ساڵێک بەسەر دەستگیرکرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلاندا تێپەڕبوو، دەمیرتاش لە دوای ئۆجەلان بە گەورەترین بەندکراوی سیاسیی تورکیا دادەنرێت.
هەرچەندە ساڵێکە لە زیندانی ئەدرنەدا بەند کراوە کەچی هێشتا دادگای تورکیا هیچ بڕیاڕێکی لەسەر دەرنەکردووە، وا بڕیارە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕێوەبچێ، پێشتر بڕیاربوو لە مانگی حوزەیراندا دادگایی بکرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی دەمیرتاش ئامادەنەبوو بە کەلەپچەکراوی بچێتە بەردەم دادەوەر دانیشتنەکەی دادگا دواخرا.
دەمیرتاش کە بۆخۆی یاساناسە و پێشتر سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بووە لە ئامەد، بەر لە چەند مانگ سەبارەت بە دادگایی کردنەکەی وتی دڵنیایە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی ناکرێت چونکە لە تورکیا هیچ دادوەرێک ناتوانێت پێچەوانەی خواستی ئەردۆغان بڕیار بدات.
ئەردۆغان پێشتر لە لێدوانەکانیدا دەمیرتاش و پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکانی هەدەپەی بە تیرۆریست ناوبردبوو، هەر بۆیە هەندێک لە شرۆڤەکارانی دۆخی تورکیا پێشبینی دەکەن دادگا سزایەکی قورس بەسەر دەمیرتاشدا بسەپێنێت، هەروەک چۆن لە چەند رۆژی ڕابردوودا دادگا بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە سزای ١٠ ساڵی زیندانی بەسەر سەلما ئرماک پەرلەمانتارێکی دیکەی هەدەپەدا سەپاند، جگە لەوەش داواکاری گشتی داوای سەپاندنی سزای ١٤٢ ساڵ زیندانی بۆ دەمیرتاش کردووە.
دەمیرتاش پێشتر جارێک بە تۆمەتی پشتگیریکردنی پەکەکە سزا دراوە، ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٦دا و دوای چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی رۆژ تی ڤی بوو کە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو سزا درا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش پەرلەمانتاری سێ خولی پەرلەمانی تورکیایە، ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری ئامەدەوە بووە پەرلەمانتاری پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ساڵی ٢٠١٠ بووە سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەدەپە، ساڵی ٢٠١٢ش کاتێک پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دامەزرا، بووە هاوسەرۆکی ئەو پارتە.
هەدەپە بە سەرۆکایەتی دەمیرتاش بووە بەهێزترین پارتی سیاسی باکوری کوردستان و سێیەم پارتی گەورەی تورکیا، ساڵی ٢٠١٤ خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کرد و توانی زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگ بە دەست بهێنێت، هەرچەندە دەمیرتاش لەو هەڵبژاردنەدا ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان نەبوو، ئەردۆغان لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا ڕووی هێرشەکانی کردبووە سەر دەمیرتاش.
لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥ی پەرلەمانی تورکیادا دەمیرتاش کەمپەینێکی سەرکەوتوانەی بەڕێوەبرد و توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی پارتە سیاسییەکانی باکوری کوردستاندا بەربەستی لەسەدا ١٠ بۆ چوونە ناو پەرلەمانى تورکیا تێپەڕێنێت و هەدەپە بە بەدەستهێنانی ٨٠ کورسی بووە سێیەم پارتی سیاسی تورکیا.