لاپەڕەی سەرەکی ئەدەب و هونەر ئیتر چەك دادەنێم

ئیتر چەك دادەنێم

0 تێبینییەکان 120 بینینەکان

بەدڵی شكاو
دەڕۆمەوە ماڵەكەی خۆم
دڵێك شكاوتر لە دۆڕانی جەنگ
تاریك تر لە نهێنیەكانی ڕادەست !

دەڕۆمەوە …
وەك بێكەسترین مرۆڤی دنیا
وەك تفەنگێكی ساردوسڕ
لە شەڕێكی دەستەویەخەدا
گوللەیەكی گڕ نەدابێت
بەدڵی شكاو
دەڕۆمەوە ماڵەكەی خۆم !

ئەوە ئێمەین گەلۆ ، ئەوە ئێمە
مێژوو بەخەڵووز دەنووسینەوە نەك بە تیشك
هەمیشە لە دووڕیانی مان و نەماندا وێڵ
لە ئێستادا ون و لە ئاییندەشدا سەراب
هەمیشە دەستێكمان لە مەرگی خۆماندایەو
دەستەكەی تریشمان بە سینگەوە بۆ كڕنووش !

دەڕۆمەوە ….
بە جەستەیەكی لەت و پەرتەوە
دەڕۆمەوە ماڵەكەی خۆم
ئیتر بۆ هەمیشە دەڕوانمە خۆرئاوابوون
تاریكی دەپۆشم
دەزانم جارێكی تر
تیشكێ لەدەرگاكەم نادات
هەتاو ڕووناكاتەوە حەوشەكەم
باخچەكەشم
وەك شكۆی نیشتیمان وشك دەبێ
وەك شكۆی سەنگەر هەڵدەپروكێ
ماڵەكەم دەبێتە پرسەخانە
پرسەی نیشتیمانێك …
خۆمان لە كوشتنیدا قارەمانین قارەمان !!

جەوهەر جەلال
٢٤/١٠/٢٠١٧ یۆتۆبۆری ، سوید

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پۆستە پەیوەندیدارەکان

لێدوانێک بەجێ بهێلە