لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن کوردستان، لەیاریزانەوە بو بەیاریگا

کوردستان، لەیاریزانەوە بو بەیاریگا

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

دۆخی كوردستان پاش روداوەكانی كەركوك بە ئاقارێكی خراپدا دەڕوات. شارەزایان پێیانوایە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبن، ئەوا هەرێم لە یاریزانەوە دەكەنە گۆڕەپانی شەڕ‌و ململانێكان.

ئا: نیاز محەمەد
هاتنی داعش لەساڵی 2014دا هێزی پێشمەرگە‌و هەرێمی كوردستانی تاڕادەیەك كردبوە یاریزانێك لەدەرەوەی سنوری هەرێم‌و بەوەش بەشێكی زۆری ناوچە جێناكۆكەكانی وەك ئەمری واقیع كردبوەوە بەبەشێك لەهەرێمەكە‌. تەنانەت وای لێهاتبو پێشمەرگە لەسەردەمێكدا بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان رەوانەی كۆبانێ لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەسوریا كرا. بەڵام هێرشی هێزەكانی عێراقیەكان بۆ ناوچە جێناكۆكەكان جارێكی دیكە مەترسییەكانی هێناوەتەوە بەر دەرگای هەرێمی كوردستان كە بەبڕوای شارەزایانی سیاسی ئەگەر دۆخی ناوخۆی ماڵی كوردی بەم ئاڕاستەیەی ئێستا بڕوات، دور نییە هەرێمەكە توشی دابەشبون ببێت.
دكتۆر مەحمود عوسمان، كەسایەتی سیاسی كورد، هۆشداریدەدات كە ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەیەكڕیزییەوە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەگفتوگۆ چارەسەرنەكەن، مەترسی ئەوە هەیە شەڕ بكەوێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە. بەبڕوای مەحمود عوسمان حكومەتی عێراق بەپێی رێككەوتن‌و بەپشتیوانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانان هەر ئەگەڕایەوە ئەو ناوچانەی بەر لە هاتنی داعش بەدەستییەوە بون، بەڵام ریفراندۆم كرایە پاساو كە بەشەڕ بگەڕێنەوە نەك بە گفتوگۆ. وتیشی”كوردیش چونكە یەكڕیز نەبو لە شەڕەكەدا نەیتوانی وەكو پێویست روبەڕوی ببێتەوە”.

كۆنترۆڵكردنی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە نێو ماڵی كوردی هێندەی دیكە توشی لێكترازان كردوە، بەشێوەیەك كە ئەگەری دو ئیدارەیی‌و گەڕانەوە بۆ شەڕی ناوخۆ بەدور نازانرێت. مەحمود عوسمان لەوبارەیەوە وتی”یەكڕیزنەبونی كورد بنچینەی دروستبونی ئەو دۆخەیە”، بەڵام بەدوریشی دەزانێت لەئێستادا رێككەوتن لەنێوان لایەنەكاندا بێتەدی. بۆیە وتی”هیچ پێشبینییەكی باش ناكەم بۆ هەرێمی كوردستان”.
سەردار عەبدوڵا پێی وایە ئەركی هێزە سیاسییەكان ئێستا ئەوەیە یەكگرتوبن بۆ ئەوەی كورد نەبێت بەژێر پێوە‌و بتوانێت هەم خۆی لە مەترسییە گەورەكانی ناوچەكە بپارێزێت‌و هەمیش دەرفەتەكان بقۆزێتەوە. ئەو وتی “ئێستاش ئەگەر وا نەكەین مەترسی گەورەتر چاوەڕێمان دەكات”.
سەرباری ئەو مەترسیانەی ئێستا، سەردار عەبدوڵا پێی وایە هەرێم لەبەردەم مەترسی جۆراوجۆری دیكەدایەو وتیشی “گەورەترین هەڵەی ستراتیژی‌و كوشندە بۆ ئێمە ئەوەیە دەرفەت بدەین هەرێم دابەش ببێت بۆ دو ئیدارە”. لەوبڕوایەشدایە دابەشبونەكە لەئێستادا لە هەمو مەترسییەك جدی ترە. هۆشداریشدەدات ئەگەر دابەشبونی هەرێم روبدا، ئەوا شەڕی ناوخۆ شتێكی مسۆگەرە، شەڕەكەش شەڕی بە وەكالەت دەبێت‌و بەپارەیەكی زۆری وڵاتانی دەوروبەر بەڕێوەدەچێت.
سەردار عەبدوڵا لەبەر رۆشنایی قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە باسی لەوە كرد دەبێت ئەو میلیشیایانەی لەعێراق لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بگەڕێنەوە “ماڵی خۆیان”، وتی”یارییەكە لەبنەڕەتدا لەئێمە گەورەترە، بۆیە گەر بەوریاییەوە مامەڵە نەكەین‌و سیاسەتی یەكترشكاندن وەلانەنێین، زەرەرمەندی گەورە دەردەچین”.
پاش ئەوەی كورد لەبەردەم هێرشی هێزە عێراقییەكاندا لەناوچە جێناكۆكەكان پاشەكشەی كرد، بەشێك لەلایەنەكانی هەرێم داوادەكەن بەرپرسانی ئەو دۆخە دەستلەكاربكێشنەوە. سەدار عەبدوڵا وتی”من لەگەڵ لێپرسینەوە‌و سزادانی بەرپرسیارانی ئەم دۆخەدام، بەڵام لەئێستادا ئەولەویەت بۆ كورد هەڵسانەوەیە، چونكە هێشتا مەترسییەكە لەبەر دەرگایە”.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسی دیاری كورد، پێی وایە ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمدا هات قوربانی موزایەدەی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە‌و پێشیوایە لەگەڵ باسكردنی ریفراندۆمدا ئێران‌و عێراق‌و توركیا بەجدی كەوتنەخۆ‌و پیلاندانان لەسەر ئاستی سیاسی‌و سەربازی‌و هەواڵگریی‌و تەنانەت ئابوریش، بۆ ئەوەی پرسی كورد لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچوك بكەنەوە‌و گەمارۆی بدەن‌. لەم كاتەشدا هێزە سیاسییەكانی كورد لەباشور سەرقاڵی كێبڕكێی حزبین‌و خەریكی پیلانن لەدژی یەكتری‌. وتیشی “ئەنجامی ئەوەش ئەم دۆخەی لێكەوتەوە‌و پلانی ئەو سێ وڵاتە بەنیسبەت باشوری كوردستانەوە چوەسەر”. جەختیش دەكاتەوە كە لەو هێرشانەی كرانە سەر كەركوك نوێنەری ئێران، توركیا‌و هێزی سەربازی‌و هەواڵگریی ئەو دو وڵاتە‌و شارەزاكانیان بەشداریان كردوە. پێشی وایە داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێم لەم كاتەدا كە لە سلێمانی دو هێزی سیاسی داوای دەكەن‌و ئەو شتانەشی چەند حزبێكی دیكە لە هەولێر داوای دەكەن هیچیان چارەسەر نین.
پێنجوێنی وتی “تەنیا رێگەیەك بۆئەوەی بەرەنگاری ئەم دۆخه ببینەوەو ئەوەی ماوە لەدەستمان نەچێت ئەوەیە كە هێزە سیاسییەكان‌و ئەو گروپانەی كاریگەرییان لەسەر رای گشتی هەیە، پێكەوە كۆببنەوە بگەنە یەك بۆچون‌و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەن، نەك وەكو ئەوەی ئێستا كە لەسلێمانی كۆبونەوەیەك دەبێت‌و لەهەولێر كۆبونەوەیەكی دیكە، ئەمە چارەسەری كێشەكە ناكات”.
باسی لەوەشكرد كە دو ئیدارەیی مەترسیەكە روی لە هەرێم كردوە‌و پێشی وایە ئەوە پرۆژەی ئێران‌و نوری مالیكییە، بەجدی دەیانەوێت جێبەجێی بكەن‌و كاریشی بۆ كراوە‌. یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم هێرشەی بۆ سەر كوردستان رویداوە دورستكردنی دوئیدارەییە. بەپێی پێشبینی محەمەد ئەمین پێنجوێنی هەردو ئەگەرەكە: دروستبونی دوئیدارەیی یان ئەگەری رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان دو ئەگەری لواون لەداهاتودا.

0 FacebookTwitterPinterestEmail