بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەم هێزێکی سەربازی جلڕەش و چەکداری دەمامکدار مامۆستا (شڤان سەعید بەڕۆشکی) لەناو ماڵەکەی خۆی دەڕفێنن و ئیهانەی خێزانەکەشی دەکەن، دوو هەفتە پێشتریش هێزێکی هاوشێوە بەهەمان شێوە (شێروان شێروانی) لەناو خێزانەکەی خۆیدا و لە ماڵەوە کەلەپچە دەکەن و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ کەس شوێنی دەستگیرکردنەکەشی نازانێت، هاوکات ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مامۆستا (بەدەل بەرواری) و (ئومێد بەرۆشکی) دەستگیرکراون.
ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکان ڕەتی دەکەنەوە، بەڵام هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی چالاکان و ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دراون و بەگوتەی دەستگیرکراوەکان لەکاتی دەستگیرکردنەکەدا هێزە ئەمنییەکان لە تۆمەتبارەکە دەدەن، توندوتیژی و قسەی نەشیاو بە ئەندامانی خێزانەکانیان دەڵێن و زۆرجاریش دەرگا و پەنجەرە و کەلوپەلی ماڵەکەیان دەشکێنن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، لەبارەی دەستگیرکردنی شڤان بەڕۆشکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی 221 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەفەرمانی دادگا بووە و بەهیچ شێوەیەک سوکایەتی نەکراوە، پۆلیسی پارێزگاکە دەستگیرکراوەکان و ئەوانەی پشتگیری ئازادی ڕادەربڕین دەکەن بە تێکدەر ناو دەبات و تۆمەتباریان دەکات بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕەوشی ئارامی پارێزگای دهۆک و شێواندنی دۆخەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دەستگیرکراوەکان تەنیا لەسەر جیاوازی ڕاوبۆچوون، یاخود هەوڵدان بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی سنوورەکە گیراون، بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیش بۆ جاری دووەم و سێیەمە دەستگیر دەکرێنەوە و پێشتریش هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.
لەسەر دەستگیرکردنی هاووڵاتییان و مامۆستا و چالاکانی پارێزگای دهۆک، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران یاداشتێکیان ئاڕاستەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام بەگوتەی خۆیان لیژنەکە وەڵامی نەداونەتەوە. شنۆ سورچی باس لەوە دەکات کە ماوەی دوو مانگە یاداشتێکیان ئاڕاستەی لیژنەی مافی مرۆڤ کردووە لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام تا ئێستا دەستگیرکردن بەردەوامە، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنە لە حکوومەتی هەرێم و ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکە دەگرێت و بیانو٢ی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنەکان بەناڕەوا ناو دەبات و دەڵێت: مامۆستایان و چالاکان هەڕەشە نین لەسەر ئاسایشی دهۆک، بەڵکو گەندەڵکارانی شارەکەن.
بەشێک لە حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکان، لەبری ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە ئەنجام بدرێت، لەلایەن ئاسایشەوە ئەنجام دراوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا کارپێکراوەکان بێت دەسەڵاتەکانی ئاسایش دیاریکراون لەو کەیسانەی کاری تێدا دەکەن کە بریتییە لە (تیرۆر، مادەی هۆشبەر، ساختەکردنی دراو و ڕفاندن) کە ئەمەش ڕاستەوخۆ گۆڕینی مادەی دەستگیرکردنەکانە.
هەر لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکان و مامۆستایان، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ڕای دەگەیەنێت، ئەوان ئاگاداری دۆخی مافی مرۆڤ و هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنن لەماوەی ڕابردوودا، هۆشداری ئەوەش دەدات کە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر بڕوات. زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستگیرکردنی هەر کەسێک پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێت بەبێ فەرمانی دادوەر کەس دەستگر بکرێت، هاوکات لەکاتی دەستگیرکردنەکەدا دەبێت ڕەچاوی شکۆی ئەو مرۆڤانە و خێزانەکانیان بکرێت، زیا پترۆس ڕای دەگەیەنێت کە سەرەڕای ئەوەی چەندین خول بۆ کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لەم ڕووەوە کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا کەموکوڕییەکی زۆر هەیە، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ باس لەوەش دەکات کە ئەگەر کێشە ئابووری و داراییەکان، کێشەی دامەزراوەکان و کێشە سیاسییەکان چارەسەر نەکرێن، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات.
ئەگەرچی بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان پێویستە کەسوکاری یاخود پارێزەری دەستگیرکراوەکە ئاگاداری هۆکاری دەستگیرکردنەکە و شوێنی دەستگیرکردنەکەی بن، هاوکات ڕێگە بدرێت پارێزەرەکەی لەقۆناغی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکەدا بێت، بەڵام ئەمانە لە هەرێمی کوردستان تەنیا لەچوارچێوەی یاسادان و نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشێوەیەک بۆ نموونە لە کەیسی (شێروان شێروانی) دووای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی دوو هەفتە شوێنەکەی بە سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتراوە و تا ئەو کاتە هیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ئاگاداری ڕەوشی نەبوون.
هەر لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی، ژمارەیەک بەیاننامەی ناڕەزایەتی دژی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و لە سەرجەمیاندا سەرەڕای ئیدانەکردنی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، داوای هەرچی زووتری ئازادکردنی بەندکراوان دەکەن.
ڕەوتی ئایندەی نیشتمان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی ڕەفتاری ئێستای دەسەڵات دەرهەق بە چالاکان و ڕۆژنامەنووسان دەکات و ڕای دەگەیەنێت لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ڕۆژانە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە دەربڕینی ڕای ئازاد و خۆپیشاندان بە زەبروزەنگ و توندوتیژی پێشێل دەکرێت، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەم هەڵمەتە ڕەشبگیرییەی ئێستا ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دەسەڵات لە ناڕەزایەتی و دەنگی ئازادی دەترسێت.
لەلایەکی دیکەوە سەدان نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنی، کەمپینێکیان دژ بە پرۆژەیاسای پێشنیاری یاسای هێما نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەهەرێمی کوردستان – عێراق ڕاگەیاندووە کە فراکسیۆنی پارتی ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم پرۆژە یاسایە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجیکردنەوە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادییە سیاسییەکان، ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری، مافی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ڕەمزەکان، لە دامەزراوە فەرمی و بە فەرمیکراوەکانی، لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و میژوویی و وێژەیی و هونەری سنوردار دەکات و دەستی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردن و سزادانی هەر نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتییەک، بە پاساوی بێڕێزی بە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان واڵا دەکات.
ڕێگای کوردستان-ئاودێر