هونەرمەندی ناسراو خۆشەویست کریم کابان سالێک لەمەوبەر بۆ هەمیشە ماڵئاولێکردین. مەرگی ئەم ئینسانە بارتەقای قورسای چڕینی پەنجا ساڵ نیگەرانیکردین. بەلام بەئەندازەی ژمارەی پەنجەکانی دەستێک قەڵەمی لێکۆلینەوە بەدوایدا بەرهەم نەهات وشتێکی ئەوتۆ لە پێگەی هونەری ئەم هونەرمەندە نەووترا!
مەرگی ئەو زۆربەمانی پەلکێشکردە نێو بیرهوهریە تاڵ وشیرینەکانی ئەو ڕۆژانەی کە؛ جادە چۆڵوسێبەربوو، ئەو کاتانەی ئەوپێدەگوتین ’’قهت نەدەی ئازاری گیانی مەست وبێدارانی شــــەو’’ هەربۆیە کاتێک تەمەنی هەڵکشا ’’ئهی تــهمــهنی پڕ ئهسـرینی’’ خستەوەبیرمان یان بە چرینی ’’فرمێسک و شیعر’’ دەرونمانی جۆشدەدا… ئای ئەو ساتانەی کەگوێبیستی ئەودەنگە دەبووین چ چیژو جوانیەک سەراپامانی دادەگرت!
ئەو نزیک بە نیوسەدە لەڕێگەی بەرهەمەکانیەوە ڕۆژ بەڕۆژ لەڕۆحمان نزیکتر دەبووەو دڵخۆشترو عاشقتری دەکردین. بۆ زۆرێکمان کابان تهنیا گۆرانی ومۆسیقای لاخۆشهویسترنهکردین، بهڵکو لهڕاستیدا خودی خۆشهویستیشی لا خۆشتروکردین. دواجار کاتێک مالئاوی لێکردین بەمراسیمێکی دەسپێرین ولەسالیادی مەرگیشیدا هەرهەمان سیناریۆ دووبارە دەکەینەوە. ئەفسوس تابەئێستەش پێماننەوترا کە ئایا کریم کابان کێیەو تایبەتمەندیە هونەریەکانی چیە؟ بۆیە مافی خۆمانە عەودالانە بەدوای وەلامدانەوەی ئەو پرسیارەوەبین کە لەکلاوڕۆژنەی قابیلیەتەکانی ئەم هونەرمەندەوە تیشکی تواناییەکانی کابانمان لە بازنەی گۆرانیبیژێکی دەنگخۆش و تەنانەت ئاوازدانەرێکی سەرکەوتووش زیاترپیدەناسینێت.
بەبڕوای من بەشێک لەکارەساتەکە ئەوەیە کە پەراوێزخستن ونەناسینی کارنامەی زۆرێک لە هونەرمەندان و ئەدیبان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نەهیچ جۆرە دەزگایەکی لێکۆڵینەوەو نەهیچ ناوەندێکی ئەکادیمی ئەوتۆ بەدیدەکەین تاسەرنجمان بۆ ئەو دەیان بەدواچونانە ڕابکێشێت کە لەسەر شاکارەکانی شێرکۆ بێکەسێک بەرهەمهێنراوە. کەمەحاڵە نەوەکانی ئەم قۆناغە مخلوقێکیتری وەک ئەومان پێبناسێنێتەوە. لێرەشەوە ڕەنگە تێگەشتن لەوەی کە ئایا بۆچی تائێستە بەدواچونێک لەبارەی توانا هونەریەکانی کەسانی وەک کابان، خەیات، نێگزو هونەرمەندانیتری وەک چێوار، دڵپاک، سمکۆعەزیزو دەیانیتر بەدینەکەین؛ ئەوکاتە دەبێت ئاستی چاوەڕوانیەکەمان هەر’’حەمدوسەنا’’کردن بۆ مراسیمگیرانی ساڵانەکانەی لەوچەشنە. لەکاتێکدا ڕاستیەکەی ئەوەیە کەتوانایەکانی کریم کابانێک دەکرێت بلێن گەلێک فرە ڕەنگترو پربارترە.
ڕەنگە کۆدەنگیەک هەبێت لەسەرئەوەی کە بلێن، کەدیوێکی بەرهەمەکانی ئەم هونەمەندە ئەوەیە کە مۆرکی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوومان نیشاندەدات کەهێمایە بۆ ئاستی هونەرو پەیوەندی هونەر بەکۆمەلگاو ئەو بارودۆخەوی کە تیدا ژیاوین. بۆیە زۆرێکمان تەنانەت ئێستەشی لەگەلبێت بەبیستنی هەر گۆرانیەکی کابان دەگەڕینەوە بۆ ئەو مێژووە دیاریکراوە. کەڕەنگە ئەمە مانایەکیتریشی لەهەگبەدابێت ئەویش ئەوەیە، بەرهەمەکانی کابان نەک هەر دانەبڕاون لە ژیانی ڕۆژانەی ئەو میژووە دیاریکراوە، بەڵکو بەکۆی گشتی بەشێک لە کەرەستەی داهێنانی سەرکەوتنی بەرهەمەکانیشی دەبێت لەبۆتەی ئەو قۆناغەدا تاوتوێ بکرێت. ئەمە سەربای ئەوەی کە گەشەی تەکنەلۆژیاو ئیماکاناتی هونەری لەم ڕۆژگارەدا چ ئاسانکاری و دەرفەتێکی گەورەتر دەرەخسینن بۆ دەرکەوتنی هونەرمەندان ناسینیان!
دیارە مەبەست ئەوەنیە کە گەشەی تەکنەلۆژیاو ئیمکاناتی هونەری بۆ هەر گۆرانیبیژیک بێتە تەنیا پالنەرو هۆکاری ناساندن و ناودەرکردنی. چونکە ئەوەی مایکل جاکسۆنی’’ maikl jakson’’ بەجیهان ناساند تەنیا بەهرەی گۆرانی ووتن و دەنگخۆشیەکەی نەبوو؛ بەئەندازەی ئەوەی کە سەمای جەستەو شێوازی ووتنی گۆرانیەکانی چ هۆکارێکی بەرچاوبوون. هەروەک ئەوەی کە ووتنی هۆستۆن’’ Whitney Houston’’ دەناسینیت تەنیا دەنگخۆشی تەنانەت جوانی ڕوخساری نەبوو، کە سەرنجی بینەرانی بەدوای خۆیدا پەلکێش دەکرد بەئەندازەی شێوازێک لەگۆرانی ووتن کە هەندێجار لەرینەوەی شەپۆلی لیوزمانی لەکاتی گۆرانی ووتندا، بینەر بەشێوەیەکی سەرسامکەر بەدوای خۆیدا پەلکێش دەکرد. ڕۆژگارێک کە سەرنجی گۆرانیەکانی مادۆنامان’’ madonna ’’دەدا شێوازی پۆشین سنونەت شکێنی ئەو هونەرمەندە داینەمۆیەکی بەرچاوی ناودەرکردن و ناسینی بوو. واتە دەکریت بلێن هەریەک لەو حالەتانەو لە شێوازی گۆرانی ووتنا بەشێکن لەو تایبەتمەندیانەی، کە ئەوانیان بەجیهانی دۆینی و ئەمرۆش ناساند. بۆیە گەر لەشێوازی گۆرانی ووتنی کریم کابان ووردبینەوە چەند لایەنی تایبەت بەخۆی هەیە کە جێگەی هەڵوێستەو تیاڕامانە.
بۆیە ئەگەر پرۆسەی تەکاملی شیوازی گۆرانیەکانی کابان و هۆکاری لەزەتبەخشی وسەرکەوتنی لەبەرچاو بگرین، ئەوکاتە دەبینین کە ئەم هونەرمەندە تەنیا گۆرانێبژێکی سەرکەوتوو نەبووە؛ بەڵکو کۆمەڵێک خسلەت و هۆکاریتر لەپشت گۆرانی وتنەکانیەوە خۆنیشاندەدات کەبوونەتە بەشێک لەنازنامەی کاری هونەری هەڵکشانی پیگەی ئەم هونەرمەندە بۆ ئاستیکی زۆر بەرزترو بەرچاتر. هەرئەمەش پێگەی کریم کابان لە گۆرانیبیژیکی تەنیاوە دەگۆڕێت بۆ هونەرمەندێکی پربایەختری ئەوتۆ کەلای بیسەری و بینەری خۆی پیشوازی و پشگیریەکی زۆرزیاتری لیدەکرێت. بەبروای من بەشێک لە کێشەکە ئەوەیە کە تائیستە کار نەکراوە لەسەر ناساندنی ئەو لایەنانەو دەستمان دەلەرزیت لە گۆرانیبیژیکی ئاوازدانەر زیاتر بانگهیَشی بکەین وتیشک بخەینە سەر بەهرە هونەریەکانیتری؛ کە مەرج نیە لە گۆرانیبیژە ناودارترەکانیتریشدا ئەو حالەتانە بەدی بکەین، بۆیە لەمبارەوە سەرنجبدەنە ئەم چەند خاڵە.
کریم کابان و سەمای جەستەو دەرهینان
یەکیک لەلایەنە یەکجار سەرنجراکێش و پربایەخەکانی گۆرانی ووتنی کابان، هونهری نماییشکردن وتوانای پەلکیشکردنی بیسەری بینەرە بەدوای گۆرانیەکانیدا. کهبهداخهوه تائیستەش تواناو کۆدە نەبینراوەکانی ئەم گۆرانیبێژە بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدراوە. وەک ئەوەی کە ئەم حالەتە بەفەرزبگیریت بۆ گۆرانیبیژ. بەلام ئایا هەر بەراستی مامۆستا تاهیر تۆفیق لەگەل هەموو ئەو توانا هونەریەداو لەپال ئەو دەنگەخۆشەیدا لەم هونەرە بەهرەمەندبوو؟ بەبڕوای من نمایشکردن وشێوازی دەرکەوتنی مامۆستا تاهیر بەوڕادەیە لاوازی بوو کەدەیتوانی کاریگەری لەسەر پلکیشکردنی سەرنجی بینەران کاڵ بکاتەوەو یان دروسترە کە بلین گۆیگرتن لە گۆرانیەکانی مامۆستا تاهیر لەزەتبەخشتربوو لە بینین و گۆگرتن لە گۆرانیەکانی.
لەمبارەوە وەک نموونەیەک دیقت بدەنە گۆرانی قەت نەدەی ئازاری گیانی … ئەگەر کامیرای چاومان بەدوای ئەم پینج خشتەکەی ئه حمه د هه ردی بیت ’’ قه ت نه ده ی ئازاری گیانی مه ست و بیدارانی شـــه و، خوت نه خه یتە به ر شه پولی ئه شکی بی پا یانی شــەو، ئه ی کچی خوا وه ندی جوانی ئه ی چرای دیوانی شه و، خـــــوت بپــاریزه له ئاهـــــی دل برینـــدارانی شـــه و ، نـه ک خــوا ناکـرده گیــرابـی دوعا و نالانــی شــــه و ’’ . دەبینین لەکاتی چرینی ئەم گۆرانیەدا کاباندا نەک هەر هەست دەکەین کە رۆحی کردوە بەبەریدا ، بەلکو لەراستیدا کابان لیرەدا دەبیتە ئەو سیناریستەی کە هەرخۆشی دەرهینەری بەرهەمەکەیەتی و لە ئاساتیکی یەکجار بەرزدا نمایشی دەکات. بەم مانایە ئەو هونەرگەلیکیتر زیاد دەکات بە توانای گۆرانی ووتن و دەنگ خۆشیەکەیەوە . بۆیە جیگەی خۆیەتی لەسەر ئەم جۆرە تایبەتمەندیانە بووەستین و کابانی پیهەلسەنگینین.
کابان و هونراوە
هەلبژاردن و کارکردنی کابان لەسەر دەق وهۆنراوە بۆ گۆرانیەکانی، یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەرکەوتنی بەرهەمە هونەریەکانی بوو. سرۆشتی ئەو هونراوانەی کە هەلیدەبژاد نەک هەر ئەرکێکی گەورەی ڕووبەڕووکردوەتەوە بۆ زیندوکردنەوەی و گیان بەبەرداکردنی ئەو لەدایک بوونە نوێ یەی کە لەڕێگەی دەقەکەوە بەرهەمدێت. هەربۆیە دەبینین لەپال ئەو جازبیەتە زۆرەدا مشتاق بوونێکی زۆر هەبووەو هەیە بۆ گوێگرتن لەگۆرانیەکانی کابان و لەزەتوەرگرتن! بەمانایەک ئەم هونەرمەندە لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئینسانەکانی دەوروبەری دابنێ و پێچەوانەکەشی هەر دروستە، پێشوازی لایەنگرانی دەوروبەری وەنیشاندانی ئەو ڕێزو خۆشەویستیە کابان دلگەرمترو بەبرواترکردوە بەخۆی بەکارەکانی. ماناو مەخزاکانی ئەم حالەتە لەکاتیکدا زیاتر دەردەکەویت کە ئێمە گۆبیستی دەنگێکی خۆش دەبین و بەلام کار لەسەر هونراوەیەکی هێندە لاواز دەکات لە قابیلەتی دەنگخۆشیەکەشی هێناوەتە خوارەوە.
دواجار دەمەوێت بڵیم تێهەلکیشکی ئۆرگانیکی لیوانلیو لەجوانی لەنیوان سێکوچکەی (شیعر، ئاواز و سەمای جەستە)دا لەبەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندەدا بەدیدەکرێت، گەر پێوانەو ئیمکاناتەکانی ئەم ڕۆژانە لەبەرچاو بگرین، دەکرێت بڵین کریم کابان بەشێوەیەکی خۆرسک سیناریستێکی سەرکەوتووی بەرهەمەکانی خۆی بووە. ئاخەر ئێمە لەبەشێکی گۆرانیبیژەکانی ئەمڕۆماندا دەبینین کاتێک کە گۆرانیەک دەچرن، چ سەرگەردانی و نامۆیەک هەیە لەنیوان هەمان سیکوچکەی ’’شیعر و ئاوازو سەمای جەستە’’دا. بۆیە دەکرێت بڵین شێوازی گۆرانی ووتنی ئەم هونەرمەندە بهجۆرێکە گەر سبەی کەسانێکیش پەیداببن بەتوانایەکی شایستەوە گۆرانیەکانی بلێنەوە؛ ئەوا گۆمان دەکەم لەتواناو شێوازی هونەری و نمایشیکردنی ووتنەوەی گۆرانیەکانی ئەو بەهرەمەندبن. هەر ئەم لایەنەش وایکردوە کە بینەر تام و چێژێکی زۆر تایبەت لە بیستن و بینینی هونەری گۆرانی وتنی کابان وەرگرێت. ماوەتەوە لەساڵڕۆژی مەرگی ئەم هونەرمەندەدا بلین؛ مالئاوا ئینسانه بهرزو بهڕێزهکه مالئاوا هونهرمهنده کهمبهرههم وپڕبههرهکه!