هه‌ڵکوتانه سه‌ر سنوره‌کانی که‌رکوک‌و کۆنتڕۆڵکردنی باڵه‌خانه‌یه‌کی نێو شاره‌که له‌یه‌ککاتدا له‌لایه‌ن داعشه‌وه، به‌بڕوای پسپۆڕێکی ئه‌منی زه‌نگێکی مه‌ترسیداره بۆ ئاسایشی ئه‌و شاره، ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستیان کۆنتڕۆڵکردنیشی نه‌بوبێت.
تائێستا ئاسۆی لێپرسینه‌وه له‌به‌رپرسه ئه‌منیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ی ناوشاری که‌رکوک دیارنیه، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه به‌وته‌ی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌وه‌کاله‌ت، حزبه ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی ناو ئه‌نجومه‌نه‌که‌ی رێگرن له‌و هه‌نگاوه‌یان.
هه‌ڵکوتانه‌سه‌ر بینای هۆتێل قه‌سر که‌رکوکی ناوه‌ندی ئه‌و شاره، هه‌ینی رابردوو 30/1 له‌لایه‌ن چوار چه‌کداری گروپی داعشه‌وه، بۆ جارێکی تر مه‌ترسی له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌منی ناوخۆی که‌رکوک دروستکرده‌وه، که له‌سنوره‌کانی باشور‌و رۆژئاوایه‌وه له‌شه‌ڕی به‌رده‌وامی به‌ره‌ییدایه له‌گه‌ڵ داعش.
ئه‌و روداوه که نزیکه‌ی سێ کاتژمێری خایاند بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه ئه‌مینه‌کانی که‌رکوکه‌وه، به‌کوژرانی چوار چه‌کداری داعش کۆتایی هات، که به‌ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراو له‌به‌رده‌م ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌دا ده‌ستیان به‌هێرشه‌کان کرد‌و دوای چونه نێو باڵه‌خانه‌که‌شه‌وه ته‌قه‌یان له‌هاوڵاتیان کرد، به‌وهۆیه‌شه‌وه شه‌ش که‌س بریندار بون.
ئه‌و روداوه توانای داعشی ده‌رخست له‌دزه‌کردنه نێو شاری که‌رکوکه‌وه، جگه له‌گۆڕینی شێوازی هێرشه‌کانیان له‌کرده‌ی خۆکوژی دژ به‌دامه‌زراوه‌و کاروانی ئۆتۆمبێلی به‌رپرسانه‌وه بۆ کۆنتڕۆڵکردنی باڵه‌خانه‌کان.
پێشتر‌و له‌مانگی 12ی ساڵی 2013دا، ژماره‌یه‌ک له‌چه‌کدارانی گروپه تونده‌ڕه‌وه‌کان دوای هێرشکردنه سه‌ر بینای ده‌زگای هه‌واڵگری که‌رکوک، رویانکرده باڵه‌خانه‌ی جه‌واهر مۆڵی ناوه‌ندی ئه‌و شاره‌و دوای ده‌ستبه‌سه‌رکردنی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی مه‌ده‌نی روبه‌ڕوی هێزه ئه‌منیه‌کان بونه‌وه، به‌هۆیه‌وه ده‌یان کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه.
دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و روداوانه له‌شاری که‌رکوک، بێ لێپرسینه‌وه له‌به‌رپرسه ئه‌منیه‌کان به‌ڕێده‌کرێت، هه‌رچه‌نده دوای روداوه‌کان ئاماژه بۆ لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێت له‌که‌مته‌رخه‌میه‌کان.
نه‌جات حسێن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک له‌سه‌ر لیستی به‌ره‌ی تورکمانی، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که له‌ئه‌دای ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی که‌رکوک قایلن، به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌شده‌کاته‌وه که به‌دواداچون ده‌که‌ن بۆ لایه‌نی که‌مته‌رخه‌م‌و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌داهاتودا هه‌ر به‌رپرسێکی ئه‌منی که‌مته‌رخه‌م بوبێت بانگێشتی ئه‌نجومه‌نی بکه‌ن.
نه‌جات حسێن به‌هاوڵاتی وت «هه‌وڵمانداوه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و کێشه ئه‌منیانه بدۆزینه‌وه‌و له‌گه‌ڵ پارێزگاری که‌رکوک باسمان له‌وه‌کردوه له‌هه‌ر شوێنێکدا بینای به‌رز هه‌بوو هێزه ئه‌منیه‌کان ببرێنه سه‌ری بیناکه، بۆ ئه‌وه‌ی روداوی جه‌واهیری مۆڵ دوباره نه‌بێته‌وه«.
وتیشی «ئێستا له‌سه‌ر هه‌موو بینا به‌رزه‌کانی که‌رکوک مه‌فره‌زه‌ی ئه‌منی هه‌یه، به‌ڵام باڵه‌خانه‌ی قه‌سر که‌رکوک مه‌تروک بوه‌و هیچ تێدا نه‌بوه«.
له‌سنوری پارێزگای که‌رکوک، پارێزگار سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منیه‌و دامه‌زراوه ئه‌منیه‌کانی دابه‌شبون به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریەتی هه‌ردوو حکومه‌تی ناوه‌ندی‌و هه‌رێمی کوردستاندا، ئه‌و دابه‌شبونه‌ش رێگریکردوه له‌به‌رده‌م لێپرسینه‌وه له‌به‌رپرسه ئه‌منیه‌کاندا.
ده‌زگاکانی پۆلیس‌و سوپا له‌سنوری که‌رکوک سه‌ر به‌ناوه‌ندن، ده‌زگای ئاسایش‌و دژه تیرۆریش سه‌ر به‌هه‌رێمن که به‌شێکیان له‌نێوان یه‌کێتی‌و پارتیدا دابه‌شبون وه‌ک دوو لایه‌نی باڵاده‌ستی هه‌رێم.
له‌چاوپێکه‌وتنێکی پێشوی هاوڵاتی-دا، رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت، دانی به‌وه‌دانا که حزبه‌کانی نێو ئه‌نجومه‌نه‌که‌ی رێگرن له‌لێپرسینه‌وه له‌به‌رپرسه ئه‌منیه‌کان.
ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری، سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، پێیوایه پلانی دانانی تیمی ئه‌منی له‌سه‌ر باڵه‌کانه‌کانی که‌رکوک سه‌رکه‌وتوو بوه، هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه روداوه‌که‌ی قه‌سر که‌رکوک زوو کۆنترۆڵکراوه کاتێک تیمه ئه‌منیه‌کانی نزیک ئه‌و باڵه‌خانه‌یه ره‌وشه‌که‌یان کۆنتڕۆڵکردوه.
ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری به‌هاوڵاتی وت «دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و روداوانه له‌ناو که‌رکوکدا چاوه‌ڕوانکراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه یه‌که‌مجاریانه که گروپه تیرۆریستیه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌و شانه‌نوستوەکانی ناو شاریشیان پێکه‌وه هێرشبکه‌ن، به‌ڵام شکستیان هێنا».
روداوی هێرشکردنه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی قه‌سر که‌رکوک هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هێرشێکی تری چه‌کدارانی داعش بۆ سه‌ر هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له‌ناوچه‌ی ته‌لوه‌ردی باشوری رۆژئاوای که‌رکوک، که به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ک فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه شه‌هید بون.
به‌بڕوای حه‌مدی گلی پسپۆڕی بواری ئه‌منی که‌رکوک، روداوه‌کانی هێرشکردنه سه‌ر که‌رکوک له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی پێشبینیکراو بوه، به وت «چه‌کدارانی داعش پلانیان وایه له‌هه‌ر شوێنکدا بشکێن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بوی شکستی ئه‌و شوێنه‌یان بکه‌نه‌وه په‌لاماری ناوچه‌یه‌کی دیکه ده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌وان ئێستا که له‌شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان شکستیان تۆمارکردو چاوه‌ڕوان ده‌کرا له‌سنوری که‌رکوک هێرشبکه‌ن».
حه‌مدی گلی رونیکرده‌وه «سیناریۆکه‌ی هه‌ینی رابردوی داعش بۆ گرتنی که‌رکوک نه‌بوو به‌ڵکو ته‌نیا بۆ نیشاندانی هێزو توانای خۆیان بوو له‌به‌رانبه‌ر شاره‌که، پێده‌چێت ئه‌مه سه‌ره‌تای نیشاندانی په‌یامێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئاینده‌دا بیر له‌وه‌بکه‌نه‌وه هێرشبکه‌نه سه‌ر که‌رکوک».
وتیشی «پێناچێت له‌ئێستادا داعش بتوانێت بێته ناو شاری که‌رکوک به‌مه‌به‌ستی کۆنترۆڵکردنی چونکه ئه‌وه زه‌مینه‌ی پێویسته، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ن به‌رده‌وام مه‌ترسی دروست بکه‌ن بۆ سه‌ر که‌رکوک، ترس‌و دڵه‌ڕاوکێش له‌دانیشتوانه‌که‌یدا بڕوێنن».
روداوه‌کانی هه‌ینی رابردوی که‌رکوک له‌کاتێکدایه، جگه له‌سوپاو هێزی پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، به‌مدواییه به‌شێک له‌هێزی حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌ش هاتونه‌ته ئه‌و سنوره بۆ دژی داعش.
حه‌مدی گلی ده‌ڵێت هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و شه‌ڕه‌دا یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان نه‌داوه، جه‌ختیشیکرده‌وه «هۆکاری سه‌ره‌کی لاوازی ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، که‌مته‌رخه‌می توانای هه‌واڵگریه له‌شاره‌که‌دا نه‌ک خودی ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، زیاتر له 17 ده‌زگای ئه‌منی هه‌یه له‌که‌رکوک به‌ڵام هه‌ماهه‌نگیان نیه«.
سەرچاوە: هاوڵاتی