مەریوان وریا قانیع
لەئاسمان و زەوییەوە سوپای تورکیا و ھاوپیمانە مورتەزەقەکانی پەلاماری کوردانی سوریا و دانیشتوانەکانی تری ناوچەکانی عەفرین دەدات. نە ھیچ بەھانەیەکی یاسایی و نە ھیچ بەھانەیەکی سیاسیی و نەھیچ بەھانەیکی ئەخلاقیی و نە ھیچ بەھانەیەکی دینیش ناتوانێت یەک ووشەی پۆزەتیڤ لەسەر ئەم پەلامارەی تورکیا بدات. مرۆڤ مەگەر ھەموو سەرچاوەکانی ھەستکردنی ئەخلاقیی لەدەستدابێت بۆ ئەوەی ئەم تاوانە نەبینێت و ئیدانەیەکی تەواوی نەکات. ھەندێکجار مرۆڤ تەنھا وشەی ھەیە بۆئەوەی شتێک لەسەر خۆی و لەسەر دونیا و دەوروبەرەکەی بڵێ، بەکارھێنانی ھەڵەی ئەو وشانە، یان بەکارھێنانی نائەخلاقییەن، یاخود بەکارنەھێنان و بێدەنگبوون و ھیچ نەووتن پێیان، مرۆڤ دەکات بە شەریکی ئەو تاوانانەی بەدیارچاویەوە دەکرێن.
لە شەش ساڵی ڕابردوودا تاقە زمانێک تورکیا لەگەڵ کوردانی باکور و ڕۆژئاوادا بەکاریھێنابێت زمانی ھەڕەشە و تۆڵەکردنەوە و پەنابردنبووە بۆ توندونتیژیی. ئەمڕۆ ئەو زمانە لە ھەڕەشەوە گۆڕاوە بۆ پەلاماردانی سەربازیی. بۆ کوشتنی منداڵ و کەسانی مەدەنیی بێگوناھ. لە ئێستادا ئەگەری گەورەبوون و تەقینەوەی زیاتری دۆخەکە بە تەواوی لەئارادیە و ئەمەش خۆێن و کوشتن و وێرانکاریی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت. یارییە سیاسییەکانی ناو سوریا یاریی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتین و لەم جۆرە یارییەشدا ئەوەی نرخی نەمێنێت ژیانی مرۆڤ و بەھای مانەوە و ڕێزگرتنی ژیانە. ئەردۆگان تا سەر ئێسقان لەم یارییە ناشیرنانەوە گلاوە و یەکێکە لە بکەرە سەرەکییەکانی. جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوانی قاسمی سلێمانی و بەشار ئەسەد و ئەردۆگاندا نییە. ھەریەکەیان تاوانبارێکی گەورەی ئەو جەنگەن لەو ناوچەیەدا داگیرساوە.
پازدە ساڵێک لەمەوبەر ئەردۆگان سیاسییەک بوو چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ لە چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا و کێشەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت، بەڵام لەمڕۆدا بووە بەیەکێک لە مەترسییە ھەرە گەورەکانی ناوچەکە، ئێستا ئەو پیاوە ستمەگەرێکە جەنگ و خوێنڕشتن خولیای ژمارە یەکیەتیی و فۆبیا لە کورد سایکۆلۆژیای سیاسیی ئەو بەڕێوەدەبات.