چەند رۆژێك بەر لەئێستا كەناڵی ئاسمانی (رێگا) راپۆرتە هەواڵێكی لەسەر چوونی (مەلایەك) لەناحیەی دارەتووی هەولێر بۆ ناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بڵاوكردەوە، رێگا لەو راپۆرتەیدا خاڵ بەخاڵ پابەند بوو بەبنەماكانی ئیتیكی رۆژنامەوانی لەلایەن ئەوانەی لەبەرەی دیموكراسی و مەدەنی پێشكەوتوخوازین لەسەر ئەو هەواڵەی بڵاویكردەوە ئافەرین و دەست خۆشی و پاڵپشتی لێكراو لەلایەن ئەوانەشی لەسەر بنەمایەكی عەقڵانی بیرناكەنەوە و دوكەڵی سەلەفیەت قانگی داون و (بڕیاریانداوە تێ نەگەن)!! كەوتە بەر هێرش و پەلامار، بەڵام دواتر ئەوەی رێگا بڵاویكردەوە راست بوو، لەسەر زەمینی واقیعدا روویدا بوو، هەر لەبارەی راپۆرتە هەواڵەكەی رێگا، داعشێكی تری شارەكەمان، بەڵام هێشتا وەكو پیاوەكەی دارەتوو (دینی محەمەد بەئاشكرا خۆشە)ی رانەگەیاندووە، گوتبووی (شانازیە بۆ مرۆڤ داعش بێت و (رێگا)ی بۆچی خۆی تەنگاو دەكات و دەیەوێت داعشی بوون، بكاتە شوڕەیی) قسەی ئەو پیاوەم لەلای كۆمەڵێك برادەر باسكرد، دواتر گەیشتبووە دەزگایەكی نهێنی سیاسی، بەرپرسێكی ئەو دەزگایە لەنیوەشەوێكدا تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی ئەو (داعشە) پیاوی باشەو لەخۆمانە!!، بالەوە گەرێین و بێمە سەر ئەو سمینارەی شەممەی رابردوو لەزانكۆ، لەسەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بەئاین و توندڕەوی و ئاسایشی نەتەوەیی سازی كردبوو، ناونیشانەكانی ئەو سیمینارە ئەگەرچی لەفۆرمدا مانای قسەكردن بوو لەسەر كۆمەڵێك كەیس و بابەتی پەیوەست بەژیان و ژیاری كۆمەڵگا، بەڵام دوو لەوانەی كۆڕگێڕبوون سەر بەفیكری تووندڕەوی ئایینی بوون، تەنانەت یەك لەو مامۆستایانەی زانكۆ بوو لەبەردەمیشی نووسرابوو پ. ی . د واتا پرۆفیسۆری یاریدەدەر، راشكاوانە لەبەردەمی دەیان ئەكادیمی و نووسەر و لەناو سەنتەری زانكۆدا شەرعیەتی دایە كەلتووری (دەست بڕین) و نەك هەر بەباشی زانی، بەڵكو لەناخەوە حەسرەتی بۆ ئەوەش خوارد كەوا دەستی ئەوانە نابردرێت كەدزی دەكەن و لەفەرمانەكانی خوا دەردەچن!، لێرەدا قسە لەوەنییە پیاوێك كەپرۆفیسۆربوو لەسەر مینبەری زانكۆ لەسەر ریتم و ناوەڕۆكی فیكری دەست بڕین قسەی كرد، بەڵكو قسە لەسەر ئەوەیە، ئایادەكرێت زانكۆی سەلاحەددین وەكو كۆنترین و دێرینترین زانكۆی كوردستان كەسەدان پیاوی ئەكادیمی و رۆشنبیری لەوێدا پێ گەیشتوون و بڕوانامەی بەرزیان بەدەست هێناوە، لەئاستی ئەوە بێ دەنگ بێت؟ داعش بەرلەوەی وەكو هێزێكی توند رەوو دڵرەق بەڕەڵای رووبەرو ناو رارەوەكانی ژیانی مرۆڤەكان بێت، وزەیەكە لەناو مێشكدایە، وشەیەو لەسەر زماندایە، فتوایە و لەبڵندگۆكانەوە بەرنامەو بوونی خۆی نمایش دەكات. مەلای وتاربێژی مزگەوتی مام جەعفەر لەدارەتوو بەرلەوەی (بیعە) بە (ابوبكر بەغدادی) بدات و بچێتە ناو داعش پێشتر لەبڵندگۆی مزگەوتەكەی خۆی دەیان جار (تكفیر) ی دیموكراسیەت و عەلمانیەت و ماركسیەت و شیعرو جوانی كردبوو، دووهەفتەیەك بەرلەوەی بڕوات، گوتبووی تاوانە پێشمەرگە ئاڵای داعش فرێبدات، كەچی هەفتانە سەدان كادیرو هاووڵاتی ئەندام لەحزبە عەلمانیەكان لەدوای (مەلاشوانی) دوێنێ خاوەن رێزو مینبەرو ئەمرۆی داعش نوێژیان كردووە و سەری رەزامەندییان بۆ لەقاندووە، دارەتوو پڕە لە بارەگای حزبەكان، دەزگای حكومی دابەستەی ئارەقە رشتووی خانەنشین. زمان درێژی بەناو كۆمەڵگای مەدەنی، كەچی (مەلا شوان) دوای شەش مانگ لەریكلامكردن بۆ داعش وەك بەرزەكی بانان چووە ناو داعش بەبێ ئەوەی كەسێك لەگوڵ كاڵتری بۆ بڵێ.
بۆیە لای من (مەلاشوان)ی داعش رەستگۆترە لەگەڵ قەناعەتی فیكری خۆیدا، لەو كادیرانەی بەناوی پلەی تایبەت خانەنشین كراون و وەكو گیسكە دابەستە لە (پوش و پاوانی) ئەو خەڵكە دەخۆن و رۆژانی هەینی بۆ وتارەكانی مەلا شوان فرمێسكیان دەڕشت.