ئه‌ندامی که‌مپینی “به‌ڵێ بۆ ده‌ستورێکی سیکۆلار” به‌هار مونزیر رایگه‌یاند که له‌ئێستادا که‌مپینه‌که‌یان سه‌رقاڵی ژماردنی ئه‌و واژۆیانه‌یه که کۆیانکردوه‌ته‌وه.
مونزیر ئاشکرای کرد که هه‌رچه‌نده ئه‌وان ئامانجیان کۆکردنه‌وه‌ی واژۆی 50 هه‌زار هاوڵاتی بوه، “به‌ڵام له‌و ژماره‌یه زیاترمان کۆکردوه‌ته‌وه“.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی که‌مپینه‌که ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات که هه‌لومه‌رجی کوردستان کاریگه‌ریی هه‌بوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زیاتر کۆنه‌که‌نه‌وه‌و هه‌روه‌ها “نه‌بونی میدیایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆمان، ئێمه ناڵێین میدیاکان هاوکارمان نه‌بون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر میدیایه‌کی تایبه‌تمان هه‌بوایه‌و له‌ڕێگه‌یه‌وه بانگه‌شه‌مان بۆ که‌مپینه‌که بکردایه، ده‌مانتوانی زیاتر په‌یامی خۆمان بگه‌یه‌نینه هاوڵاتیان”.
به‌هار مونزیر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات که له‌چه‌ندین لایه‌نه‌وه دژایه‌تی که‌مپینه‌که‌یان کراوه‌و له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه تۆمه‌ت دراوه‌ته پاڵ ئه‌و که‌سانه‌ی واژۆی که‌مپنه‌که‌یان کردوه.
هه‌روه‌ها ئاشکرای ده‌کات که له‌هه‌ندێک شوێن ڕێگریی له‌که‌مپینه‌که‌یان کراوه‌و ڕێگه نه‌دراوه مێزه‌کانیان دابنێن بۆ واژۆکۆکردنه‌وه، “نامه‌وێت ناوی ئه‌و شوێنانه به‌رم که ڕێگرییان لێ کردوین چونکه یه‌کسه‌ر ئاشکرا ده‌بێت‌و کێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که زۆرینه‌ی کێشه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی شار بوه“.
به‌هار مونزیر ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نێت که که له‌به‌شێک له‌میدیاکان‌و ناو مزگه‌وته‌کان “چه‌واشه‌کاریی” له‌به‌رامبه‌ر که‌مپینه‌که‌یاندا کراوه.
که‌مپینی “به‌ڵی بۆ ده‌ستورێکی سیکولار” له‌دوای راگه‌یاندنی لیژنه‌یه‌ک بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی به‌کارکردو داواکاری سه‌ره‌کییان چه‌سپاندنی ده‌ستورێکی عه‌لمانی بو بۆ هه‌رێمی کوردستان‌و لابردنی ماده‌ی شه‌شی ره‌شنوسی پێشوی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان که باسی له‌وه ده‌کرد ئایینی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی یاسادانانه‌و نابێت هیچ یاسایه‌ک ده‌ربچێت له‌هه‌رێمی کوردستان پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما نه‌گۆڕه‌کانی ئایینی ئیسلام بێت.
تا ئێستاش ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه نه‌گه‌یشتونه‌ته رێکه‌وتنی کۆتایی.