پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا یەدەگی بیانیی بانکی ناوەندیی عێراق بگاتە 90 ملیار دۆلار کە بەرزترین ئاستییەتی لە مێژووی دارایی وڵاتەکە، بەڵام راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، رێژەی هەژاری لە 30٪ نزیک بووەتەوە.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، “ناوەندە داراییەکانی عێراق پێشبینی دەکەن یەدەگی بیانی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 90 ملیار دۆلار، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە مێژووی دارایی عێراقدا”.
یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 90 ملیار دۆلار، ئەم زیادبوونە دوای ئەوە دێت، لە ئەنجامی قەیرانی دارایی، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و دەستبردن بۆ یەدەگی بانکەکە، یەدەگی بانکی ناوەندی بۆ خوار 40 ملیار دۆلار دابەزی بوو.
وێڕای ئەو زیادبوونەی ئێستا، بەڵام هێشتا بێکاری و هەژاری تەنگی بە عێراقییەکان هەڵچنیوە. راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، “ئەمڕۆ کێشە لە هێزی گەشەپێدانی کاری نوێدایە، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵدایە، رێژەی بێکاری لەنێویاندا 37٪ـە. ئێمەش میللەتێکی گەنجین، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی رێژەی هەژاریی لە عێراقدا کە رێژەی هەژاریی گەیشتووەتە 30٪، لە وڵاتێکدا کە گوژمەی ئێجگار زۆری لە ژێردەستدایە”.
بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە، لە عێراق دوو جۆر خەرجی هەن، جۆری یەکەم، یەک لەسەر 12ی خەرجییە بەرکارەکانی بودجەی 2021 بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی ژمارە 6 بۆ ساڵی 2016. جۆری دووەمی خەرجییەکانیش، پشتبەستووە بە یاسای پشتیوانیی عێراق ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی ژمارە 2 بۆ ساڵی 2022
د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژە بەوەش دەدات، “سیاسەتی گشتی بەندە بە بوونی بودجەی گشتی، هەرچی یاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراکە لە راستیدا دۆخێکی تایبەتە و لە هەموو دۆخێکدا کاتییە. بەو واتایەی نابێتە جێگرەوەی بودجەی گشتی. سەرباری ئەمەش، کاری پێکرا. بەڵام پێموایە تا ئەم ساتەش کەمترین خەرجیی دەکرێت”.
لە یەدەگی زێڕیشدا، عێراق خاوەنی 130 تۆن زێڕە و لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین یەدەگی زێڕیان هەیە و 10 پلە هاتووەتە پێشەوە، لە ئاستی جیهاندا لە پلەی 30ـە و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی چوارەم دێت. هاوکات عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش بە رووداوی گوت، ئێستا رێژەی هەژاری لە عێراق نزیکەی 24٪ە.