نووسینی: ئەنتۆنیۆ گرامشی
وەرگێرانی: بارام
بێزارم لە کەمتەر خەمەکان. منیش هەروەک فێریدریش هێبڵ گومان دەکەم ژیان بەسەربردن بە واتای پارتیزان بوونە.(١) مرۆڤە تەنیاکان و بێگانە لەگەڵ شار ناکرێت بوونیان هەبێت. ئەوەی کە زیندووە، بەڕاستی ناتوانێت هاووڵاتی بێت و هەڵوێستی نەبێت. کەمتەرخەمی، بێ هێزیە، مشەخۆریە؛ بێ غیرەتیە. ژیان نییە. وە لەبەر ئەوەیە، کە من لە کەمتەرخەمەکان بێزارم.
کەمتەرخەمی، قورسایی مردووی مێژووە، فیشەکێکی سۆربە بۆ لەناو بردنی داهێنەر و بیرمەند، وە مادەیەکی سستە کە تێیدا باڵادەستترین گڕوتینە درەوشاوەکان نقووم دەبن. زۆنگاوێکە کە شارێکی کۆن دەگرێتە خۆی و باشتر لە دیوارە بەهێزەکان و لەخۆبوردوتر لە سنگی شۆڕشگێران پارێزگاری لەو شارە دەکات. لەبەر ئەوەی لە زەلکاوە مەنگ و قوڕاوەکاندا هێرشبەران قوت دەدات و لەناو دەبات و دڵسارد دەکاتەوە و هەندێک جاریش لە هێرشی قارەمانانە پەشیمانیان دەکاتەوە. کەمتەرخەمی زۆر بەهێزەوه لە مێژوودا هەڵدەسوڕێت. پاسیڤانە کار دەکات، بەڵام کار دەکات. قەزا و قەدەرە و ئەوەیە کە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت. ئەوەی کە پلانەکان وێران دەکات، کە شێوە جوانە داهێنراوەکان لەناو دەبات. مادەیەکی ناشرینە کە لە دژی شعور هەڵدەستێ و سەرکوتی دەکات؛ وە بەو شێوەیەیە ئەوەی ڕوو دەدات لە شەڕدا لەسەر خەڵک هەموار دەبێت: دەرفەتی چاکەیەک کە کردەوەی قارەمانانە (بە نرخە جیهانیەکەی) دەتوانێت بخوڵقێنێت، ئیتر ئەوەندە سەرچاوە گرتوو لە داهێنانی کۆمەڵە خەڵکێکی کەم و دیاریکراو وا هەڵدەسوڕێن نییە، بەڵکوو بەستراوە بە کەمتەرخەمی و حازر نەبوونی زۆرێک لەو کەسانەوه.
ئەوەی ڕوو دەدات، لەو لایەنەوە نییە کە هەندێک بیانەوێت ڕوو بدات، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵانی خەڵک بە خواستی خۆیان لادەدەن و ئیجازەی هەڵسوڕان و پوچکە بوونی گرێکان دەدەن کە لە دوایدا تەنیا شمشێر دەتوانێت لێکیان هەڵبدڕێت. ئیجازەی شكڵ گرتنی یاساگەلێک دەدات کە دواتر تەنیا ڕاپەڕین دەتوانێت هەڵیانوەشێنێتەوه و دەهێڵێت مرۆڤگەلێک سواری ئەسپی دەسەڵات ببن، کە دواتر تەنیا شۆڕش دەتوانێت بیانگلێنێت. چارەنووسێک کە وادیارە بەسەر مێژوودا زاڵە، هیچ نییە مەگەر نیشانەی خەیاڵاوی ئەم کەمتەرخەمیە ئامادە نەبوونە کە لەژێر سێبەری هەندێک هۆکاردا گەشە دەکەن و پێدەگەن، دەستانێکی دیاریکراو کە داوی ژیانی گشتی دەچنن، دەستانێک کە هیچ چاوەدێرێک چاودێریان ناکات، وە کۆمەڵ لەوە بێ ئاگایە، چوونکە گرنگی پێ نادات.
چارە نووسی یەک سەدە، هەموو دەستکردی ڕوانینە باریک و ئامانجە کورت ماوەکان و بەرزە فڕیەکان و حەزە تایبەتەکانی گروپە بچووکە کاریگەرەکانە، بەڵام کۆمەاڵنی مرۆڤ بێ ئاگان،لەبەر ئەوەی گرنگیەکی پی نادات. ئەوکات ئەو هۆکارانەی کە ئیتر پێگەیشتون، سەر دەردێنن و داوی لە سێبەردا چندراویش بۆ بەجێ هێنانی ئەرکی خۆی دەست بەکار دەبێت. لەم لایەنەوە، وا دێتە بەرچاو کە چارەنووسێک هەیە بۆ دامرکاندنەوەی هەموو شتێک و هەموو کەسێک. وادیارە کە مێژوو هیچ نییە جگە لە ڕووداوێکی سروشتی گەورە. یەک هەلقوڵان. بوولەرزەیەک کە هەموویان دەکاته قوربانی. ئەوەی بیەویت و ئەوەیشی کە نەیەوێت، ئەوەی دەیزانێ و ئەوەی کە نەشیدەزانی، ئەوەی کە کاریگەر بووە و ئەوەیشی کە کەمتەرخەم، وە ئەم کۆتا دانەیەیان توڕە دەبێت و دەیەوێت خۆی لە کاریگەریەکانی ئەو ڕووداوە بەدوور بگرێت.
دەیەوێت بە ئاشکرا بڵێت کە نەیدەویست؛ ئەو بەرپرس نەبووە. هەندێک زۆر خاوەن بەزەییانە دەناڵێنن، ئەوانی تر زۆر ناشرین جوێن دەدەن، بەڵام هیچ کەس لەخۆی ناپرسیت – یان کەمن ئەوانەی لەخۆیان دەپرسن: ئەگەر منیش ئەرکی خۆمم بەجێ هێنابوایە، ئەگەر هەوڵم دابوایە نرخم بۆ خواستی خۆم دانابوایە و بە بۆچۆنی خۆم، ئایا ئەوەی روویداوە، ڕووی دەدا؟ بەڵام هیچ کەس نییە – یان کەمن ئەوانەی کە لە کەمتەرخەمی خۆیان تووشی زیان دەبن و لە دێر باوەڕیان و لە باوەش نەکردنەوە بۆ… وە کاریگەر نەبوونیان بۆ گروپی هاووڵاتیانێک کە بۆ خۆبەدوور گرتن لە هەمان شەڕ هەوڵیان دەدا و ئەرکی خۆیان بە ئەنجام دەگەیاند بۆ بەدەست هێنانەوەی ئەو چاکەیە.
زۆرتریان بەڵام پێیان باشترە کە لە ڕووداوە ڕوودراوەکاندا باسی بێ ئاکامی ئامانجەکان بکەن و بەرنامە شکست خواردووەکان و لەو شێوە دلخۆشکەرانەی تر، وە بەم شێوەیە حازر نەبوونی خۆیان لە هەر ئەرکێکدا دەست پێدەکەنەوە. هەڵبەتە نەک لەبەر ئەوەی کە لە پێشترەوە دەتوانن شتەکان بە ڕوونی ببینن و چەند جارێک توانایان نەبووە کە ڕێگەچارەی گونجاو بدەن بە دەستەوە بۆ کێشە کەم وێنەکان یان کیشەگەلێک کە پێویستی بە ئامادەیی بەرفراوان و کاتی پێویستە و بەهەمان ڕادە گرنگ بوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئەو ڕێگا چارانە بە شێوەیەکی زۆر جوان بێ بەرهەم و نەزۆک دەمێننەوە و ئەو هاوکاریە لە ژیانی گشتیدا بە هیچ نوورێکی ئەخالقی گیان ناگرێت، چونکە بەرهەمێکی توێژینەوەی ڕۆشنبیرانەیە و نەوەک سەرچاوە گرتوو لە هەستی تەزێنەری ئەرکێکی مێژوویی کە هەمووانی لە ژیاندا کاریگەر دەوێت و گوێ پێ نەدان و کەمتەرخەمی بە هیچ شێوەیەک ناوێت.
هەروەها لەبەر ئەوەش بێزارم لە کەمتەرخەمەکان. چونکە ناڵەی بێ بەزییانەی نەمرییان، بێزارم دەکات، من لە یەک بەیەکیان دەپرسمەوه کە چۆن ئەرکێک کە ژیان بۆیانی دیاری کردووە و رۆژ بە رۆژ بۆیان دیاری دەکات، بە ئەنجام گەیاندووە؟ لە هەرچیەک کە کردویانە و بەتایبەت لە هەرچیەک کە نەیانکردووە و هەست دەکەم کە بتوانم بەهێز بم هەستی بەزەیی خۆم بەفیڕۆ و فرمێسکەکانم لەگەڵ ئەوان بەش نەکەم. من پارتیزانم، زیندووم و لە ویژدانە بەهێزەکانی هاورێی خۆمدا دەنگی ترپەی کاریگەری ئەو شارەی داهاتوو دەبیستم کە بەشی من خەریکە دروستی دەکات، وە لەوێدا، زنجیرەی کۆمەڵایەتی لە سەر پشتی هەندێک کەسی دیاریکراو قورسایی نانوێنێت و لەوێدا هەرچیەک کە ڕوو دەدات ڕێکەوت و قەزا و قەدەرێک نییە و بیرمەندانە و کردەوەی خودی هاوڵاتیانە. لەو شارەدا هیچ کەس نییە کە لە پەنجەرەدا ڕابمێنێت، ئەو کاتەی کە کەسانێک خەریکن گیان لەدەست دەدەن و دەمارەکانیان لەو لەخۆبوردوییەدا دەبڕدرێت و لەگەڵیدا کەسێکیش نییە کە لە پەنجەرەدا بمێنێت و بۆسه دابنێت تا لە چاکەیەکی کەم کە کاریگەری کەسانی وەکوو ئەو لەگەڵ خۆی هێناویە، کەڵک وەربگرێت و گومانەکانی خۆی بە بێ رێزی بەو دەست لە گیان داشۆریوە و دەمار بڕدراوە، بڕیژێتە دەرەوە کە بۆچی لە دەستەبەر کردنی ئیرادە و خواستەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە. من زیندووم، من پارتیزانم. کەواتە بێزارم لەوەی کە بەشداری ناکات. من لە کەمتەرخەمەکان بێزارم.
یازدەی فێبریوەری ١٩١٧