لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی: درۆو بوختانه‌ كە بڵێن كەنەكە هی پەكەكەیە

هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی: درۆو بوختانه‌ كە بڵێن كەنەكە هی پەكەكەیە

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان

rebwar rashidهاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (که‌نه‌که‌)، رێبوار رەشید لەبرۆكسل رایگەیاند كە “52 حزب‌و رێكخراوی سیاسی لەكۆنگرەی ئەمساڵی كەنەكەدا بەشدار بون”.

ئا: ئارام كەریم

: تا چەند پانزەهەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان سەركەوتو بو بەبڕوای ئێوە؟

رێبوار رەشید: بەڕای من سەركەوتو بو، هەروەك كۆنگرەكانی كەنەكە لەپانزە ساڵی رابردودا، كۆنگرەی نەتەوەیی كاری زۆر گەورەو گرانی كردوە. كۆنگرەی نەتەوەیی خەڵكێكی زۆر بەتوانا‌و دڵسۆز لەدەوری خۆی كۆكردوەتەوە، سەركەوتنەكان زیاتریش لەبواری كاردا بون لەبواری هێنانەپێشەوەو پێشخستنی ژناندا بون، لەبواری گەشەدان بەبواری هونەرو زمان‌و سیاسەتدا بون. لەبەرئەوە من پێموایە كە كۆنگرەی ئەمساڵ هیچ جیاوازیەكی نابێت لەكۆنگرەكانی ساڵانی پێشو، بەڵكو كۆنگرەی ئەمساڵ لەروی ئەوەی كە هاوڕێیانی كۆنگرە‌و ئەندامان‌و بەشدابوانی سێ‌ رۆژیان هەبو، كۆمەڵێك باس‌و پێشنیاری زۆر گرنگ خرانەرو، پێموایە ئەمساڵ كۆنگرەكە سەركەوتوتر بو.

: كۆنگرەی نەتەوەیی بۆچی تا ئێستا نەیتوانیوە هەمو پارت‌و لایەنەكانی كوردستان رازی بكات بەوەی بەشداربن، بۆ نمونە لەباشورو رۆژهەلات‌و رۆژئاوای كوردستان چەندین پارت‌و لایەنی گەورەو بچوك هەن بەشداریان نەكرد؟

رێبوار رەشید: كۆنگرەی نەتەوەیی توانای سزادانی نیە، كەرەسەی سزادانی لەبەردەستدا نیە‌و رێگەی سزادان بەخۆی نادات، ئێمە ناتوانین رێكخراوگەلێك ناچار بكەین كە بەهۆی جیاواز ناتوانن بێنە ناو كۆنگرەوە یان پێیانخۆش نیە بێنە ناو كۆنگرەوە، من نازانم بۆچی نایەن، وەڵامێكم لا نیە. كۆنگرە جێگەی هەمو ئەو لایەنانەیە كە پێیانخۆشە بێن. داوەتنامەی رەسمی بۆ هەمویان دەنێردرێن، بەڵام ئەوانەی نەهاتون رەنگە ژمارەیان زۆر نەبێت، چونكە 52 رێكخراوی سیاسی بەشدار بون لەم كۆنگرەیەدا، دیارە چەند لایەنێك هەن داوەتنامەكەیان بەدەست گەیشتوە بەڵام نەهاتون ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەن باشترە كە بۆچی نەهاتون؟ چونكە هەبونی ئەوان لەكۆنگرەدا نەك زیان نادات بەڵكو سودیشی دەبێت لەو روەوە كە رێگە بەدایلۆگێكی زیاتر دەدات‌و رێگەدەدات پرۆسەی دیموكراسی بكەوێتە قۆناغێكی  زیاتر سروشتیەوە، لەهەمو رویەكەوە بەشداری كردن باشترە وەك لەبەشداری نەكردن. هیوادارم ئەو حزب‌و لایەنانەی بەشدار نەبون ساڵێكی تر بەشدار ببن.

: زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان دروستكراوی پەكەكەیەو زیاتر نوێنەرایەتی ئەم هێزە دەكات، ئایا وایە؟

رێبوار رەشید: هەندێكجار قسە دەكرێت لەئاستی درۆ‌و بوختان‌و بی سەروبەرەیدایە، ئەوانە درۆو بوختان دەكەن كە دەڵێن كەنەكە هی پەكەكەیە، مرۆڤ دەبێت كە قسە دەكات بەڵگەی هەبێت بۆ قسەكانی، بیرۆكەی دامەزراندنی كۆنگرەی نەتەوەیی‌و پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێكی زۆر پێشتر، هەوڵی زۆر جدی هەبو لەسالانی نەوەدەكاندا، تا سەرەنجام لەساڵی 1999 كۆنگرەی نەتەوەیی دامەزرا، بێگومان لایەنێك كە زیاتر چالاكە دەتوانێت مۆری خۆی لەزۆر شوێنی كۆمەڵگە بدات‌و كاریگەریی لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی هەبێت. هەمو لایەك دەتوانێت بەسەهمی خۆی بەشدار بێت. كەس ناتوانیت بیسەلمێنێت كە لەم كۆنگرەیەدا پەكەكە هاتبێت‌و وتبێتی كە فڵان بەرنامە بەڕێوەبەرن.

: پلانتان چییە بۆ ئەوەی لەداهاتودا رۆڵێكی كاریگەرتان هەبێت؟

رێبوار رەشید: هەمیشە پڕۆژەو بەرنامەی هەیە بۆ ناساندنی خەباتی گەلی كورد لەباكورو رۆژئاواو باشور‌و رۆژهەڵات‌و گەیاندنی دەنگی كورد بەدنیا رونكردنەوەی مەسەلەی كورد بۆ رای گشتی جیهان‌و یارمەتی پەنابەران.

سەرچاوە :ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە