ڕەنگە بڵێین سەختە پێشبینی ئەوە بکەیت لەکاتی تەنگژە و قەیرانەکاندا ڤلادیمێر پۆتین چۆن ڕەفتار دەکات.
هەرچەندە دوای خستنە خوارەوەی فرۆکەی وڵاتەکەی لەلایەن تورکیاوە لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا، پۆتین زۆر بەپەلە توڕەیی خۆی بەرامبەر کردەوەکە دەربڕی، بەڵام زۆربەی جار لەکاتی ڕوودانی تەنگژە و دروستبوونی بارودۆخێکی لەو شێوەیە، ماوەیەک بێدەنگ دەبێت و پاشان کاردانەوەیەکی دەبێت کە زۆر کەس پێشبینی ناکەن.
تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە سەربازییە ڕووسییەکە (سوخۆ – ٢٤)، پۆتین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شا عەبدوڵای ئۆردون وتی “تورکیا لە پشتەوە چەقۆی لێ داوین” و “هاوکاریی تیرۆرستانی کردووە”، هەروەها تورکیاشی ئاگادار کردەوە لەوەی کە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنکەرەدا دەکەن.
کاردانەوەی پۆتین زۆر توڕەیی پێوە دیار بوو، بەڵام بۆ ئەو کاتە دەکرا بە ژیرانە دابنرێت، چونکە کاتێک هێرشێک دەکرێتە سەر گەل و وڵاتەکەی، سروشتی وایە کە زوو کاردانەوەی نابێت.
پاش ئەنجامدانی هێرشەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ کە لە شاری ڤۆلگۆگرادی ڕووسیا لەلایەن دوو خۆکوژەوە ئەنجام درا و کوژرانی ٣٠ کەسی لێکەوتەوە، پۆتین بۆ ماوەی دوو ڕۆژ وەستا و پاشان بێدەنگی شکاند و وتی “تیرۆرستان تێکدەشکێنین”.
تێڕامانە سارد و توڕەکەی پۆتین
هاوشێوەی ڕووداوەکەی سەرەوە، پۆتین سێ ڕۆژ بێدەنگی هەڵبژراد دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە لە بیابانی سینا لە میسر، کە ٢٢٤ سەرنشینی تێدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لە دەستدا.
کارەساتەکە لە ٣١ی تشرینی یەکەمدا ڕوویدا، بەڵام پۆتین دوای سێ ڕۆژ و لە ٢ی تشرینی دووەمدا لەسەر تەلەفزیۆن پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان کرد، کە ئەو بێدەنگییەش بۆ زۆربەی میدیاکان نامۆ بوو.
تەنانەت دوای ئەوەی زۆرێک لە سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە کە بۆمبێکی چێندراو بووەتە هۆی تێکشکاندنی فڕۆکەکە و خستنە خوارەوەی، بەڵام ئەوە لای پۆتین و بەرپرسانی وڵاتەکەی تەنها ئەگەرێک بوو.
لە ١٦ی تشرینی دووەمدا و لە لوتکەی جی ٢٠ کە تورکیا بەڕێوەی برد، پەیامنێرا پرسیاریان لێ کرد کە لێدوان بدات لەسەر لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە، بەڵام پۆتین هێمن دەردەکەوت و بەردەوام دەیوت هێشتا زووە بۆ دواین بڕیار.
چەند کاتژمێرێک دواتر و لە کرێملن، دوای ئەوەی دووپاتکرایەوە کە بۆمبێکێ چێندراو لە فڕۆکەکەدا لەلایەن داعشەوە بووەتە هۆی تێکشکانی فڕۆکەکە، ڕەفتاری پۆتین بە تەوایی گۆڕا.
پاشان بە تێڕامان و ڕوخسارێکی توڕەوە، پۆتین وتی “تاوانباران” لە هەر شوێنێک بن بە سزای خۆیان دەگەن و دەبێت تێبگەن کە بە دڵنیاییەوە تۆڵەیان لێدەکرێتەوە.
نائاسایی
پۆتین دوای چەند ڕۆژێک لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فرۆكە مالیزییەکە (MH17) لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٤دا، لە کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی شەو لە کەناڵی ڕووسیا ٢٤ دەرکەوت و وتی نابێت هیچ کەسێک وشەی “کارەسات” بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆی بەکاربهێنێت، هەروەها وتیشی “دەبێت ئەو ڕووداوە نەبێتە هۆی لێکترازانی لایەنەکان، بەڵکو ببێتە یەکگرتنیان”.
پۆتین بەو کاتە درەنگە شێوەیەکی نائاسیی هەبوو، چەند خاڵێکی بچوکی ڕەش بە خوار چاوەکانییەوە بوو، ستانلیسلاڤ بێلکۆڤسکی دەڵێت “ئەو شەوە ڕوخساری هەڵبزڕکاو بوو، هەروەک بڵێی بۆ چەند ڕۆژێکە خەو نەچووەتە چاوی و زۆر پەشۆکاو و نیگەران دیار بوو.”
ئەوەش تەواو پێچەوانەی ڕوخساری پۆتین بوو لەکاتی کاردانەوەی لەسەر خستنە خوارەوەی فرۆکە سەربازییەکەی وڵاتەکەی لەلایەن تورکیاوە.
لای زۆرێک لە لێکۆڵەران، پۆتین بۆیە بەو شەوە درەنگە لێدوانی لەسەر کەوتنە خوارەوەی فرۆكە مالیزییەکە دا، تاوەکو لایەنە دەرەکییەکان گوێبیستی پەیامەکەی بن، بە تایبەت کاتێکی گونجاو بوو بۆ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو ڕاستەخۆ ئاگاداری بن.
بێلکۆڤسکی وەک خۆی دەڵێت، سەلماندوویەتی کە شارەزای لایەنی دەروونیی و ڕەفتاری پۆتینە، بە تایبەت لەسەر فرۆکە مالیزییەکە، هەروەها دەشڵێت، ڕاستە پۆتین لەو کاتەدا نائاسیی بوو، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە کە شکست دێنێت، هەروەها کاردانەوەشی لەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆكەکە لەلایەن تورکیاوە هەمان ئەو واتایە دەگەیەنێت کە پۆتین کۆڵ نادات.
سەرچاوە: بی بی سی
و. کاروان ئەحمەد