
نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، وڵاتێک لایەنێکى بەشدار لە هەڵبژاردنى ئاڕاستەکردووە بۆ کڕینى کورسی لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق.
مالیکى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، “من وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و ئاڕاستەیکردووە کە هەر کورسییەک بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن. واتە 100 کورسی بە 100 ملیۆن دۆلار، بەمەش دەیانەوێت ئیرادەی میللەت بکڕن. هەموو وڵاتێک بەدوای کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمانەوەیە چونکە دڵى پڕۆسەی سیاسییە”، بەبێ ئەوەى ناوى وڵاتەکە و لایەنەکە بهێنێت..
وتیشى هەڵبژاردنی داهاتوو لەژێر زەبرى پارەدا بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێی داراییش دەبێت. بە درێژایی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەرگیز شاهیدی دۆخى لەم شێوەیە نەبوون کە پارەیەکی وەها گەورە بۆ هەڵبژاردن خەرجبکرێت. لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکییەوە هاتبێت، بەڵام ئەوەی پارەی حەڵاڵى هەیە با خەرجی بکات، ئەوەش هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە.
داواشى لە هاوڵاتیان کرد، دەنگەکانیان بە ٥٠ دۆلار یان ١٠٠ دۆلار نەفرۆشن و خاوەن لیستەکانیش خۆیان لەم شێوازە بەدوور بگرن، چونکە بەم کارە کەسانی لاواز دەبنە ناو پەرلەمانەوە.
مالیکى باسى لەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٤دا بەتەنها ٧٠٠ هەزار دەنگى بەدەستهێنا، کە بەهۆیەوە 29 نوێنەر چونە پەرلەمان کە خۆى هەڵینەبژاردن، بەڵام لە دەنگەکانى کەمکرانەوە، “ڕەنگە بەشێکیان هەزار دەنگیان بەدەست نەهێنابێت، لەکاتێکدا کاندیدێکی سەربەخۆ 9 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و سەرنەکەوت بۆ پەرلەمان. بەڕای من ئەمە نادادپەروەرییە، هەربۆیە دەبێت یاساکە بگۆڕدرێت، بەڵام هەندێک هێزی سیاسی دەیانەوێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت”.
دەشڵێت، ئیرادەی ئەو کەسانەی کە دژی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، هاوکات بوو لەگەڵ ئیرادەی ئەو کەسانەی کە دژی یاساى تایبەت بە حەشدى شەعبین، ئەوەش دەرئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، کە بە ئاشکرا بایکۆتیان کرد.
مالیکى پێشیوایە، نەدەبوو سەرکردایەتی پەرلەمان ملکەچی ئەو فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە. سەرکردایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆدایە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بۆ شکاندنی رێژەى یاسایی کۆدەبنەوە.
نورى مالیکى کە هاوپەیمانێتییەکەى پێکهێنەرێکى سەرەکى چوارچێوەى هەماهەنگییە، بەجیا بەشدارى هەڵبژاردن دەکات، دواى ئەوەى چوارچێوە بڕیاریدا بە لیستى جیاجیا بچێتە هەڵبژاردنەوە.
بەپێی میدیا عێراقییەکان، مالیکى هۆکارى سەرەکى دابەشبوونى چوارچێوەیە و دەیەوێت هێزى خۆى تاقیبکاتەوە.
بڕیارە لە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارە، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆن، ژمارەی ئەو لایەنانەی خواستى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، 118 لایەنە. ئەوەش زیاترە لە ژمارەی حزبەکان (لە دەرەوەی هاوپەیمانی) لە ساڵی 2021 کە 109 حزب بوون، هەرچەندە هەڵبژاردن بە سیستمى فرە بازنەیی بەڕێوەچوو.
هەروەها کۆمسیۆن دەڵێت، 25 هاوپەیمانی خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، 11 هاوپەیمانی تریش هێشتا چاوەڕێی پەسەندکردن، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو، 21 هاوپەیمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو.
سەرچاوە:سبەى