رۆژی دووشەممە 10ی تەمموزی 2017 مەراسیمێکی رێزگرتن بۆ هاوڕێی تێكۆشەر عەزیز محەمەد لەشاری هەولێر له هۆڵی شههید سهعد عهبدوڵا بەڕێوەچوو.
كۆڕكە لەلایەن حزبی شیوعی كوردستان ئامادەکاری بۆ کرابوو ،وێڕای ئامادەبوونی كەسوكارەكەی، شیوعییەكان، ئازادیخوازان، مرۆڤ دۆست و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان و لایەنە فەرمییەكانی هەرێم ئامادەی بوون، لەم مەڕاسیمەدا هاورییانی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بە فراوانی بەشدارییان کرد وەکو رێزگرتنێک لە خەبات و ماندوو بوونی ئەو سەرکردە شیوعیە .
عەزیز محەممەد عەبدوڵڵا لە رێككەوتی 1ی تەموزی 1924 لە گوندی (بێركۆت)ی نزیك شاری هەولێر لە دایك بووە، باوكی كوردێكی هەژاری جوتیاری گوندی (بێركۆت) بووە، دایكی كچە مەلا بووە و لە ناوچەكانی وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر، دایكی خەڵكی باكووری كوردستان بووە.
هاورێ عەزیز محەممەد لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا لەگەڵ دایكیدا دێنە شاری هەولێر و باوكی و دایكی بۆ هەتا هەتایە بەجێدەهێڵن. لە مزگەوتی (ابو بكر) فێری قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحركە دەرسی فەقێی دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنی فەقێی دەهێنێ.
دایكی كە ئەو كات لە ماڵان كار دەكات دەینێرێتە قوتابخانە و بە هۆی زیرەكییەكەیەوە راستەوخۆ لە پۆلی سێی سەرەتایی دایدەنێن، دوای تەواو كردنی قۆناغی سەرەتایی بیر لە تەواو كردنی خوێندنەكەی دەكاتەوە لە پەیمانگای پیشەسازی یاخود لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان، بەڵام بە داخەوە ئەم ئاواتەی نایاتە دی، چونكە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنی خۆی بچووك بكاتەوە، ئەگەرچی ئەمە كارێكی ئاسان بوو بەڵام بۆی نەكرا. دوای وازهێنانی لە قوتابخانە ماوەیەك بێكار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی لە فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك و ناوخۆیی دادەمەزرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ كار دەكات.
لە بەهاری ساڵی 1948ز ژیان و كاری خۆی بە حیزبی شیوعی بۆ هەتا هەتایی دەبەستێتەوە و دەست بە كاری حیزبی دەكات.
ساڵەكانی 1940-1941ز سەرەتای چالاكی ساسی ئەو بووە، كە لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەری بوون بۆ هاتنە نێو ژیانی سیاسییەوە، لەوانە مامۆستای ناوداری كورد(عزەدین فەیزی).
هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی بە كۆمەڵەی (هیوا)وە دەكات و لە ئایاری ساڵی 1941زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی هیوا.
لە ساڵی 1942زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی گەل كە رۆژنامەیەكیان بە ناوی (بڵێسە)ەوە دەردەكرد و خۆیان بە ماركسی لە قەڵەم دەدا.
لە زستانی ساڵی 1945زدا دوای كۆنگرەی یەكەمی حزبی شیوعی عێراقی دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە.
لە 13-10-1948ز دا دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابی ساڵی 1958ز واتە بۆ ماوەی (10) ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.
لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە زینداندا لە رێگای خوێندنەوەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت و هاوكات چەندین كتێبی ئەدەبی و چیرۆك و رۆمان و كتێبی سیاسی هەمەجۆر دەخوێنێتەوە، هەروەها بەشێكی زۆری شاكارە ئەدەبییەكانی ئەدەبیاتی رووسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەخوێنێتەوە، سەرەڕای خوێندنەوەی بەرهەمەكانی (تەها حسین) و (نجیب محفوز) و بەرهەمی تری نووسەرانی عەرەب.
عەزیز محەممەد لە ساڵی 1964ز تا ساڵی 1993ز سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عێراقی بووە و خزمەتێكی پڕ بایەخی پێشكەش بە دۆزی عێراق و ناوچەكە بە گشتی كردووە.
عەزیز محەممەد یەكێكە لەو كەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی 1986ز دا لە لایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە (وسامی لینین)ی پێدەبەخشرێ، هەروەها میدالیای “ئەستێرەی گەشە”ی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لە ساڵی 2007 لەلایەن رووسیاوە پێبەخشراوە، کە لەدوای نێلسۆن ماندێلا دووەم کەسە ئەو میدالیایە وەردەگرێت.
رێككەوتی 10ـی 6ـی 2015 لە پیرمام مەسعود بارزانی “میدالیای بارزانی نەمر”ی بەعەزیز محەممەد بەخشی.
رۆژی چوارشەممە 31ی ئایاری 2017 لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.