و وتی “حكومه‌تی به‌غدا به‌رێككه‌وتن رێژه‌ی ئاوی پێویستی خۆیان بۆ به‌رده‌درێته‌وه یان كه‌مده‌كرێته‌وه، به‌و پێیه‌ی ئاو سامانێكی نیشتمانییه”.
سەرچاوە: ئاوێنه