بەڵام بۆ من نا.
شەوەکانی ئەپڕیل هێشتا شیرینن
سەرتاپای دارەکان بە گوڵ داپۆشراون
ئارامی بە خشپە و بە ئەسپایی بۆیان دەچێ
بەڵام بۆ من نا
ئارامی من لە سینگی کەسێک خۆی حەشارداوە
ئەو شوێنەی کە من لەوێ نیم
ئەمشەو عەشق بۆ لای هەموو ئەوانیتر دێ
بەڵام بۆ من نا…!
شاردنەوەی عەشق.
من لە نێو دڵم عەشقم شاردۆتەوە
بە پێکەنینی چاوەکانمەوە دیارە
ئێستا نا ، ئەوکاتانەی یەکتریمان دەبینی
عەشقی من هەمیشە زیندوو بوو
بەڵام هەندێکجار کە ئەو خەون دەبینێ لە شەودا
هێدی هێدی سەوزایی دارستان لێڵ دەبێ
ڕەنگە ئەوە عەشقی من بێ
لە نێو خەونەکانی ئەودا دەرکەوتبێ
یان هەندێکجار کاتێک لە دڵەوە ژاندەیگرێ
لە کتوپڕیش چاک دەبێتەوە
ڕەنگە ئەوە عەشقی من بێ
تا ئێش و ئازار لە نێو ژیانی ئەودا ، بڕەوێنێتەوە.
چاوە خۆڵەمێشییەکان.
کە یەکەمینجار هاتی بۆلام
ئەوکاتە مانگی نیسان بوو
یەکەمین ڕوانینم بۆ چاوەکانی تۆ
وەک یەکەمین ڕوانینم بۆ ڕووبار وابوو
وا چوار نیسانە بەیەکەوەین
لەسەر لقی دارێک دانیشتووین
سەیری سەوزایی دەکەین
ئێستاش هەرکاتێک
ڕوو لە چاوە خۆڵەمێشییەکانت دەکەم
وا دەزانم یەکەمینجارمە سەیری ڕووبار دەکەم.
دیارییەکان.
دوای چەندین ساڵ
من زەردەخەنەی یەکەم عەشقی خۆم بەخشی
من فرمێسکەکانی دووەم عەشقی خۆم بەخشی
من بێدەنگی سێیەم عەشقی خۆم بەخشی
یەکەمین عەشقم گۆرانی پێبەخشیم
دووەمین چاوەکانم بۆ بینین
بەڵام ئەوە عەشقی سێییەمینم بوو
کەوا ڕۆحمی پێبەخشیم.
مەی.
با لە گوڵە لیلاکسەکان دەدا
خونچە گەڵاکانیش دەمیان بۆ خۆرەتاو کردۆتەوە
پەڕەی گوڵەکان بەسەر شوورەی باخچەکانەوە هەڵدەوەرن
بەڵام بۆ من بەهار دەمێکە کۆتایی هاتووە
لە ژێر دارسێوێ کە چرۆ دەردەکا
دەڕۆم و لە زستان دوور دەکەومەوە
بۆ ئەو عەشقەی لە نیسان زەردەخەنە دەکا
لە مانگی (مەی) یش بۆ من دادەکا.
__________________________
سارا تیسدەیل:
یەکێکە لە شاعیرە لیریکییەکانی ئەمەریکا، بە شاعیری خۆشەویستی ناسراوە. لە ساڵی ١٨٨٤ لە سانلویس لە هەرێمی مزوری لە ئەمریکا لە دایک بووە.. لە بەر باری تەندروستی لە تەمەنی نۆ ساڵی چۆتە قوتابخانە. لە ساڵی ١٩٠٧ یەکەم دیوانە شیعری خۆی بە ناوی (سۆنێتەکانی بۆ دووس و چەند شیعرێکی تر) بڵاوکردۆتەوە.. لە ساڵی ١٩١٨ بە هۆی کتێبی (گۆرانییەکانی عەشق) لە زانکۆی کۆلۆمبیا خەڵاتی شیعری وەردەگرێت. لە ژیانی هاوسەرێتی سەرکەوتوو نابێت، لە ساڵی ١٩٢٩ لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٣٣ بە هۆی بەکارهێنانی حەبی خەو زیاد لە پێویست، کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ.
سەرچاوەکان:
١/ Sara Teasdale _ The poetry Foundation
٢/ Sara Teasdale _ Poems .. Hello poetry