
ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی لەشاری هەولێر بەدەستپێشخەری چەند چالاكوان و رۆژنامەنووسێك لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە راگەیەندراوێكدا رایانگەیاندووە “بۆ گەورەیی سەردەشت عوسمان و وەك وەڵامدانەوەی تیرۆرو تۆقاندن دەستەیەك لە هەڵسوڕاوان و هاوبیرانی سەردەشت عوسمان لە كوردستان هەڵدەستین بەناشتنی حەوت درەختی سنەوبەر، هەروەها لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیاش كەمپەین بۆ ئەو مەبەستە دەكەین”.
ئەو چالاكوانانە لە راگەیەندراوەكەدا بانگهێشتی هاوڕێیان و هەڵسوڕاوان و هاوخەباتەكانی سەردەشت دەكەن كاتژمێر (5)ی ئێوارەی سبەینێ چوارشەممە 23-8-2017 لە گوندی گردعازەبان مەزاری سەردەشت عوسمان ئامادەبن بۆ ناشتنی درەختەكان.
رۆژی 9-8-2017 لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە كێلی گۆڕی سەردەشت عوسمان رۆژنامەنووس لەگوندی گردعازەبانی نزیك شاری هەولێر شێوێندرا.
سەردەشت عوسمان لە تەمەنی 23 ساڵیداو لەرۆژی 4ی ئایاری 2010 لە بەردەم كۆلێجەكەی لە شاری هەولێر لەلایەن چەند كەسێكەوە رفێندرا و دوای چەند رۆژێك تەرمەكەی لە شاری موسڵ دۆزرایەوە، سەردەشت خوێندكاری دوا قۆناغی بەشی ئینگلیزی بوو لە كۆلێجی ئەدەبیات لە زانكۆی سەڵاحەدین.
كوشتنی سەردەشت عوسمان ناڕەزایی زۆری لەناوخۆو دەرەوەی وڵات بەدوای خۆیدا هێناو لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانیشەوە تۆمەتبارێكی رووداوەكە دەستگیركردو هۆكاری رووداوەكەی بۆئەوە گەڕاندەوە كە گروپێك داوای كارێكیان لە سەردەشت كردووە و ئەویش نەیكردووە، بۆیە كوشتویەتی.