تابان عبدللە:
پــرۆســەی هــاوســەرگــیــریی لە سوننەتەکانی ئاینه ئاسمانییه‌كان و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی كۆمه‌ڵگەی مرۆڤایه‌تییه، ئەمە بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ رەوا و دروستە، وەک پەناگەیەکی ئارام و هاوبەشییەکی ژیانه لەنێوان دوو کەسدا و بنەمای دروستبوونی خێزان و بەردەوامیی نەوەکانیشە، ئه‌مه جگە لەلایەنە غەریزییەکان.
ئێستا ئەم پرۆسەیە بە هۆکاری جیاجیا لەناو کۆمەڵگەی كورده‌واریدا دووچاری قه‌یران و تەنگژەیەکی زۆر و ئاڵۆز بۆتەوە. کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیریی و زیادبوونی دیاردەی زگوردی لەناو گەنجانی وڵاته‌كه‌ماندا، بە هەردوو رەگەزەکه‌وە، زەنگێکی مەترسیداری کۆمەڵایەتییە بۆ داهاتووی نەتەوەی کورد، به‌داخه‌وه ده‌بینین ماڵێک نییە سەڵتێکی تێدا نەبێت کە تەمەنی هاوسەرگیریی تێپەڕاندبێت، بەڵام هێشتا بڕیاری هاوسەرگیریی نەدابێت، یان تەمەنی گونجاوی بۆ ئەو پرۆسەیە دەستنیشان نەکردبێت.
ئەگەر بە وردی سه‌رنج له فاكته‌ر و هۆکارەکان بده‌ین، ده‌بینین لایەنی ئابووری و بێکاریی گەنجه‌كانمان بە پلەی یەکەم له‌پشت ئه‌م دیارده‌یه‌وه‌یه، کاتێک گەنجێک نە ده‌رفه‌تی دامەزراندنی بۆ رەخساوە و نە کار و كاسبییه‌كی جێگیری لە کەرتی تایبەتدا هەبوو، ئیتر چۆن دەتوانێت لەژێر باری سه‌ختی تێچووەکانی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییدا بڕیار بدات؟ لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه تەنیا بێکاریی نییە، بەڵکو ئەو که‌لتور و دابونەریتانه‌ش به‌رپرسن كه مێژووییە، وەک کێشە لە بەردەم ئەم پرسه‌دا وەستاونەتەوە.
داخوازییه زۆرەکانی کچان و خانه‌واده‌كانیان لە کوڕان، وەک داواكردنی ئاڵتوونێكی زۆر، خانوو، ماڵی نوێ و شایی و رێوڕه‌سمی ئاهه‌نگی گرانبەها، وایان کردووە هاوسەرگیریی لە واتا و پیرۆزییەکەی دابماڵرێت و پرۆسه‌یه‌كی سه‌ختتر بێت
داخوازییه زۆرەکانی کچانمان و خانه‌واده‌كانیان لە کوڕان، وەک داواكردنی ئاڵتوونێكی زۆر، خانوو، ماڵی نوێ و شایی و رێوڕه‌سمی ئاهه‌نگی گرانبەها، وایان کردووە هاوسەرگیریی لە واتا و پیرۆزییەکەی دابماڵرێت و پرۆسه‌یه‌كی سه‌ختتر بێت، ئەمەش دەبێتە مایه‌ی نائومێدی و خۆ بە دوورگرتنی گەنجان لەم پرۆسه پیرۆزه، بۆیە لێرەدا پێویست وایه کچان و خانه‌واده‌كانیان شتێك سازش بكه‌ن و بەم داواکارییه زۆر و زه‌وه‌ندانه‌دا بچنه‌وه و چیتر بوار نه‌ده‌ن کێبه‌رکێ له‌سه‌ر شته شكڵییه‌كان و له‌سه‌ر لایه‌نی ماددی ببنه هۆی له‌باربردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری و بەختەوەریی گەنجه‌كانمان، چونکە هاوسەرگیری رووداوێكی جوان و ره‌سه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تییه و به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو گیان و بیناكردنی نەوەیەکی تەندروسته نەک ئاڵوگۆڕی بابه‌تی ماددی.
بۆ رزگاربوون لەم ته‌نگژه‌یه، به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویی لەسەر شانی چەند شوێن و لایه‌نێكی په‌یوه‌نداره، له‌وانه بۆ نموونه:
* زانایانی ئیسلام و مامۆستایانی ئاینیی به گشتی: جێی خۆیەتی لە مینبەری مزگه‌وته‌كانه‌وه بانگه‌وازی به‌رده‌وامیان هه‌بێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه و وه‌ستان له دژی «گرانیی داواکاری و مارەیی» و «تێچووی زیادە» و هاندانی سادەیی و ئاسانكاری له پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌راندا و وەک بەهایەکی باڵای ئاینیی بیناسێنن.
* رێکخراوەکانی ژنان: له‌سه‌ریانه ئیش لەسەر هۆشیارکردنەوەی کچان بکەن کە بەهای ژن لە ئاڵتوون و ماڵ و موڵكدا نییە، بەڵکو لە هێنانه‌دیی خێزانێکی ئارام و ئاسووده و به‌خته‌وه‌ردایه.
* حکومەت: پێویستە قۆناغ بە قۆناغ گه‌نجانی زانکۆ و پەیمانگەکان كه خوێندنیان تەواو کردووە و ساڵانێکە دانەمەزراون، خەمێكیان بخوات و لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پێدانی قەرزی هاوسەرگیری و ئاسانکارییەکانی تر هاوکارییان بکات.
دواجار دەبێت هەمووان خەمخۆری هاوسەرگیریی گەنجان بین، چونکە کارێکی مرۆڤانەیە بۆ مانەوەی نەتەوەکەمانە، با رێگە نەدەین نەوەیەکی دیکە تەمەنیان بە هۆکاری سیاسی و دۆخەکانی پێشووی کوردستان لەم پرۆسەیە بێبەش بن و داهاتوویان وێران ببێت، ئاسانکاریی ئەمڕۆی خێزانەکان، گەورەترین چاكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی و مه‌ده‌نییه، ده‌بێته مایه‌ی ئارامی و بەختەوەریی سبەینێی کچ و کوڕ و نه‌وه‌كانیان.
81