هونەرمەندی شاری ئۆرادیای وڵاتی ڕۆمانیا بە ناوی(تیمی بول)،
هەستاوە بە بەکارهێنانی خوێنی “سوڕی مانگانەی”خۆی لە ماوەی “نۆ”
مانگدا بۆ دروست کردنی تابلۆیەکی هونەری، وینەی منداڵێکی بچکۆلەی لە منداڵدانی دایکیدا کە هێشتا لە دایک نەبووە پێ کێشاوە، بۆ کێشانی تابلۆکەش پەنجە و تامپۆن(جۆرێکە لەو لۆکانەی ژنان لە سوڕی مانگانەدا بەکاریدەهێنن، سانتی)ی بەکار هێناوە. تابلۆکەش لە “نۆ” پارچە پێکهاتووە، هونەرمەند لە کاتی هەر سوڕێکی مانگانەیدا پارچەیەک لە وێنەکەی کێشاوە، دوای “نۆ” مانگ هەموو بەشەکانی کۆکردۆتەوە و بەیەکییەوەی لکاندوون، وەک پارچەکانی “بازل” و تابلۆکە “ئیشە هونەرییەکەی” تەواو کردووە، ناوی لە تابلۆکەشی ناوە “مندالێک لە سوڕی مانگانەم”
لەسەر تابلۆکەش نووسیویەتی “من جوانی ئازار دەرک دەکەم، هەوڵمداوە ژیان بە بەر شتێکی کۆتایی هاتووی بایۆلۆژیدا بکەم”
-تیم بۆل- وێنەی تابلۆکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە و گۆتوویەتی: “دەرک کردنم بە بەها و گرنگی سوڕی مانگانە وای لێکردم بەو خوێنەی لەوکاتەدا کە لەسوڕەکەدام ئەو تابلۆ هونەرییە بکێشم”.
دیزاینەری گرافیک و وێنەکێشی ئازاد و فۆتۆگرافەر “جیس کومین” سەرنجێکی خۆی لەبارەی تابلۆکە خستە ڕوو گۆتی: “لە کاتی سوڕی مانگانەمدا، هەست بە جوانی تابلۆکە دەکەم، چونکە گرنگی و بەهای سوڕی مانگانەم خۆراک پێدەری سەرجەم بوونمە”.
هەروەها جیس کۆمین درێژە بە سەرنجەکەی دەدا و دەبێژێ: تیمی پۆل بیری بۆ ئەوە چووە “لە ڕزگاربوون لە هێلکەی مانگانەدا بە ڕێی خوێنی سوڕی مانگانەوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ لە دایکبوونی شتێک کە لە رووی بایۆلۆژییەوە کۆتایی پێهاتووە و لێیەوە سەرەتایەکی کۆتایی هاتووی ئافراندووە”، هەروەها دەبێژێ: “هەست دەکەم ئەم ئیشە هونەرییە پەیامێکی هەڵگرتووە تەنانەت ئەگەر نەتوانێ ببینێ و بئاخڤێ و هەناسە بدا بەڵام خەڵک “جمهور” دەتوانێ لەبری ئەو ببینێ و بئاخڤێ و هەناسە بدا.
هەروەها کۆمین ئاماژە بۆ ئەوەش دەکا کە “پۆل” یەکەم کەس نییە بیرۆکەی کێشانی تابلۆی بەخوێنی سوڕی مانگانە هەبووبێ، بەڵکو بۆ یەکەمجار لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ خوێندکارێک لە فێرگەی گلاسکۆی هونەری خوێنی سوڕی مانگانەی بۆ تابلۆکانی بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی پەیامێک بگەیەنێ بە ژنان ” پێم وایە خەڵکی سوری مانگانەیان لا شتێکی شەرمئاوەرە بەڵام بە پێچەوانەوە وانییە”
هەروەها دەبێژێ: “خەڵکی تر زەیت و خەڵوز بۆ وێنە کێشان بەکاردەهێنن، ئەم خوێنەش بە دژبەری ئەوان دانانرێ”.
لە ڕۆژنامەی “فەجر” وەرمگرتووە و وەرگێڕانم بۆ کردووە.
….
منیش وەک ژنێک دەبێژم: خوێنی سوڕی مانگانە پیس نییە، پیس نییە وەک لای گریکیە کۆنەکان و لای یەهودییەکان و لای مەسیحییەکان و لای ئیسلامییەکان و هەروەها لای کۆمەڵگای پیاوان بە گشتی پیسە، نەخێر پیس نییە، چونکە دەشیا مرۆڤێک کە بڕیاری داوە نەیەت بەڕێی ئەو خوێنەوە بەرەوە فەنابوونی کۆتایی دەڕوات، بهاتبا.
ئەو خوێنە شیاوی ڕێزە، بێ بەها نییە، ئەو لۆکەیە(تامپۆنە) کە زۆرینەی کورد پێی دەڵێن: “پەڕۆی بێ نوێژی” بێ بەها نییە، چونکە سەرچاوەی ئەو خوێنە کانی ژیانە.
خوێنی سوڕی مانگانە واتا نوێبوونەوە و ژیانەوە، ئەمەشە وایکردووە ژن زۆر زێتر لە پیاو لە سروشت نزیکتر بێ.
منیش دەڵێم: تا ئێستاش زۆرینەی کۆمەڵگاکان دواکەوتووەکان بە چاوێکی قێزەونەوە دەڕواننە ئافرەت لەکاتی سوڕی مانگانەدا، بە بێ بیرکردنەوە لە (سەبر و خۆڕاگری ژنان، بۆ ئەو ئازارە زۆرە جەستەیی و دەروونییانەی ژنان لەکاتی سوڕی مانگانەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە). بە بێ درککردن بەوەی هەر سوڕێکی ئافرەت، سەرەتای ژیانێکی نوێ و بەردەوامی مرۆڤایەتییە.