رۆژنامەكانی ئەوروپا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیان لەچەندین گۆشەنیگاوە تاووتوێ كردوە یەكێك لە رۆژنامەكانیش نوسیویەتی”بەدرێژایی مێژوی خۆیان، كوردەكان لەسەر بێمتمانەیی دۆستەكانیان راهاتون”.
رۆژنامەی راستڕەوی جەماوەریی هۆڵەندی “دی تەلەگراف” نوسیویەتی”بەدرێژایی مێژوی خۆیان كوردەكان لەسەر بێمتمانەیی دۆستەكانیان راهاتون. بەدیاریكراوی لە جەنگی جیهانی یەكەمەوە كاتێك بەریتانیا بەڵێنی خۆی شكاند و بەبێ دەوڵەت جێی هێشتن لەكاتی دابەشكردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا. لە ئەنجامی ئەوەشدا بەدرێژایی دەیەكانی دواتر روبەڕوی ستەم و سەركوتكاریی بونەوە، سەدام حسێن، دكتارتۆری پێشوی عێراق بە گازی كیمیاوی هێرشی كردە سەریان. لەبەرامبەردا زۆربەی كات رۆژئاوا هیچ جوڵەیەكی نەكرد”.
وتوشیەتی”ئەمڕۆ رۆژئاوا دەترسێت خواستی كوردەكان ببێتە هۆكاری زیاتركردنی ناسەقامگیری لەناوچەكە. لەراستیدا هێشتا ناوچەكە بە شەڕی بەربەریانەی نێوان سونە و شیعە و نێوان توندڕەوە ئیسلامییەكان و دیكتاتۆرە بێ ویژدانەكان، ئاگری گرتوە. لەم دۆخەدا بونی شەریكیك فاكتەری سەقامیگری و جێگەی متمانە بێت، پێشوازی لێ دەكرێت”.
رۆژنامەی لیبراڵی “نویا زویرچەر زایتونگ”ی سویسری نوسیویەتی”ئاماژەكانی شەڕێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەركەوتون؟ ئایا كوردەكانی عێراق هەڵەیان كردوە بە گرەوكردن لەسەر ریفراندۆم؟ پرسیاری زۆر بە مێشكدا دێن. بەڵام راستییەكان لەسەر زەوی ئەمانەن: تانكە توركییەكان لەسەر سنوری كوردستانی عێراق جێگیركراون، هێزە ئێرانییەكانیش لە ئامادەباشیدان لە رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە، لە باشوریشەوە حكومەتی ناوەندی خەریكی كۆكردنەوەی هێز و میلیشیاكانە. گەشتە ئاسمانییەكان بۆ هەردو شاری هەولێر و سلێمانی هەڵوەشێنراونەتەوە”.
وتوشیەتی”بۆ رێگەگرتن لە هەڵایسانی شەڕ پێویستە بارزانی وڵاتانی دراوسێ رازی بكات، بەپێی ئەوەی هەندێك دەیڵێن. لەڕوی ئەخلاقییەوە ئەو پرسیارەی كە ئایا كوردەكان مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەتێكی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ناخرێتەڕو. پاش چەند دەیەیەك لە ستەم و چەوساندنەوە لە عێراق، كە هەرگیز هەستیان بە ئینتما بۆی نەكردوە، ناكرێت یەكپارچەیی خاكەكەی بۆ لەلایان پیرۆز بێت. كوردەكان قوربانی زۆریان دا لە شەڕی دژ بە داعش. بۆچی تانكەكانی توركیا لەسەر سنور بڵاوەیان پێنەكرا كاتێك یەكپارچەیی خاكی عێراق لەبەردەم مەترسی داعشدا بو”.
رۆژنامەی “زود دویچی سایتۆنگ”ی لیبراڵ نوسیویەتی”هەندێك لە دیپلۆماتكارەكان فەلسەفەی ئەوە لێدەدەن كە فەلەستینییەكان ماوەی 40 ساڵە لە دانوستاندان بۆ گەیشتن بە دەوڵەت. كوردەكان بەوڕادەیەك دانبەخۆیاندا ناگرن. پێویستە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دۆخەكە هێوربكاتەوە و وەك نێوەندگر دەست بە پرۆسەی دانوستان بكات. بەدەر لەوە بەمنزیكانە شەڕ لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت هەڵدەگیرسێت”.
رۆژنامەی “هۆسبۆدارسكی نۆفینی” كە رۆژنامەیەكی ئابورییە و لە سلۆڤاكیا و چیك دەردەچێت نوسیویەتی”چەند راستییەك لە دۆسیەی كوردیدا هەن كە باشترە بوترێن. ژمارەی كوردەكان لەدنیادا دەگاتە 30 ملیۆن بۆ 40 ملیۆن. ئەوان گەورەترین گەلی بێ دەوڵەتن. بەسەر چوار وڵاتدا دابەشبون: توركیا، ئێران، سوریا و عێراق. لە عێراق خاوەنی جۆرێك لە سەربەخۆیی كەلتوری خاوەنی خۆبەڕێوەبەرین كە هێزێكی داونەتێ لەماوەی چەند ساڵی رابردودا. لەبەرامبەر ئەوەی بەدەستیانهێناوە كوردەكان زۆر خوێنیان داوە و ئازاریان چەشتوە لەژێر دەستی فەرمانڕەوایی سەدام حسێندا كە تا ئەو رادەیە رۆیشت بە كیمیایی لێیان بدات”.
نوسیویشیەتی”ئێمە ئەگەر كەسانی شارستانی بین رێزی مافی گەلان بۆ دیاریكردنی چارەنوسیان دەگرین، بۆچی نكۆڵی لەوە دەكەین بۆ كوردەكان؟ ئەوەش بزانە كە كوردەكان كەمینەكانی دیكە لەناوچەكانیان دەرناكەن. بۆچی پێشوازی لەو ریفراندۆمە ناكرێت كە ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی سەربەخۆییدا بو؟”