کەسانی بەتەمەن جیاوازن لە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەستەکانی خەم و پەژارەدا بە بەراورد لەگەڵ کەسانی دیکە و ئەو لەدەستدانە زۆرانەی کە لەگەڵ هەلکشانی تەمەنیاندا تووشی دەبن، وەک مردنی هاوبەشی ژیانیان یان لەدەستدانی هێزی جەستەیی، هەروەک ڕەنگە هەستکردنیان بە تەنیایی و لاوازیان زیاتر بکات.
بەپێی ماڵپەڕی کایزەر پێرمانێنت، لێرەدا چەند ڕێگایەک دەخەینەڕوو بۆ پشتگیریکردنی کەسانی بەساڵاچوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئازاری لەدەستدانی هاوبەشی ژیان:
کاتیان لەگەڵدا بەسەر بەرە
تەنیایی هەستێکە کە دوای لەدەستدانی هاوبەشی ژیان خراپتر دەبێت، بانگهێشتکردنی کەسانی بەساڵاچوو بۆ سەیران یان خواردنەوەی قاوە ڕەنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر باشترکردنی باری دەروونییان.
کاتیان پێ بدە
ڕەنگە گەورەساڵانی بەتەمەن پێویستیان بە کاتێکی زیاتر بێت بۆ پرۆسێسکردنی هەستەکانیان، و دەبێت سەبر و گرنگیدان بە پێداویستییەکانیان نیشان بدەن بۆ بەرزکردنەوەی توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەمەکاندا.
چاودێریکردنی ڕەفتار
ئاماژەدان بە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕەفتارەکانیان یان دەرکەوتنی دڵتەنگیی تێیاندا ڕەنگە یارمەتیان بدات هەستەکانیان بناسنەوە و باسی بکەن.
باسی لەدەستدان بکە
قسەکردن لەسەر ئەو کەسە یان ئەو شتەی کە لەدەستی داوە یارمەتیی کەمکردنەوەی ئەو فشارە سۆزدارییە دەدات کە هەستی پێدەکات.
چاودێریی خەمۆکیان بکە
ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی خەمۆکیی کرد، پێویستە لەگەڵ کەسێکی پسپۆڕی تەندرووستیی قسە بکەیت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی-شارپرێس