ئاراس فەتاح
– دەشێت ئەمڕۆ گەلی ئێمە، خەمبارترین گەلی ئەم دونیایەیە بێت. ئەمڕۆ سەرکردە سیاسیی و جەنەڕاڵە سەربازیی و نوخبە رۆشنبیرەکانیان بە حیزبیی و ناحیزبییەوە میللەتێکیان توشی نسکۆیەکی نەتەوەیی نوێ کردەوە. بە نەوەی نوێیان نیشاندا شکست و شکاندنی کەرامەتی نەتەوەیی مانای چییە. پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیی شاری کەرکوک و ھەموو کوردستانیان ھێنایە گریان، کەرامەتی یەکە بە یەکەی ئەم میللەتەیان لەبەر چاوی میدیا و رای گشتیی جیھانییدا وردوخاشکرد. گەلێک کە ئەمڕۆ ”شکۆ“ی نەتەوەیی و کەرامەتی تەنھا بەدەستی سەرباز و میلیشیای دەوڵەتی عێراقی دوای سەدام نەشکێنرا، بەڵکو ئەو ھیوایەشی وردوخاش بوو کە لەسەر ریفراندۆم و وەھمی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی ئەو نوخبە سوڵتانییە ھەڵیچنیبوو.
– ئەم شکستەی کەرکوک پێشئەوەی شکستێکی سەربازیی بێت، شکستی ئەخلاقیی و سیاسیی نوخبەی سوڵتانی و سەربازیی و ڕۆشنبیرییەکەی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەم جووت دەسەڵاتدارێتییە خێزانییە چواردە ساڵە حوکمی ئەم شارە غەمبارە دەکەن و سامانەکەی بۆ بنیاتنانی ئیمراتۆرییە میدیایی و سەربازیی و ئەمنییەکانی خۆیان بەکاردەھێنن، کەچی نەیانتوانی چواردە سەعات بەرگریی لێ بکەن و ژیانی خەڵکەکەی بپارێزن.
– ئەم نسکۆیە شکستی ئەوانە بوو کە پاساوی دابڕانی یاسا و ئەخلاقیان لە سیاسەت دەکرد و دەیانگوت سیاسەت ناتەبایە لەگەڵ ئەخلاق و دروستکردنی دەوڵەتیش پەیوەندی بە رێزگرتن لە یاسا و ئەخلاقی بەرپرسیارێتییەوە نییە. ئەوانەی دەیانگوت ریفراندۆم و بڕیاردان لەسەر مافی چارەی خۆنووسین قائیدی زەرورەی دەوێت و پاڵەوانێکی سیاسیی سەرووی یاسای دەوێت کە ئازا و چاونەترس بێت و حیساب بۆ ھیچ کەس و ھێز و ھاوکێشەیەکی ناوخۆیی و ئیقلیمیی و جیھانیی نەکات. بانگەشەی ئەوەیاندەکرد کە ئەم سەربەخۆییە نرخەکەی ھەرچییەک بێت دەبێت بیدەین و پێویست ناکات ھیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی ھەڵگرین کە گرنگترینیان پاراستنی ژیانی خەڵکی ئەم ھەرێمەیە. ھەموو ئەوانە، بەبێ جیاوازیی لە ئاستی قووڵیی بەرپرسیارێتییاندا، خەڵکی ئێمەیان تووشی شاگەشکەی سەربەخۆیی کرد و بە مژدەی بەتاڵ و درۆی سیاسیی ئەم نوخبە سوڵتانییە خەڵکی کوردستانیان تووشی بەدمەستیی دروستکردنی دەوڵەتێک کرد کە بەر لە لەدایکبوونی نەتەوەکەی خۆیان کوشت .
– لەدوای ئەم نسکۆیەوە ئەو گوتارە فریودەرە ھەمیشەییەی ناوعەقڵی سیاسیی لەدایکدەبێتەوە کە ھەموو شکستەکان دەباتە دەرەوەی خۆی، ئەویش گوتاری موئامەرە و خیانەتە لە کورد. ئەم گوتارە لەجەوھەردا ماکیاجکردنی شکستی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی ئەم نوخبە سوڵتانییەیە و پێماندەڵێت موئامەرەیەکی ناوخۆیی و ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی لە کورد کراوە. ئەوان دەیانەوێت بەم پاساوە سەروو یان میتا-ئیرادەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە و دووبارە شەرعییەت بدەنەوە بە دونیای دووئیدارەیی یان دوو ھەرێمیی. دەیانەوێت یەکێکیان لەباوەشی تورکیا بلاوێنرێتەوە و ئەوی تریشیان لە باوەشی ئێران ڕابژەنرێت و ھەردوکیشیان لە ژێر زەبری بەخشینەوەی سەروەریی بە دەوڵەتی عێراقی پۆست بەعسیزمدا بژین. دەوڵەتێک کە ئەم دوو ھێزە جورئەتی ئەوەیان لادروستکرد دوای ئەنفال و ھەڵەبجە و شەنگال جورئەتی ئەخلاقیی و سیاسیی ئەوەی لادروستبێتەوە دووبارە لەشکرکێشیی بکاتە سەر کوردستان و لە کەرکوک گەلی ئێمە دووبارە دەربەدەر بکات و کۆی خەڵکی کوردستان توشی زەبری دەروونی (تراوما) بکاتەوە و ھەموو ئەو دەستکەوتانەی ماوەی ٢٦ ساڵە شانازییان پێوەدەکرد، بگەڕێننەوە بۆ باوەشی نیشتیمانی عێراقیی عەرەبیی.
– لەدوای ئەم نسکۆیەوە چەمکی خیانەت دەبێت سەرتاپا ھەڵگێڕینەوە. ئەوەی ئەمجارە خیانەتی کرد دووبارە سەرکردەکان نەبوون لە گەلەکەی خۆیان، بەڵکو خەڵک و ئەو ھێزانە بوو لە عەقڵی داوەریی خۆیان. شکستی ئەوانەی کە ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییان بە سەرۆکێکی ناشەرعیی و نابەرپرسیار بەرامبەر بە ژیانی سیاسیی و ئەمنیی میللەتەکەیان سپارد. لەدوای ئەزمونی شەنگال و ئەمڕۆش لە کەرکوک چیدی خەڵکی کوردستان نابێت باس لە خیانەت بکات و لەڕێگایەوە ویژدانی برینداری خۆی پێ ساڕێژبکات، چونکە ئەم دۆخە تەنھا دەرئەنجامی عەقڵییەتی سوڵتانیی ئەم خێزانە سیاسییانە نین کە ماوەی ٢٦ ساڵە ئەم گەلە دەڕەتێنن، بەڵکو لەھەمان کاتدا دەرئەنجامی نەبوونی دیدگای نوێ و ئەو ئیفلیجبوونە سیاسیی و وەنەوزە سیاسییە بوو کە ھەموو ھێزە سیاسییەکان بە فۆرمی جیاواز تووشی بوون و تەسلیمی گوتاری دەوڵەتەکەی بارزانیی بوون. لەدوای کەرکووکەوە دەبێت بێبەزەییانە بە دیدگایەکی رەخنەییەوە ئەم نسکۆ نوێیەی سەدەی بیست و یەکەممان بخوێنینەوە.