بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم ، بەهیوام ئەو جەژنە پاڵپشتیەکی بەهێز بێت بۆ ئاشتی و هێمنی و کۆتایهێنان بە شەڕ و کاولکاری لە عێراق و و کوردستان و تەواوی دنیا کە مۆتەکەی شەڕ و کاولکاری و ئاشوبی تیرۆرستان رووی تێکردووین و جەژنی کۆتایهاتنی هەمو ناخۆشیەکان بێت ..
ئێمە لە کاتێکدا مانگی رەمەزان تێدەپەڕێنین و جەژن دەگێڕین کە دەستی تیرۆرستانی داعش سوور بوە بە خوێنی سەدان و هەزاران رۆڵەی خەڵک و هەر رۆژێک لە کەنار و لایەکی ئەو دنیایە سەدان و هەزاران دایک و باوک جەرگ سوتاو دەکەن و خەون و خۆزگەی هەزاران مناڵ و گەنج دەخەنە ژێر گل ،جەژن و خۆشی و شادیان لیدەکەن بە پرسە و شیوەن گێڕان ، بەهیوام ئەو جەژنە پاڵپشتیەکی بەهێز بیت بۆ لەناوبردنی تەواوی ئەو چەتانە ورزگاربونی خەڵک لە تیرۆر و کوشتن ..
هەر لەم جەژنەشدا پەیامی خۆم دەنێرم بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەغدا ،ئەو جەژنە بکەنە هێمایەک بۆ ئاشتەوایی گشتی و کۆتایی بە کێشە و قیرانەکانی نێوانیان بهێنن و کۆمەڵگا لەنێو دەیان کیشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی رانەگرن و خەڵکی کوردستان و عێراق پێویستیان بە خزمەتگوزاری زیاتر هەیە و کێشە و گرفتە لاوەکیەمان بەلاوە بنێن و دەست لەناو دەست هەمو لایەک لەهەوڵی ئاوەدانی زیاتر بین ..
دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت ..
مام خدر
سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
١٦-٧-٢٠١٥
هەولێر – باشوری کوردستان