لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی پەرەدەستێنێت

خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی پەرەدەستێنێت

0 تێبینییەکان 48 بینینەکان

حكومەتی هەرێم دەكەوێتە ژێر گوشاری توندی ناوخۆو دەرەوە، عێراق لەسنوری مەخمور هێزێكی گەورە كۆدەكاتەوە بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر كێڵگەی “خورمەڵە”دا كە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، لەناوخۆی كوردستانیشدا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی بەشێك لەخەڵكی كوردستان بەرامبەر بەدۆخی ئابوری‌و سیاسی هەرێمی كوردستان دوو شەممە 18/12ەوە پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكاریی بۆ كشانەوە لەحكومەت‌و گەڕانەوە بۆ ریزی ئۆپۆزیسیۆن دەكات، قەوارەكانی نەوەی نوێ‌‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری دەچنە پاڵا خۆپیشاندەرانەوە . لەلایەکیتر هەر سێ شەممە ( ١٩\١٢\٢٠١٧ )گوتەبێژی تەندروستیی گشتیی رانیە دەڵێت، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی رانیە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسی دیکەش برینداربوون.

لەچوارچێوەی ئەم ناڕەزایی دەربڕینانەدا بۆ یەكەمجار خۆپیشاندان سنوری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، دوێنێ‌ 18/12 لەقەزای رەواندز خۆپیشاندان ئەنجامدراو زیاتر لە 10 كەس برینداربون و 20 كەسیش دەستبەسەركران، كاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆپیشاندانی رەواندوز بە”ئاماژەیەكی دڵخۆشكەر” ناودەبات بۆ گواستنەوەی ناڕەزایەتییەكان بۆ سنوری پارێزگای هەولێر.

لەبەرامبەریشدا، فازڵ بەشارەتی ئەندامی سەركردایەتی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات “ئەم بارودۆخەی ناخۆی هەرێمی كوردستان، هۆكارێكە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق زیاتر فشار بخاتە سەرمان”.

هەروەها دكتۆر رێبوار كەریم، كەسایەتی نزیك لەبەرهەم ساڵح بەئاوێنەی راگەیاندوە كە قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری پشتیوانی لەداوا رەواكانی خەڵكی كوردستان دەكات، كە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنانە بەو زوڵم و ستەمەی هەیە.

لەلایەكی دیكەوە، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەئاوێنەی راگەیاند كە پێویستە حكومەتی هەرێم زەمینە خۆش بكات بۆ ئەوەی لەنزیكەوە گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجام بدات، ئەو وتی “خۆپیشاندانەكانی ئێستا پێگەی هەرێم لەبەرامبەر حكومەتی عێراق لاوازتردەكات”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە