له‌نێوان هه‌ردوو رسته‌یه‌كدا زوو زوو به‌ده‌نگی پڕ له‌گریانه‌وه ده‌یوت “زۆر په‌شیمانم”، محه‌مه‌د جاف كه له‌رێی چوون بۆ هه‌نده‌ران شه‌ش ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ی خنكان، بڕیاریداوه تا ماوه سه‌ر نه‌كاته‌وه به‌عێراقدا.
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د جاف (39 ساڵ) كارمه‌ندی پۆلیس بوو له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی كه‌ركوك، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی به‌ئومێدی ژیانێكی نوێ له‌گه‌ڵ حه‌ربیه محه‌مه‌د (34 ساڵ)ی هاوسهریو پێنج له‌منداڵه‌كانی له‌كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچیان كرد، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ته‌نیا خۆی گه‌یشته “وڵاتی خه‌ونه‌كانی”.
به‌ر له‌وه‌ی كۆچ بكه‌ن محه‌مه‌د خانوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دهفرۆشێتو نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه پێشكه‌شی پۆلیس دهكاتو له‌گه‌ڵ ژن‌و منداڵه‌كانی ده‌كه‌ونه ڕێ بۆ ئه‌وروپا، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ن سه‌رجه‌میان شه‌وی 18ی ئۆكتۆبه‌ر دهخنكێنو ته‌نها خۆی رزگاری ده‌بێت.
محه‌مه‌د جاف كه ئێستا لهكامپێكی په‌نابه‌رانه له‌ئه‌ڵمانیا، له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه ورده‌كاری رووداوه‌كه‌و هۆكاری كۆچكردنیانی بۆ “نیقاش” گێڕایه‌وه‌و وتی “ژیان له‌هه‌موو عێراق‌و له‌كه‌ركوك به‌تایبه‌تی قورس بووه، هه‌موومان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بووین، لایه‌نی دارایشم ئه‌وه‌نده باش نه‌بوو كه منداڵه‌كانم خۆشبه‌خت بكه‌م، بۆیه بڕیارمدا به‌رێگه‌ی قاچاغ كۆچ بكه‌م بۆ ئه‌وروپا”.
محه‌مه‌د باسی ئه‌و “رووداوه شوومه”ی كرد كه تیایدا سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی تیاچوون‌و وتی “شه‌وی 16 ئۆكتۆبه‌ر به‌فڕۆكه به‌ره‌و توركیا به‌ڕێكه‌وتین، دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێك لهقاچاغچیه كورده‌كان رێكه‌وتم بمگه‌یه‌نێته یۆنان به‌به‌له‌مێك له‌به‌رامبه‌ر بڕی سێ هه‌زار دۆلاردا، رۆژی 18ی ئۆكتۆبه‌ر په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم وتی به‌له‌مه‌كه ئاماده‌یه بۆ بیست كه‌سه، وێنه‌ی به‌له‌مه‌كه‌ی به‌ڤایبه‌ر بۆ ناردم ڕازی بووم، به‌ڵام كاتێك گه‌یشتینه سه‌ر ده‌ریای ئیجه ئه‌و به‌له‌مه نه‌بوو زۆر بچووك بوو، به‌ڵام زۆر گرنگ نه‌بوو به‌لامه‌وه، ئه‌وه‌ی كه ترسی لام دروستكرد په‌نجا كه‌س خرانه ناو به‌له‌مه‌كه‌وه”.
محه‌مه‌د باش له‌بیریه‌تی كه چۆن قاچاخچییه‌كان نه‌فه‌ره‌كانیان به‌یه‌كتر فرۆشتووه‌و ده‌ڵێت “له‌ماوه‌ی 35 خوله‌كدا پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو به‌له‌مه‌كه‌وه دووجار فرۆشراین به‌قاچاخچی تر”.
ئێستا باوترین رێگای كۆچی خه‌ڵكی عێراق بۆ ئه‌وروپا له‌رێی توركیاوه‌یه، به‌جۆرێك به‌شێوه‌یه‌كی رێپێدراو ده‌چنه توركیا‌و له‌وێوه له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌ك رێدهكهونو ئه‌ویش له‌گه‌ڵ چه‌ند قاچاغچییه‌كی تر ده‌ستاو ده‌ستیان پێده‌گات تا ده‌گه‌نه ئه‌و وڵاته‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت، نرخی قاچاغچییهكانیش به‌پێی گه‌ره‌نتی گه‌یشتنی نه‌فه‌ره‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ڕێی قاچاغ تیا ده‌چن، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه رێی ئاو هه‌ڵده‌بژێرن، به‌جۆرێك له‌تاریكی شه‌ودا به‌له‌مێكی بچووك بهسهرنشینێكی زۆره‌وه ده‌خرێته ناو ده‌ریاوه‌و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كان ده‌كه‌ونه به‌رده‌م مه‌ترسی خنكان.
محه‌مه‌د چیرۆكی چركه‌ساتی له‌ده‌ستدانی پێنج منداڵ‌و هاوژینه‌كه‌ی به‌گریانه‌وه بۆ “نیقاش” گێڕایه‌وه‌و وتی “كاتژمێر 12:30ی شه‌و له‌ده‌ریای ئیجه له‌نزیك دورگه‌ی لیسبۆسی یۆنان شه‌پۆلێكی به‌هێز ڕووی لهبهلهمهكه كرد‌و به‌و هۆیه‌وه ژێر ئاو كه‌وت، له‌كۆی ئه‌و 50 هاوڵاتیه‌ی له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌دا بوون 12 كه‌س خنكان كه چواریان ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م بوون، هه‌روه‌ها 25مان له‌لایه‌ن تیمه‌كانی پۆلیسی ده‌ریا رزگاركراینو چاره‌نوسی 13ی تر تائێستا نادیاره، كه ژنهكهمو كوڕێكم له‌نێو نادیارهكاندایه”.
دوای چوار رۆژ له‌مردنی منداڵه‌كانی، به‌هۆی بێ هیوابوونی له‌حكومه‌تی ناوهندو هه‌رێم بۆ ناردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان بۆ كه‌ركوك، محه‌مه‌د بڕیاریدا (خه‌نده)ی شانزه ساڵ‌و (هێلین)ی ده ساڵ‌و (ڤان)ی شه‌ش ساڵ‌و (ئه‌مین)ی چوار ساڵ، لهگۆڕستانێكی موسوڵمانان له‌دورگه‌ی (كۆس) یونانی له21ی ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌سپارده‌ی خاك بكات، هه‌روه‌ها چاوی له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی هاوسهرهكهیو (عهبدلڕهزاق)ی یانزه ساڵی كوڕیه‌تی، بێهیواش بووه له‌وه‌ی به‌زیندوویی بیان بینێته‌وه، چونكه له‌لای حكومه‌تی یۆنانی 13 بزربووه‌كه‌ی تریش به‌مردوو هه‌ژمار كراون‌و تائێستا كه‌سیان لێ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
باوكی حەربیە (محەمەد حەمەدەمین) پیاوێكی ته‌مه‌ن 72 ساڵانه‌و له‌كه‌ركوك نیشته‌جێیه، مردنی كچ‌و كچه‌زاكانی كۆستی خستووه‌و بهخهمو ده‌رده‌دڵێكی زۆره‌وه به”نیقاش”ی وت “هاوارم بۆ محه‌مه‌د كرد‌و پێمووت مه‌ڕۆ، به‌ڵام به‌گوێی نه‌كردم، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌مه‌وێت ته‌نها هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی كچهكهمو پێنج كچهزاكهمه”.
سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌سێ هه‌فته به‌سه‌ر رووداوه‌كه‌دا، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی محه‌مه‌دو حه‌ربیه هێشتا له‌كه‌ركوك تازێبارنو به‌ئاسانی بڕوا به‌وه ناكه‌ن له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكدا هه‌واڵی مه‌رگی حهربیهو منداڵه‌كانیان پێگه‌یشت.
ئه‌مجه‌د محه‌مه‌د برای حه‌ربیه ورده‌كاری پێگه‌یشتنی هه‌واڵی مه‌رگی خوشكه‌كه‌ی‌و خوشكه‌زاكانی بیر ماوه‌و ده‌ڵێت “من له‌سه‌ره‌تاوه ووتم ڕێگایه‌كی هه‌ڵه هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام محه‌مه‌د ووتی ئێمه به‌دوای ژیانێكی خۆش وێڵین، خه‌فه‌ت مه‌خۆن 15 رۆژی تر وێنه‌ی ئێمه ئه‌بینیت له‌ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام پێنج رۆژی نه‌برد هه‌واڵی مه‌رگی خوشكمو خوشكه‌زاكانم پێگه‌یشت”.
وتیشی “حكومهتو ئیداره‌ی كه‌ركوك ده‌بێت بێن به‌هانامانه‌وه‌و كاربكه‌ن بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیان بۆ كه‌ركوك، چونكه ئێمه توانای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانمان نییه”.
دوای ئه‌و هه‌موو ده‌رده‌سه‌رییه‌ی به‌سه‌ریهات محه‌مه‌د جاف له‌گه‌یشتن به‌ئه‌ڵمانیا پاشگه‌ز نابێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ته‌رمی منداڵه‌كانی ده‌نێژێت به‌قاچاغ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌ڵمانیاو ئێستا لهكامپێكی په‌نابه‌رانه.
محه‌مه‌د وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ته‌واو بێهیوا بووه لهژیانو دووجار هه‌وڵی خۆكوشتنی داوه، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت كه‌سی نه‌ماوه بۆی بژی، هه‌رچه‌نده په‌شیمانه له‌وه‌ی كۆچی كردووه، به‌ڵام به‌نیاز نییه جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، له‌باره‌ی ئه‌نجامی كۆچهكهشیهوه ده‌ڵێت “هه‌وڵمدا له‌زیندانه گه‌وره‌كه‌ی عێراق ڕزگارم بێت، به‌ڵام ئێستا لهدۆزهخدام”.
سەرچاوە: نیقاش