کێشەیەکی بنەڕەتی کە دێتە بەردەم ڕەخنەگرتن لە سیستمی ئابووری کوردستان، تێکەڵبوونی ئاڕاستەکانە چ لە ڕووی ڕەخنە چ لە ڕووی پێشوازی لە ڕەخنەکان. ئەگەر بتەوێ ڕەخنە لە سیاسەتی نەوت بە تایبەتی و سامانی سروشتی بگری بە گشتی ئەوا پێشوازییە هەرە باوەکە ئەوەیە کە تۆ کەسێکی ئەنتی پارتیت.
ئەگەر ڕەخنە لە “بازاڕی ئازاد” بگریت و پێت ڕەوا نەبێت کۆمەڵگەی کوردستان ببێتە کۆمەڵگەیەکی “بەرخۆر، کۆمەڵگەی ئیستیهلاکی” ئەوا دەنگدانەوە چاوەڕوانکراوەکە ئەوەیە کە سەردەمی مۆدیلی سۆڤیەت بەسەرچووە لێ گەڕێن خەڵك، بەڵیندەر، سەرمایەدارە خۆماڵی و بێگانەکان، خزمەت بکەن!
زۆر نموونەی تری پەرچەکرداریتری ئامادەکراو یان بە بەرنامە چاوەڕێی ڕەخنەیە لە سیستمی ئابووریی کوردستان، بەڵام لە هەمووی کوشندەتر ڕەخنەیە لە گەندەڵی، ئەم جۆرە لە ڕەخنە بووەتە ڕەخنەی “هەموان” لە سیستم، هاووڵاتیی ئاسایی، پاڵەوانە گەندەڵەکان خۆیان، میدیا هەمووی بەیەکەوە سوپایەک پێک دێنن لە بەرەی دژە گەندەڵ بێ ئەوەی گەندەڵی سانتیمێك پاشەکشەی کردبێت لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو.
ڕەخنە لە ئابووریی کوردستان دەبێ بگەڕێتەوە سەر ڕێچکە ئەسڵییەکەی خۆی، گەندەڵی ناتوانێ ببێتە ناسنامەی ئابوورسی کوردستان بەڵکو دەکرێ وەکو یەکێک لە سیما و خۆ دەرخستنەکان، ڕەنگدانەوەی تەوزیفی پۆست و دەسەڵاتی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، کە ئەمەش ئاکارێکە لە کۆمەڵێ ئاکاریترو نەك تاقە شێواز.
سیستمی ئابووریی کوردستان، لە سالێ ١٩٩١ەوە بەر لە هەر پێناسەیەك لە مامەڵەکردنی لەگەڵ موفرەداتی سیستمی بەرهەمهێنان، شێوازی بازرگانی، سیستمی تاڵانی، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئیش لەسەر تێك شکاندنی “بەها و پێوەرەکانی” کۆمەڵگە دەکات، سەرکەوتوش بووە لە تێك شکاندنی بەشێکی زۆری ئەم بەها و پیوەرانە و شوێن گرتنەوەیان بە بەها و پێوەریتر کە توانیویەتی کۆمەڵگە بکاتە دیلی دەستی ئەو شیکردنەوانەی کە قبوڵی هەموو شتێکی ئەو سیستمەی لا ئامادەیەو، زیاد لەوەش توانیی کۆمەڵگە بەوە ڕابێنێ کە مەینەتییەکانی ئەم سیستمە وەکو ڕووداوی سروشتی ژیانی خۆیان سەیر بکەن و نەك وەك ئەنجامی شێوازی کارکردنی ئەو سیستمە.
دەوڵەمەندبوونی خێرا کە دەگەمەنن لە ئەزموونی دەوڵەت و شوێنیتری دونیا، دەرکەوتنی دەیان کەسایەتی ئابووریی تازە، دەوڵەمەنتربوونی کەسایەتییە کۆنەکانی ئابووری هەمووی وەکو سەرکەوتن و پێشەنگ بوونی مۆدیلی ئابووریی کوردستان پێناسەی بۆ دەکرا بە شێوەیەکی فراوان تەنانەت تا ناوەڕاستی ٢٠١٤ هەمووی وەکو موژدەی سبەینێ و داهاتویەکی باشتر خۆی لە زەین و لە مامەڵەی ڕۆژانەی خەڵک بەرهەم دەهێناوە.
کار گەیشتە ئەوەی فشارێکی زۆر لە ناو هەرێمەوە لە ڕێگای کەس و کار، پێگەی کۆمەڵایەتی، لەسەر پەناهەندەی کورد لە دەرەوە دروست بێت کە بۆچی نایەنەوە؟ لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ زۆرترین ژمارەی پەناهەندەی کورد گەڕانەوە هەرێم، بەشێکیان بەهەرەمەند بوون لەو گەڕانەوەیە، بەشێکیان وەکو باقی خەڵک دەستکەوتێکی دیاریکراویان بە دەست نەهێنا لە ڕووی پایەی ئابووری. کێشەکە لێرە کە پێویستی بە تێڕامانە داتای وردی ئەو کەسانە نییە کە لە گەڕانەوەیان بۆ کوردستان سوودی ئابووریان بینی، بەڵکو ئەو پەیامە، ئەو یۆتۆپیا موگناتیسە بوو سەبارەت بە ژیان و سیستمی ئابووری و سیاسی لە کوردستان کە ئەوەندە بە هێز بوو توانیی بە ئاسانی لەشکرێک لە خەڵکی دەرەوە بهێنێتەوە بۆ کوردستان. ئەم پەیامە ئەم یۆتۆپیایە تەمەن ١٠ ساڵییە بەهێزیەکەی تەنیا ڕوو بە دەرەوە نەبوو بەڵکو لە ناوەوەش تەوقێکی خۆبەخشانە بوو کە ڕێگری لە کۆچ بکا، تەوژمی کۆچی ڕاگرت، کاتێك یۆتۆپیاکە کاڵ بووە بینیمان تەوژمی کۆچ چی کرد.
ئاشکرایە؛ هەرێمی کوردستان بە کۆڵێك قەیران ساڵی ٢٠١٦ى دەستپێکردووە، ئاماژەکان نائومێدییەکی زۆری تێدایە سەبارەت بە ڕێگاچارەی قەیرانەکان. مانۆڕی سیاسیی گەورە لە ئارادایە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانانە بە موغامەرەی سیاسیی ناوخۆ یان هەرێمیی. شان بە شانی ئەم مانۆرە سیاسییانە شەپۆلێك لە بانگەوازی “چاکسازی” دەستی پێکردووە، کە هەندێکیان لە شێوازی (تەرشیق)کردنی وەزارەتەکان، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی سەرۆکایتییەکان، بڕینی مووچە باڵاکان، هەوڵدان بۆ بڕینی مووچە نزەمەکانیش بە تایبەتی ئەو (٦٠) هەزارەى ئەو کەسانە کە کەمدرامەترین توێژەکانی کۆمەڵگە پێك دەهێنن و لەسەر وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتین و ٤ مانگ جارێك (١٥٠٠٠٠) هەزار دینار وەردەگرن، بە بیانوی دۆزینەوەی ئەوانەی ئیستیغلالی ئەم مەعاشە دەکەن!
ئەو ڕەخنەو بانگەوازانەی کە بە ناوی چاکسازی بەرزبووەتەوە، چەند بیرۆکەیەکی لە خۆی گرتووە، چەشنی بارکردنی بەشی زۆری ئۆباڵی ئەم قەیرانانە بە سەر بوونی (کەرتی گشتی) و بوونی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەری حکومی. بیرۆکەی فرۆشتنی وەزارەتەکانی حکومەت بە کەرتی تایبەت ڕەونەقترین تێزە کە حکومەت و بەشێک لە میدیای سێبەر وەکو فریاد ڕەسی قەیران وێنای دەکەن. ئایا کەرتی گشتی ئەم هەموو مەینەتەی بە سەر خەڵکی کوردستان هێناوە؟ یان ئەم بیرۆکەیە هەڵقوڵاوی هەمان ئەو عەقڵ و بەرژەوەندەیە کە کۆمەڵگەی کوردستانی بەم ڕۆژە گەیاند و لە ئێستاشدا دەیانەوێ ئەزموونی یۆنان و ئیسپانیا بەسەر خەڵکی کوردستان تاقی بکەنەوە، بە تایبەتی لە هەڕاج کردنی کەرتی گشتی.
کەرتی گشتی لە کوردستان بە دەست زۆر مەینەت دەناڵێنێ، نەك لەبەر ئەوەی “کەرتی گشتییە” بەڵکو لەبەر ئەوەی لە ٢٣ ساڵی ئەزموونی حوکمڕانی یەك ستراتیژ لە پشتی ئیدارەکردنییەوە بووە، کە هیچ پەیوەندیی بە تازەکردنەوە و گەشەپێدان نەبووە، بەڵکو بریتی بوو لە لاوازکردن و بێ شەخسیەت کردنی ئەم کەرتە و لە هەمووشی گرنگتر ئیستیغلالى ئەم کەرتە بووە بۆ تەماحییەکانی کەرتی تایبەت.
پڕ کردنی کەرتی گشتی بە فەرمانبەر، بۆ ڕاگرتنی بەڵانسی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و دابەشکردنەکانی پۆستەکان بوو لەسەر بنەمای دابەشکردنی چانسەکانی کەرتی گشتی، نەك لەسەر بنەمای ستراتیژ و پلانی پێویستییەکانی کۆمەڵگە، ئەم دەردە وەکو ڕستەیەک لە وتارێکێدا زۆر سادە دەکەوێتە بەرچاو و بەر گوێ، بەڵام لە واقیعی تاڵی ئابووریی کۆمەڵگە لە درێژیی ٢٣ساڵدا تەرجومە دەکرێ بە چاندنی گەرای قەیران کە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ گەیشتە ئەوپەڕی لوتکەی خۆی.
ئێستا دەنگۆی هەڕاجکردنی گشتی بە تایبەتی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان سەداکەی زۆر بەهێزەو پێدەچێ ئێمە لە داهاتویەکی نزیکدا ببینین بە هەمووان پەلاماری گشتی بدەن، بە تایبەتی ئیلیەتی سیاسی فەرمانڕەوا، وەکو ئەوەی ئەمە میرات بێ ئەوان سەرپشک بن لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەم میراتە. لە نێو ئەم سەدایەشدا وەرگرتنی قەرز لە بانکە نێودەوڵەتییەکان و ڕازی بوون بە مەرجەکانیان وەکو بەشی دووەمی ئەم پاکێجە دێتە پێشەوە. نموونەی ئەو مەرجانەی کە ئێستا بانکی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی عێراق دایناوە، چەشنی ئەوەی کە نابێ تا ٣ ساڵێتر حکومەت کەس دامەزرێنێ و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان کەم بکرێتەوەو یان لە هەندێ بڕگەدا هەر نەمێنن، ئەم مەرجانەش کە تا ئاستی بەشداری لە داڕشتنی پلانی ساڵانە دەڕوا تەنیا بۆ پێدانی کەمتر لە ٢ ملیار دۆلارە!
فرۆشتنی کەرتی گشتی، خەونی سەرجەم ئیلیەتی سیاسی فەرمانڕەوا بووە لە ٢٣ ساڵی ڕابردوودا، بەڵام بۆ لە ئێستادا ئەم خەونە وەکو واقیعێکی سەپێنراو، وەکو بەلەمی فریادڕەس خۆ دەنوێنێ و بەهێزێکی زیاترەوە دێتەوە مەیدان؟ چەند هۆکارێکی گرنگ لە پشتی ئەم هاتنەوە بە هێزەدایە کە سیاسی و ئابووری سایکۆلۆژی بەیەکەوە گرێ دەدات. لێرەدا ئەوەندەی دەرفەت بێت لێرە لە سەری دەدوێین. دەسەڵاتی سیاسی نەك لە کوردستان بەڵکو لە هەموو شوێنێکی دونیا کاتێك یۆتۆپیاکەی فەشەل دێنێ، دەست و دامێن دانانیشێ بەڵکو بە دوای چاندنی وەهمێکیتر، یۆتۆپیایەکیتر هەنگاو دەنێ. زەمینەی ئەم وەهمە لە بارە چونکە:
یەکەم: ئەو هێزە سەرەکییانەی لە گۆڕەپانەکەن بە هەموو ناکۆکییەکانی نێوانیان هەموویان دوژمنی کەرتی گشتین بە تایبەتی کاتێک لە توێی ٢٣ ساڵدا ئیشیان بەو کەرتە نامێنێ و خۆیان لە بارودۆخێك دەبینین کە سایزی قازانجەکانیان لە ڕێگای میکانیزمەکانی کەرتی تایبەت زۆرترو خێراتر دەبێت.
دووەم: لەکاتی قەیراندا دەبێ شەیتانێک “تاوانبارێك” بدۆزێتەوە کە ئەوەندە بێ خاوەن بێ بە ئاسانی هەموو شکستەکەی بەملدا بێنی و بتوانی بیکەیتە کەیسێک بۆ پەردەپۆشکردنى هۆکارە سەرەکییەکان، ئەم تاوانبارە “کەرتی گشتی” خاوەنە ئەسڵییەکە بریتییە لە هاووڵاتیان، کۆمەڵگە، بە تایبەتی چینە نەدارەکانی کۆمەڵگە. بەڵام لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی کۆمەڵگە بە گشتی و هاووڵاتیانی چینەکانی خوارەوە ترسناکترین دۆخی پەرش و بڵاویی سیاسی و ناڕێکخراوەیی لە مێژوودا بەسەر دەبەن. هۆشیاری و بیرتیژیی سیاسی ئەوەندە قوڵ و بێهێزە کە هەستکردن بەوەی کەرتی گشتی و موڵکەکانی حکومەت موڵکی کۆمەڵگەیە ئاسەوارێکی زۆر تەنکی ماوە.
سێیەم: پرسیارێك کە دێتە پێشەوە ئەوەیە، کاراکتەرەکانی کەرتی تایبەت کێن، ئەو کاپیتالیستە کوردانە کێن کە بڕیارە کەرتی گشتی بکڕنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەندەی پێویستی بە بیرهێنانەوەیە ئەوەندە پێویستی بە قوڵ بوونەوە نییە! بیرتانە هونەرمەندێک، ئەکتەرێک، سەرنووسەری ڕۆژنامەیەك لە پڕ دەبووە خاوەن پڕۆژەی ئابووریی گەورە لە شارە سەرەکییەکانی کوردستان کە بە ملیارەها دۆلار تەخمین دەکرا؟ هاووڵاتیان دەزانن کە ئەم کاراکتەرانە هەڵگری ئەم توانا ئابووریانە نەبوون، ئەوان ماسك بوون، ئەوان دەم و چاوی شانۆکە بوون، کاراکتەرە سەرەکی و خاوەنە ئەسڵییەکان کەسایەتییە سیاسییەکان بوون کە نەیاندەویست ڕاستەوخۆ ناویان تێکەڵاوی ئیستغیلالکردنی کەرتی گشتی و موڵکەکانی گشتی بێت. ڕەنگە ئەمجارە وا نەبێت و کاکی سیاسەتمەدار ڕاستەوخۆ کەرتی گشتی بکڕیتەوە، چونکە لە ٢٣ ساڵی ڕابردوو توانا ئابوورییەکانی گەیشتووەتە ئاستێك کە دەتوانێت هی وڵاتانی دراوسێش بکڕێتەوە، لەوانەشە دیسان پەنا بۆ یاریە کۆنەکە ببەن و وەکو سپرایزی ٢٠١٦ هونەرمەندێکى کەمدەرامەت کارەبای کوردستان بکڕێت و هونەرمەندێک هەر لەبەر گاڵتەکانى وەزارەتی تەندروستی بکڕێتەوە!