کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوای گۆی زەوی کە خۆی لە پەنگخواردنەوەی پلەکانی گەرما و پیسبوونی ژینگەدا دەبینێتەوە، لە دارستانەکانیشدا کە بە سییەکانی زەوی ناودەبرێن ڕەنگیانداوەتەوە و زۆرێکیان ئاگریان تێبەربووە.
ئاگرەکان تەنیا ناوچەیەک یان وڵاتێکی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لەم مانگی تەموزەدا زۆرێک لە دارستانەکانی چەند وڵاتێک ئاگریان تێبەربوون و سوتاون، هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی ڕادەبەدەری پلەکانی گەرما و دابەزینی ڕێژەی شێیە.
ئیتاڵیا و کەنەدا و کۆماری مۆنتینیگرۆ و کرواتیا و جەزائیر و ئەمریکا و فەڕەنسا، بەشێکن لەو وڵاتانە کە بەزۆری حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانیان لەم مانگی تەموزەدا تۆمارکران و تا ئێستاش زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان نەکوژاونەتەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکانیش بوونەتە کارێکی سەختی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە.
بۆ نمونە لە ئیتاڵیا کە هەوایەکی وشک و گەرم ڕووی تێکردووە، زیاتر لە هەزار کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ تا ئەو ئاگرانە بکوژێننەوە کە لە ٣ دارستانی نزیک ڕۆمای پایتەخت کەوتوونەتەوە.
ئەو دۆخەش وایکردووە دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا سەدان گەشتیار لەو ناوچانە ولە دورگەی سقڵیە لە کەشێکی گەرم و دوکەڵاویدا بە کەشتی و بەلەم بۆ ناوچەی تر بگوازنەوە.
لە ڕۆژئاوای کەنەداش کە بڵێسەی ئاگر لە ڕوبەری نزیکەی ٣٥٠ کیلۆمەتر دارستان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری ڤانکۆڤەر بەرزبووەتەوە و ٣٩ هەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێڵن.
تەنانەت دەسەڵاتدارانی کەنەدا دەستەوەستانن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان و داوای یارمەتیان لە ئوسترالیا کردووە تا بەهانایانەوە بچن.
لە هەردوو کۆماری مۆنتینیگرۆ و کرواتیاش ئاگر لە دارستانەکان بەدرێژایی کەنار دەریای ئەدریاتیکی بەربووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەش بەری نائاسییان لەو ناوچانە ڕاگەیاندووە و داوای فریاگوزاریی نێودەوڵەتییان کردووە.
جەزائیریش لە ١٧ ناوچە و بەڕووبەری زیاتر لە هەزار دۆنم ئاگر لە ٩٧ لە دارستانە شاخاوییەکانی کەوتووەتەوە و زیانی زۆریش بە درەختەکانی میوە لەو ناوچانە گەیشتووە و هێزەکانی سوپاش بەشداریی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا دەکەن.
هەرچی ئەمریکاشە لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی بێبەش نەبووە و لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ٩ ی ئەم مانگەوە ئاگر لە دارستانەکانی سانتا بابارا کەوتوونەتەوە و هەڵکردنی بای بەهێزیش وایکردووە زیانەکان زیاتربن، لە ئێستاشدا زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کارمەندی ئاگرکوژاندنەوە بە هاوکاریی فڕۆکەی هێلیکۆپتەر سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکانن.
لە فەڕەنساش ئاگر لە دارستانەکانی هەرێمی برانیس لە باشوری ئەو وڵاتە نزیک بە سنورەکانی ئیسپانیا بەربووە و ١٩٠ دۆنم لە دارستانەکانی سوتاندووە و هەزران خێزانیش لەو ناوچەنە هەڵاتوون.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک پلەکانی گەرما لە جیهاندا بەردوامە لە بەرزبوونەوە و تەنانەت لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئەوروپا لە ٤٠ پلەی سیلیزی تێپەڕی کردووە لە مانگى تەموزدا، کە ئەوەش وایکردووە ئاگر لە بەشێک لە دارستانەکانیان بەربێت.
ئاگرکەوتنەوەکان بەشێوەیەکن کە وایکردووە سەدان هەزار لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێڵن و حاڵەتی باری نائاسایش لە چەند ناوچیەک لە وڵاتان ڕابگەیەندرێت.
سەرچاوە:ئێن ،ئاڕ ،تی