ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٩٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون، لە کاتێکدا هەوڵیانداوە لەڕێگەیەوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.
گویل میلیان وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند “ژمارەکە دوو هێندە زیادی کردووە لە چاو نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا ١٨٣٨ کەس لە کاتی پەڕینەوەدا خنکاون، لەبەرامبەر گیان لەدەستدانی ٧٤٢ کەس کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا.
میلیان وتی “وڵاتانی ئەوروپا ئەوەی پێویستە نەیانکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، کە سەرباری ئەوەی هەوڵیان داوە بۆ ڕزگارکردنی گیانی هەزاران پەنابەر لە ناوەڕاستی دەریادا.
وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، چاوەڕوندەکرێت لە داهاتوودا زیاتر ببێت ، بەتایبەت کە هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ئەمنی لە وڵاتانی لیبیا و سوریا و چەند وڵاتێکی تری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە ئاواتی بە دەستهێنانی ژیانێکی باشتر لە وڵاتانی ئەوروپا، بە دەیان هەزار کەس لە وڵاتاتی سوریا و عێراق و لیبیا و چەند وڵاتێکی ئاسیا و باکوری ئەفریقا، لە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە هەوڵیان داوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ژمارەیەکیان لە ناو دەریادا تیاچوون و هەندێکیشیان تا ئێستاش هیچ زانیارییەک دەربارەی نازانرێت.