لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی “له‌ئێستادا شه‌ڕ له‌ده‌رگای‌ كه‌ركوك نادات”

“له‌ئێستادا شه‌ڕ له‌ده‌رگای‌ كه‌ركوك نادات”

0 تێبینییەکان 17 بینینەکان

ئا: نیاز

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌مو چاوه‌ڕوانیه‌كانەوە، ده‌نگدانی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌كه‌ركوك زۆر به‌هێمنی‌‌و ئارامی‌ تێپه‌ڕی‌. په‌رله‌مانتارێكی‌ عێراق ده‌ڵێت “باوەڕناكەم حكومەتی عێراقی بڕیاری جوڵاندنی هێز بۆ كەركوك جێبەجێ بكات، چونكە سوپاكەی لەئێستادا لەشەڕدایە لەگەڵ داعش‌و ناتوانێت دەرگای شەڕی دیكە لەخۆی بكاتەوە”.

له‌كاتێكدا كه‌ كه‌ركوكییه‌كان به‌جۆش‌و خرۆشه‌وه‌ ده‌چونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگ به‌سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان بده‌ن، له‌به‌غدا دانیشتنی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ عێراق گه‌رم بو بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌بێ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی كورد كۆمه‌ڵێك بڕیار بده‌ن. پێنچ لەو بڕیاریان تایبه‌ت بون به‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، له‌وانه‌ پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیران به‌گرتنه‌به‌ری هه‌مو ڕێوشوێنه‌كان بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق‌و ده‌ركردنی فه‌رمان بۆ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌‌و بڵاوبونه‌وه‌ له‌هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێش ‎10-6-2014 تیایدا بون، له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان‌و له‌نێونیشاندا كه‌ركوك‌و پاراستنی ئاسایش تیایدا. به‌ڵام شوان داودی پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئەو بڕیارانەی دوێنێ پەرلەمانی عێراق، بڕیاری كاردانەوەن‌و هەروەها بڕیاری تەنفیزین. هەر بڕیارێكی تەنفیزیش كە لە پەرلەمانەوە دەردەچێت قابیلی جێبەجێ نەكردنە. واتە حكومەت بۆی هەیە جێبەجێی نەكات، چونكە پەرلەمان لە بنەڕەتدا بۆی نییە بڕیاری تەنفیزی دەربكات. ئه‌و وتی‌ “لەبەرئەوە كێشە هەبو لەسەر داڕشتنیان‌و بڕیاردراوە جارێكی دیكە پێیدابچنەوە‌. هەروەها بڕیاریشیان داوە بۆ دانیشتنی رۆژی چوارشەممە سەرۆك وەزیران بچێتە پەرلەمان‌و دەیانەوێت گوێ لەویش بگرن‌و بۆچونی لەسەر كێشەكان بزانن”. 

وتیشی‌ “بە بۆچونی من چەند رۆژێك هەڵچون دەبێت پاش ریفراندۆمەكەش، دوای ئەو هەڵچونانە دەستپێخەری دیكە دەخرێنەڕو بەتایبەت بۆ گفتوگۆ‌و دانوستان. باوەڕناكەم حكومەتی عێراقی بڕیاری جوڵاندنی هێز بۆ ناوچە جێناكۆكەكان‌و كەركوك جێبەجێ بكات، چونكە حكومەتی عێراق سوپاكەی لەئێستادا لە شەڕدایە لەگەڵ داعش لە سنوری حەویجە‌و رومادی بۆیە ناتوانێت دەرگای شەڕی دیكە لەخۆی بكاتەوە‌و دەرگای كردنەوەی هەر شەڕێكی دیكە دەڕواتە بەرژەوەندی داعشەوە”. 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵانێكی‌ درێژە كێشەی كورد‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق لەسەر ناوچە جێناكۆكەكانەو لەبەرئەوەیشه‌ ئێستاش زۆرترین قسە لەسەر ئەم ناوچانە دەكرێت. لەریفراندۆمه‌كه‌ی دوێنێشدا لەو ناوچانە تەنیا كورد دەنگی داو پێكهاتەكانی دیكە دەنگیان نەدا، چونكە لایه‌نه‌ عەرەبی‌‌و توركمانه‌كا پرۆسەكەیان بایكۆت كرد. شوان داودی‌ له‌مباره‌وه‌ وتی‌ “من باس لەوە ناكەم وەك تاكەكەس خەڵكی تیابوە عه‌ره‌ب‌و توركومان دەنگیان داوە، بەڵام وەكو لایەنە سیاسییەكانی ئەو پێكهاتانە بەڕەسمی بایكۆتیان كردوە. كێشەی ئەم ناوچانەش سیاسییە‌و دەبێت چارەسەری سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە. هیچ هێزو لایەنێك تاكلایەنە ناتوانێت چارەسەر بەسەر ئەم ناوچانەدا بسەپێنێت، نەكورد دەتوانێت بەتەنیا بیسەپێنێت نەعەرەب بەتەنیا دەتوانێت‌و نەتوركمانیش‌، بەبێ یەك لایەنیشیان ناكرێت. چارەسەری ئەم ناوچانە پێویستی بە رێككەوتنی لایەنەكان‌و گەڕانەوەیە بۆ دەستور‌ بەپێی مادەی 140 تا هەمو پێكهاتەكانی ناوچەكە پێكەوە بچنە سەر سندوقی دەنگدان”. بە بۆچونی ئەو “ریفراندۆمەكەی هەرێمیش هیچ چارەسەرێك نییە بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە تەنیا كورد دەنگی داوە لەو ناوچانە”. 

هه‌رچه‌نده‌ وا بڕیاره‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق جارێكیتر كۆبێته‌وه‌‌و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ بدرێت كه‌ په‌یوه‌ستن به‌كه‌ركوك‌و كورده‌وه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی‌ كورد هه‌مویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستانن‌و به‌غدایان به‌جێهێشتوه‌. شوان داودی‌ وتی‌ “گەڕانەوەی پەرلەمانتاران پێویستی بە بڕیاری دەستەجەمعی هەیە. پێموایە ئێستا زوە بۆ ئەو بڕیارە‌و پێویستی بە چەند رۆژێكی دیكە هەیە. بێگومان گەڕانەوەمان لە ئێستادا كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە‌و مەترسی هەیە بەتایبەت كاردانەوەی سیاسی، بۆیە من خۆم پێم باش نییە لە ئێستادا بگەڕێینەوە”. 

وتیشی‌ “عێراق بە پرۆسەیەكی گۆڕانكاری گەورەدا دەڕوات‌. من پێموایە ئەم ریفراندۆمەی دوێنێی ئێمە بەشێكە لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی عێراقی پاش داعش‌و رەنگە گۆڕانكاری لە ناوچە سوننەكانیش ببێت”.سەبارە بە هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک کۆمار، داودی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داوای سەندنەوەی متمانە داوایەكی شەقامی عێراقییە ئەگەر نا هیچ داوایەكی سیاسی تا ئێستا بۆ ئەو مەبەستە نییە‌و متمانە سەندنەوەش لەسەرۆك كۆمار پێویستی بەدو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانە، كە ئەوەش ئەمڕۆ لەعێراقدا زۆر زەحمەتە بەدی بێت بۆ هیچ لایەنێك.

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە