حکومەتی بەلجیکا کەمپی کاتیی پەنابەران دادەخات.
فەرمان خێڵانی – برۆکسل:
ماوەی مانگێکە لەبەردەم وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەلجیکا لەناو پارکی ماکسیمیلیان زیاتر لە ٣٠٠ پەنابەری عێراقی و سوری و ئەفغانی و جۆرجی دەمێننەوەو لەلایەن رێکخراوی سامۆ سۆسیال و رێکخراوی پزیشکانی جیهانیەوە پێداویستی رۆژانەیان بۆ دابین دەکرێت.
پێنج رۆژی یەکەم هیچ رێکخراوێکی بەلجیکی لەوێ نەبوو بۆ هاریکاری ئەو پەنابەرانە، بۆیە کۆمیتەی بەلجیکای چاودێری کوردۆساید – چاک و رێکخراوێکی تری عەرەبی عێراقی و هاوڵاتیانی بەلجیکا پێداویستی خواردن و جلوبەرگیان دابین دەکرد بۆ پەنابەران.
پەنابەران نایانەوێت لە بەلجیکا بمێننەوە
دوای ئەوەی راگەیاندنەکانی بەلجیکا لەهەفتەی یەکەمی مانگی ٩ زۆرترین تەرکیزیان لەسەر بارودۆخی خراپی ئەو پەنابەرانە بوو، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەلجیکا شوێنی بۆ ٥٠٠ پەنابەر ئامادەکرد، بەڵام تەنها ١٠ پەنابەر رۆشتبوونە ئەو شوێنە، دوای بەدواداچوون دەرکەوت کە ئەم پەنابەرانە ناوێرن برۆنە ئەو شوێنەی وەزارەت، لەبەرئەوەی تا ئێستا داوای مافی پەنابەرێتیان نەکردووە و دەیانەوێت برۆنە وڵاتانی تری ئەوروپا، ئەو ١٠ پەنابەرەش کە رۆشتبوون ئەوانە بوون کە دەیانویست لە بەلجیکا داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، بەڵام بەهۆی درەنگ گەشتنیان بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نەکرابوونە ژورەوە بۆ ناو وەزارەت، ئەگەر بتەوێت داوای مافی پەنابەرێتی بکەیت لە بەلجیکا پێویستە پێش کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی لەبەردەم وەزارەت سەرە بگریت بۆ چوونە ژوورەوە.
زۆربەی پەنابەران دەیانەوێت برۆنە بەریتانیا و دەرچوونیش لە بەلجیکاوە بۆ بەریتانیا زۆر قورسە و ئاسان نیە لە کۆنترۆڵ دەربازبیت، دوای بەریتانیا هەریەک لە وڵاتانی سوید و فینلاند و ئەڵمانیاش داخوازی بەشێک لە پەنابەرانن و بە هەر رێگەیەک بێت دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئەو وڵاتانە.
هەژار ناوی خوازراوی پەنابەرێکی کوردە کە خۆی و هاوژینەکەی و دوو مناڵ، ماوەی هەفتەیەکە لەناو خێمەی پەنابەران رۆژ دەکەنەوە. ئەو پێی وایە کە تەنها بەریتانیا خێری بۆ پەنابەر تێدا ماوەو لەوێ دەتوانێت کار بکات و تا مافی پەنابەرێتیش وەردەگرن لە خانوو دایاندەنێن، بەڵام ٥ جار داویانە لە رێگەی بەریتانیا و هەر پێنج جارەکە دەستگیر کراون و نێردراونەتەوە بۆ سنوری نێوان بەلجیکا و بەریتانیا.
زۆربەی پەنابەران دەترسن کە بەلجیکا مافی مانەوەیان پێنەدات و ئەوکات بەزۆر دیپۆرت بکرێنەوە یان ناچار بە گەرانەوە بکرێن بۆیە لە بەلجیکا نامێننەوە، هۆکارێکی تر بۆ نەمانەوەی پەنابەران لە بەلجیکا خراپی رەوشی کەمپەکانیەتی کە زۆرتر لە زیندان دەچن و رۆژانەش یەک یۆرۆ دەدەن بە پەنابەران.
حکومەتی بەلجیکا کەمپی کاتیی پەنابەران دادەخات
نادیە حەمداوی سەرپەرشتیاری ئەو چادرانە و ئەندامی بۆردی رێکخراوی سامۆسۆسیال بۆ ئاوێنە وتی “حکومەتی بەلجیکا فشاریان خستۆتە سەرمان و دەبێت لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئێرە دابخەین، بەڵام تا ئەم پەنابەرانە لێرە بن ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەموو خزمەتێکیان پێشکەش بکەین و سوپاسی هەموو ئەو کەس و رێکخراوانەش دەکەین کە لە سەرەتادا هاوکاری ئەم پەنابەرانەیان کردووەو دەکەن”.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی سامۆ سۆسیال وتیشی “بەڵام شوێنێکی کاتیی بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە دابین دەکەین کە دەیانەوێت لە بەلجیکا بمێننەوەو بۆ یەک یان دوو رۆژ شوێنیان نیە لێی بمێننەوە بۆئەوەی بتوانن لای ئێمە بمێننەوە”
حەمداوی وتیشی “ئێمە جگە لە چادر و تەوالێت و دەستشۆر و حەمام و پێداویستیەکانیان، رۆژانە خواردنیشیان بۆ دروست دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش ١٢٠ کەسمان هەیە کە بە خۆبەخش کاردەکەن کە لەنێویاندا ٥٥ یان ئەندامی رێکخراوەکەی ئێمەن، هەروەها ئێمە لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانیش رێکەوتنمان هەیە کە ئەوان رۆژانە لێرە بەبێ بەرامبەر چارەسەری پەنابەری نەخۆش بکەن، ماوەی ٣ رۆژیشە پزیشکێکی دەرونیی لێرە بە خۆبەخشانە کاردەکات لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە باری دەرونیان تێکچووە بەهۆی کێشەو قورسی رێگەوە یان بەهۆی جەنگەوە لە وڵاتەکانیان”.
نادیە باس لەوەش دەکات کە لە ئێستادا خوێندنگەیان بۆ مناڵانی پەنابەر کردۆتەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ مناڵ دەبێت و رۆژانە وانەی فەرەنسی و هۆڵەندی بە مناڵان دەڵێنەوە و جارجاریش لەلایەن کەسانی پسپۆرەوە یاری و چالاکی بۆ مناڵان رێکدەخرێت
١٥ هەزار دۆلار دەدات بۆ گەیشتن بە بەریتانیا لە بەلجیکاوە و کەس نیە بیبات
لە ئێستادا پۆلیسی سنوری بەریتانیا کۆنترۆڵی سنوری توندکردۆتەوەو بە سەگی راهێنراو و ئامێری خوێندنەوەی دڵ هەموو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان دەپشکنن کە دەچنە ناو بەریتانیاوە. مەولود محەمەد کە ماوەی ١٠ رۆژە لە بەلجیکا لەناو خێمەکان دەمێنێتەوە و ٧ جار هەوڵیداوە بگاتە بەریتانیا و نەیتوانیوە، دەڵێت “ئەو سەگانەی سنوری بەلجیکا بەریتانیا تەنها ئەوەندە ماوە ناویشمان بێنن ئەوەندە زیرەکن لە دۆزینەوەی نەفەردا، ئینجا ئامێرێکیان پێیە بە دەوری شاحینەکەیدا دێنن چەند دڵ لەناویدا لێبدات دەیخوێنێتەوە، بۆیە زۆر قورسە بتوانیت برۆیتە ئەودیوەوە”
ئەو ئەیوت رێگەیەک هەیە کە کۆنترۆڵ ناکرێت ئەویش ئەو ئۆتۆمبیلانەن کە گۆشت باردەکەن، هەژاریش لەبەر مناڵە ٤ ساڵ و ٧ ساڵانەکەی ناوێرێت بەو ئۆتۆمبیلانە بروات، چونکە بەفرگرەو دەترسێت مناڵەکانی رەق ببنەوە.
مەولود دەیوت کە ئێستا ١٥ هەزار دۆلار دەدات بەو کەسەی بتوانێت بیگەیەنێتە بەریتانیا، بەڵام دەڵێت “کەس نیە بتوانێت نەفەر بکاتە ئەو دیوەوە”
سابیر ئەحمەد دوای ١٢ جار هەوڵدان ئێستا گەیشتۆتە بەریتانیا بە رێگەی ئۆتۆمبێلی گۆشت بارکەر، لە رێگای ڤایبەرەوە بە ئاوێنەی وت “من ١٢هەمین جار لەگەڵ هاورێیەکمدا بە ئۆتۆمبێلی گۆشت هەڵگر بە ٢٢ کاتژمێر گەیشتینە بەریتانیا، بەڵام ئەوە هەفتەیەکە لە نەخۆشخانەم و سەرمای بەفرهەڵگری ئەو ئۆتۆمبیلە لە گیانم دەرناچێت”
سابیر هیوادارە کە تووشی نەخۆشی خراپ و نەخوازراو نەبووبێت و بتوانێت داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی بونیاد بنێت.
رۆژانە ٥٠ پەنابەر دەگەرێنەوە عێراق
بەشێک لە پەنابەرانی عێراقی پێیانوابووە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا ئاسانە، بەڵام کە بارودۆخەکە دەبینن لێرە ئارام ناگرن و دەگەرێنەوە عێراق.
ئەحمەد شەمەری گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵانەو خەڵکی سامەڕایە، ئەو دەیەوێت هەرچی زووە بگەرێتەوە عێراق، ئەحمەد دەلێت “لانیکەم لە سامەڕا شوێنی باشی خەو و خواردنی عێراقی بەلەزەت هەیە، لێرە ئەگەر خەڵکی خێرۆمەن خواردنمان بۆ نەهێنن لەبرسان دەمرین، لە تەقینەوەیەکدا تیابچیت باشترە لەم رەزالەتەی ئێرە”
د.ئیڤان هۆرامی یاریدەدەری کونسوڵی عێراق لە بەلجیکا بە ئاوێنەی وت “لە مانگی ٩ ی ئەمساڵ ١٠٠ پەنابەری عێراقی خۆویستانە داوای گەرانەوەیان کردووە بۆ عێراق و فۆرمیان لە رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی پڕکردۆتەوە و ئێمەش بە پەساپۆرتێکی کاتی کە بۆ یەک جار سەفەرکردن دەبێت دەیاننێرینەوە عێراق”
یاریدەدەری کونسوڵی عێراق وتیشی کە رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی تکت بۆ پەنابەران دەکڕن و ٢٥٠ یۆرۆشیان پێدەدەن ئینجا سواری فرۆکەیان دەکەن و دەیاننێرنەوە ئەو فرۆکەخانەیەی کە خۆیان داوای دەکەن”
د.ئیڤان ئاماژەی بەوەشدا کە رۆژانە دەیان پەنابەری عێراقی دەگەرێنەوە عێراق بەڵام نارۆنە سەفارەت، چونکە خۆیان پەساپۆرتیان پێیە و ئەوکات تەنها دەرۆنە رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی (ئای ئۆ ئێم)
پاسکال راینتجێنس بەرپرسی ئۆفیسی بەلجیکای رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی لەو بارەیەوە بە ئاوێنەی وت “لە ١٥ ی مانگی ٩ وە تا ئێستا رۆژانە لەسەر خواستی خۆیان، لانیکەم ٥٠ پەنابەری عێراقی دەگەرێنینەوە بۆ عێراق”
پاسکال وتیشی ئێمە سێ کاتاگۆریمان هەیە بۆ یارمەتی ماددی پەنابەران کە بیانەوێت بگەرێنەوە، ئەگەر پەنابەر چاوپێکەوتنی یەکەمی داوای مافی پەنابەرێتی نەکردبێت ئەوە جگە لە تکتی فرۆکە ٢٥٠ یۆرۆی پێدەدەین، دووەم ئەگەر پەنابەر چاوپێکەوتنی یەکەمی کردبێت ئەوە جگە لە تکت، ٤٠٠٠ هەزار یۆرۆی پێدەدەین و دواین کاتاگۆریش بۆ ئەو پەنابەرانەیە کە خێزانن و مناڵیان لەگەڵدایەوە ئەوەیان برێک پارەی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەر پێویستە لانیکەم چاوپیکەوتنی یەکەمی داواکەی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کردبێت”
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر گەرانەوەی بەلێشاوی خۆویستانەی پەنابەرانی عێراقی و وتی “جێی سەرسورمانە کە زۆربەی پەنابەرانی عێراقی ماوەی کەمتر لە مانگێکە هاتوونەتە ئێرەو داوای گەرانەوە دەکەن، هەندێکیان تا ئێستا داوای مافی پەنابەرێتیشیان نەکردووە و داوای گەرانەوە دەکەن بۆ عێراق، باشە ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە، چۆن دەتوانن ریسک بە ژیانی خۆیانەوە بکەن و بگەرێنەوە، خۆ ئەگەر مەترسیش لەسەر ژیانیان نەبووە بۆچی ئەو هەموو رێگە مەترسیدارەیان بڕیوەو پارەیەکی زۆریان سەرفکردووەو هاتوونەتە ئێرە؟”
دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی بۆ ئاوێنە وتی “وەک لە راگەیاندنەکانەوە بڵاومانکردۆتەوە، بهپێی بهدواواچوونی فیدراسیۆن له توركیا و وڵاتانی تری ئهوروپا له مانگی شەشی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر له 25 ههزار كهس ههرێمی كوردستانیان بهجێهێشتووه. بهشێكیان خێزانن، بهشێكیان له وڵاتانی ئهوروپای رۆژهەڵات دهستگیر كراون و بهشێكی تریشیان مامۆستان”