بەپێی توێژینەوەیەکی بەریتانی بەغدا خراپترین شاری جیھانە لەڕوی دروستکردنی فشاری دەرونی لەسەر دانیشتوان و سەردانیکەرانی.
توێژینەوەکە لەلایەن کۆمپانیای (زیپجێت)ی بەریتانییەوە لە (500) شوێنی جیھان ئەنجامدراوە، بۆ ئاشکراکردنی باشترین و خراپترین شارەکانی جیھان، توێژینەوەکە ئاستی قەرەباڵغی و گرفتی ھاتوچۆ و رێژەی سەوزایی و گواستنەوەی گشتی و رێژەی دەرفەتی کارو باری دارایی ھاوڵاتیانی لەبەرچاوگرتوە و (150) شاری جیھانی ریزبەندی کردوە کە تێدا بەغدای پایتەختی عێراق خراپترین شاری جیھانە و زۆرترین فشاری دەرونی بۆ دانیشتوان و سەردانیکەرانی دروست دەکات.
لەبەرامبەردا ھەریەک لەشارەکانی شتوتگارت، میونخ، ھانۆڤەر و ھامبۆرگی ئەڵمانی لەڕیزبەندی باشترین (10) شاری جیھاندان و بەمەش ئەڵمانیا تەنھا وڵاتە کە زۆرترین شاری لە (10) یەکەمین شارەکانی جیھاندا ھەیە بۆ خۆشگوزەرانی و ئارامی باری دەرونی دانیشتوانی.
ھاوکات، شاری لوکسمبۆرگی پایتەختی وڵاتی لوکسمبۆرگ لە ئەوروپای رۆژئاوا کە دەکەوێتە نێوان ئەڵمانیا و بەلجیکا دوەم باشترین شاری جیھانە لەو لایەنانەی کە توێژینەوەکە ئاماژەی پێکردوە.
ھەریەک لە شارەکانی بێرنی سویسرا، ئێدنبێرگی بەریتانیا، بۆردیۆکسی فەرەنسا، سدنی ئوستورالیا و گرازی نەمسا لەپلەی (10) باشترین شارەکانی جیھاندان.
دوای بەغدا، ھەریەک لە کابولی ئەفغانستان، لاگۆسی نێجیریا و داکاری سێنیگا و قاھیرەی پایتەختی میسر لە ریزبەندی خراپترین شارەکانی جیھاندانن.
توێژینەوەکە تەواوی شوێنە بەنمونە وەرگیراوەکانی بۆ (17) ئاست پۆلێن کردوە کە گرنگترینیان باری دارایی و پیسی کەشوھەوا و خۆشگوزەرانییە.