فۆرین پۆلیسی: ئایا مەسیحییەکانی عێراق و سوریا بەهۆی تاوانەکانی “داعش”ەوە ریشەکێشدەکرێن؟
پیتەر فێڤە و ویل ئینبۆدین
وەرگێڕانی/ جەمال پیرە
گۆڤاری فۆرین پۆلیسی لەراپۆرتێکیدا دەربارەی کۆچی مەسیحییەکان لەسەر خاکی مێژووی خۆیاندا کە لەسەردەمی نویدا تێیدا نیشتەجێن دەپرسێت ئاخۆ جیهان وەک تەماشاکارێک دەبێت لەبەرامبەر ئەم کۆچکردنەدا و ئەمریکا رێگەدەدات ئەمە رووبدات؟ ئامادەکارانی ئەم وتارە روونیانکردۆتەوە ئەگەر لەماوەی چەند هەفتەیەکدا نەجوڵێین جیهان پرۆسەیەکی جینۆسایدی کارەساتبار دژی بەمەسیحییەکانی عێراق و سوریا بەخۆیەوە دەبینێت.
لەکاتێکدا چاوی جیهان لەسەر سەرکێشییەکانی کۆریای باکورە، لەماوەی ١٠ ساڵی رابردووەوە تائێستا تراژیدیایەک بەردەوامە بێئەوەی هیچ کەسێک سەرنجی بدات، ئەویش یەکێکە لەپاشماوەکانی داگیرکردنی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ و ئەو شەڕە تایەفییەی لەدوای ئەم رووداوەوە هات، بارودۆخی مەسیحییەکان لەسەردەمی فەرمانڕەوایەتی سەدام حوسێندا گوڵڕێژ نەبوو، بەڵام دوای کەوتن و لەناوچوونی رژێمی پێشوو، و ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دروستبوو، بووە هۆی تێکچوونی بارودۆخی مەسیحییەکان، ئیدارەی بوشی کوڕ هەوڵیدا کەمینە چەوساوەکانی عێراق بپارێزێت، بەڵام شەڕی گروپە توندڕەوەکان سەرقالیکرد.
تراژیدیاکە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی ئۆبامادا گەیشتە لوتکەی خۆی، جیهان جینۆسایدی مەسیحییەکانی عێراقی بەخۆیەوەبین لەسەر دەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بەهۆیەوە هەزاران کەسی مەسیحی لەناوچەکانی خۆیاندا هەڵاتن، و ئەوکاتەی کە ئیدارەی ئۆباما پاڵپشتی لەمیلیشیا خۆجێیەکان کرد بۆ شەڕکردن لەگەڵ رێکخروەکەدا، ئەنجامەکە بریتی بوو لە زیاتربوونی پرۆسەکانی وەدەرنان و لەناوبردن لەسەر دەستی میلیشیاکاندا.
لەهەموو خراپتر ئەوەبوو ئیدارەی ئۆباما هاوکارییە داراییەکانی کلێسا و رێکخراوە مەسیحییەکانی عێراقی بڕی، کە بەهۆیەوە هاوکاری مەسیحییە زیانلێکەوتووەکان دەکرا، پاساویش بۆئەم کارە ئەوە بوو نایانەوێ وادەرکەون لایەنگری مەسیحییەکان لەکاتێکدا زۆر لەپێکهاتەکانی عێراق بەهەمان دەردەوە دەیانناڵاند. هەرچەندە ئەمریکا رایگەیاندووە کە مەسیحی و ئێزیدییەکان لەهەموو پێکهاتەکانی دیکە روبەڕووی چەوسانەوە بوونەتەوە، بەڵام هەوڵیشی نەداوە یارمەتیان بدات.
هەڵمەتی دژایەتیکردنی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی کە ئۆباما رایگەیاند و لەسەردەمی ترامپیشدا گەورەتر بوو بەئامانجی وەدەرنانی رێکخراوەکە لەو شوێنانەی کە کۆنتڕۆڵی کردبوو، بەڵام کەمینە مەسیحییەکان بەتەنها کەمێک هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەدەست گەیشت لەپێناو بەدیهاتنی سەقامگیرییدا. لەوەدەچوو لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانانی دژ بەم رێکخراوە پلانی دیکەیان هەبووبێ بۆ ئەو ناوچانەی بەمدواییانە ئازادکران، هەندێک کۆمەڵگای بەقەبارە بچوکی وەک مەسیحییەکان لە موسڵ خەریک بوو بۆتاهەتایە ون بن. ژمارەیەکی کەمی گوندی مەسیحییەکان لەدەشتی نەینەوادا ماون خەڵکەکەیان پابەندن بەخاکەوە، تێیاندا پرۆسەی بونیادنانەوە دەستیپێکردووە بەو پارەیەی کە لەبنەڕەتدا لەلایەن هەندێک رێکخراوی فریاکەوتنی نێودەوڵەتییەوە کۆکراوەتەوە، وەک سوارچاکانی کۆڵۆمبس و هاوکاری ئەو کلێسایانەی کە پێویستن، و حکومەتی هەنگاریا، و هاوکارییە فرایگوزارییەکان لە ئەبرەشییە کاسۆلیک و ئەرسەدۆکسییە لۆکاڵییەکانەوە.
بەپێی وتارەکە کلێسا کاسۆلیک و ئەرسەدۆکسییە لۆکاڵییەکان ماوەی چەند ساڵێکە خۆراک و پەناگە و هاوکارییە پزیشکییەکان و یارمەتی بواری پەروەردەیی پێشکەش بە مەسیحی و ئێزیدیی و هەندێک لەئاوەرەبووانی ناوخۆ دەکەن، بەڵام ئەم دەرامەتانە بەسەرچوون، یان شێوازەکە کۆن بووە، ئێستا چاوی ئەم پێکهاتانە لەسەر واشنتۆنە، بەوەی کە سیاسەتکارە ئەمریکییەکان بیر لەوە دەکەنەوە حکومەتی ئەمریکی هاوکارییە مرۆییەکانی زیاتر بکات.
روونترین و باشترین ئاراستەی هاوکاریکردنەکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ئەو یاسایە بقۆزرێتەوە کە لەساڵی ٢٠١٧دا دەرچووە و هەردوو پەڕلەمانتار کریس سمیث و ئانا شۆ لەدانانیدا بەسداربوون، تایبەتە بە”رێگریکردن لەجینۆساید و سزادانی بکەرەکان”، یاساکە بەڕاشکاوی رێگادەدات ئیدارەی ترامپ، و ئیدارەکانی دیکەی داهاتوو، هاوکاریی ئەو پێکهاتە و کەمینە ئایینی و ئەتنییانە بکەن کە بوونەتە قوربانی جینۆساید. تێپەڕاندنی ئەم یاسایە جەختکردنەوەیەکە بۆ هاوبەشە خۆجێیەکان بەوەی کە ئەمریکا بەشێوەیەکی لاوازانە قوربانییەکان دەپاریزێت، هەرچەندە یاساکە بەتێکڕای دەنگ لەئەنجومەنی نوێنەراندا تێپەڕیوە بەڵام رەنگە لەئەنجومەنی پیراندا پەکبخرێت.
ئەگەر سیناتۆر پۆپ کڕۆکەر سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران، و سەرکردایەتی ئەنجومەنەکە هەستیان بەپێویستی رزگارکردنی ئەوانە نەکردبایە کە لەجینۆساید رزگاریان بووە، پاشانیش بەپێی ئەم یاسایەی کە باسمان کرد ئەولەویەتیان بەم بابەتە نەدایە- یان ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنەکە شێوازی هەڵسوکەوتکردنیان دەستنیشان نەکردایە لەگەڵ یاساکە، ئەوان یاساکە دەبووە قوربانی ئەجێندا قەرەباڵغەکەی ئەنجومەنی پیران(کە ئێستا بەهۆی زریانی هارڤییەوە) قەرەباڵغتر بووە. وتارەکە جەخت دەکاتە سەر ئەوەی پێویستە لەسەر کۆشکی سپی سەرکردەی زۆرینەی ناو ئەنجومەنەکە هانبدات بەپێی ئەم یاسایە کاربکرێت.
ئیدارەی ترامپ دەتوانێ ئەو رێگەپێدانەی کە لەساڵی دارایی ٢٠١٧ لەلایەن کۆنگرێسەوە پێیبەخشراوە، لەگەڵ ئیمتیازاتەکانی جێبەجێکارییدا، بۆئەوەی بەپەلە یارمەتییەکان بنێرێت ، لەپێناو روبەڕوبوونەوەی ئەو مەترسیانەیە کە ئێستا هەڕەشە لە مەسیحییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێزیدییەکان دەکەن. مەینەتی ئەم پێکهاتانە تراژیدایەکە زۆرینەی ئەندامانی تیمەکەی ترامپ دەیزانن، ژمارەیەک گەورە بەرپرسیش لەنێویاندا خودی سەرۆک ترامپ نیگەرانی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕیوە.
بەڵام ئەم ئیدارەیە روبەڕووی زۆر ئاستەنگی دیکە دەبێتەوە، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە پێویستی بەسەرنج و دڵسۆزیی هەیە، رەنگە پیویست بەهەندێک رێنمایی راشکاوانە هەبێت بۆئەوەی بەسەر بیرۆکراسیەتدا سەرکەوێت، بەتایبەت لەوەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمریکی بۆگەشەپێدانی نێودەوڵەتی، دەربارەی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ئەو پێکهاتە ئایینی و ئەتنیانەی کە بەم شێوەیە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.
لەهەمانکاتدا پێوستە لەسەر ئەنجومەنی پیران بەزووترین کات کانساس سام بڕاونباک وەک باڵیۆزی گشتی ئازادی ئایینی دابمەزرێنێت، تاکو بتوانێ پەیوەندی بکات بەراوێژکاری تایبەت بەکەمینە ئایینییەکانی رژهەڵاتی ناوەڕاست و باشور و ناوەڕاستی ئاسیا لەوەزارەتی دەرەوە، و لەمبارەیەوە بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوە بێت.
ئامادەکارانی ئەم وتارە وایدەبینن بارودۆخەکە لەقەیراندایە، بەڵام هێشتا هیوا ماوە، هەندێک لەئاوارەبووەکان دەگەڕێنەوە، ئەگەر بەپەلە هاوکاری پێویست بکرێن، رەنگە لەوەدا سەرکەوتووبین پارێزگاری لەمانەوەی نەوەی نوێی مەسیحییەکان بکەین لەشوێنەکانی خۆیان.
بەڵام ئەم کارە لەوانەیە پێویستی بەوە هەبێت سیاسەتکارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوێک بەسەردەمی کۆندا بخشێننەوە. لەکتێبی ئیستەردا چیرۆکێک هاتووە لەوڵاتی فارسدا روویداوە، ئەوکاتەی کە چەند گروپێکی سیاسی خۆجێی هەوڵی پیلانگێڕییانداوە بۆ لەناوبردنی کەمینەیەکی ئایینی دیکە، ئەویش کەمینەی جولەکە بووە، باوکی شاژن ئیستەر داوایکردووە شاژن هەژموونی سیاسی خۆی بەکاربهێنێت و دەستێوەردان بکات بۆپاراستنیان. بەدرێژایی چەندین سەدە وشەکانی مۆردەخای دووبارە دەکرانەوە “کێ دەیزانی ئەگەر تۆ لەم ساتەدا لەشانشینەکەدا دەرنەکەوتیتایە چی روویدەدا؟”.
وتارەکە بەوە کۆتایی پێدەهێنێت و ئاماژەدەدات بەوەی “ئەگەر جیهان نەجوڵێت، ئەوا ئالتەرناتیڤ کارەساتێک دەبێت ویژدانی مرۆڤایەتی دەسوتێنێت. و ئەگەر پەلە نەکەین، رەنگە دواهەمین بەشی جینۆساید بەچاوی خۆمان ببینین کە دەکرا رێگری لێبکەین.