به‌پێی رێنماییه‌كی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا چون بۆ ته‌والێت قه‌ده‌غه‌یه، خوێندكارێك له‌هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كاندا كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دات‌و میز ده‌كات به‌خۆیدا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێت “ئێمه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانمان ده‌ستكراوه كردوه له‌حاڵه‌تی پێویستدا هاوكاری خوێندكاران بكه‌ن”.
ئا: سروه جەمال
رێكان ره‌شید، ساڵی رابردو تاقیكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌وانه‌كانی ده‌كات كۆنمره‌ی په‌نجاو هه‌شت به‌ده‌ست ده‌هێنێت، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن به‌ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی نمره‌كه‌ی بۆ شه‌ست بڕیارده‌دات تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ردو وانه‌ی عه‌ره‌بی‌و ئینگلزی بكات، ئه‌و كه ته‌مه‌نی چلودو ساڵه‌و قوتابیه له‌قوتابخانه‌ی خه‌لیفانی ئێواران بۆ ئاوێنه قسه‌ی كرد‌و وتی “له نه‌وه‌دو شه‌ش له‌به‌ر شه‌ڕی براكوژی له‌خوێندن وازمهێناو ئه‌وه دو ساڵه ده‌ستم پێكردۆته‌وه، به‌ڵام خۆزگه نه‌چومایه چونكه په‌شیمانم ئه‌مڕۆ ئاوام لێ به‌سه‌رهات، بڕیاریشم داوه بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی تر نه‌چم‌و ئه‌و بڕوانامه‌یه‌شم ناوێت”.
رێكان ره‌شید تاقیكردنه‌وه‌ی وانه‌ی عه‌ره‌بی یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و بوه له‌م ساڵی خوێندنداو باسی ئه‌وكاته ده‌كات كه پێویستی به‌وه بوه بچێت بۆ ته‌والێت “دوای سه‌عاتێك‌و چل ده‌قه شه‌ش جار داوام له‌به‌ڕێوبه‌ره‌كه كرد وتم من ته‌مه‌نم گه‌وره‌یه‌و وه‌زعم ته‌واو نیه ده‌چمه ته‌والێت، به‌لاَم ئه‌و وتی سه‌برت هه‌بێت، جارێكی تر پێم وته‌وه وتی نابێت وتم ئاخر من ناچارم لێره‌دا بیكه‌م هه‌تا وتم سه‌تڵێك بهێنه هۆڵه‌كه، دوایی چاوی لێ سور كردمه‌وه ئیتر خۆم پێ نه‌گیرا له‌هۆڵه‌كه‌دا كردم، دوای ئه‌وه وتی بچۆره ده‌ره‌وه وتم پاشی چی بڕۆم ، ناڕۆم”.
رێكان قوتابی دوانزده‌ی وێژه‌ییه ده‌ڵێت “به‌ڕاستی من هه‌ر به‌رپرسیاریه‌تیه‌كم هه‌بێت لێره وه‌ك قوتابیه‌ك چومه‌ته ژوره‌وه‌و رێزم گرتون به‌شایه‌تی هه‌موان هه‌تا هاتومه‌ته ده‌ره‌وه‌ش هیچم نه‌وتوه، مامۆستاكان هه‌مو به به‌ڕێوه‌به‌ریان وت، به‌ڵام هیچ ،سه‌رپه‌رشتیاریش وتی به‌ڕێوه‌به‌ر حسابه هه‌تا وتم ته‌له‌فۆن بۆ به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده بكه‌ن وتی من خۆم به‌ڕێوه‌به‌رم‌و ئیزنت ناده‌م”.
ساڵانی رابردو چونه ده‌ره‌وه‌ی خوێندكار بۆ ته‌والێت به‌یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی دزه‌پێكردنی پرسیار‌و پێوتنه‌وه دانراوه، له‌وباره‌یه‌وه رێكان ده‌ڵێت “باشه ئه‌گه‌ر چل ته‌له‌به له‌ژوره‌وه بێت‌و جیهاز دانرابێت، كامێرای داناوه ئینجا من وتم سه‌تڵێك بهێننه هۆڵه‌كه، بۆیه ئه‌گه‌ر من مه‌به‌ستم خراپ بوایه ئه‌وه پێداگیریم ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بچمه ده‌ره‌وه، خه‌ڵكیش هه‌یه له‌هه‌مان هۆڵدا له‌پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی ئیهانه‌ی مامۆستا‌و سه‌رپه‌رشتیاری كردوه‌و رۆژی دواتریش به‌رده‌وام بوه له تاقیكردنه‌وه ئه‌گه‌ر یاسا هه‌یه بۆ بۆ كوڕی خه‌ڵك نیه بۆ بۆ من هه‌یه جگه‌له‌وه‌ی ته‌له‌به رۆژی پێشوتر چۆته ده‌ره‌وه”.
رێكان ره‌شید كه خاوه‌نی پێنج منداڵه‌و هاوكات كوڕه‌كه‌یشی قوتابی دوازده‌ی ئاماده‌ییه، وتیشی ” باشه ئه‌گه‌ر ته‌ندروستیم باش بوایه وابزانم كه‌سێك كه چل‌و دو ساڵ بێت رێگه به‌خۆی نادات له‌ناو ئه‌و ته‌له‌بانه كه وه‌ك كوڕی خۆمن ئه‌و كاره بكات، ته‌مه‌ننام ئه‌كرد بمردمایه‌و ئه‌وه روینه‌دایه له‌نیوه‌ڕۆه ته‌له‌فونم داخستوه‌و تاقه‌تی ئه‌وه‌شم نیه بچمه ده‌ره‌وه، هه‌ر بیر ئه‌كه‌مه‌وه، جگه‌له‌وه‌ی چ هونه‌رێك له‌وه‌دا هه‌یه كه وه‌زاره‌ت رێگه نادات بچیته ته‌والێت، وه‌زیری په‌روه‌رده كه زۆریش براده‌رمه دوای ئه‌وه‌ی هاتومه‌ته ده‌ره‌وه سێ جار ته‌له‌فونم بۆ كردوه وه‌ڵامی نه‌بو”.
له‌وباره‌یه‌وه شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند” رێگه‌نه‌دان به‌خوێندكار بۆئه‌وه‌ی بچێت بۆ ته‌والێت، ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤیشه‌وه سه‌یری بكه‌ی نه‌گونجاوه، ده‌كرێت چاودێرێك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه بچێت، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت قسه‌مان كردوه‌و ده‌ڵێن راسته ئه‌وبڕیاره هه‌یه، به‌ڵام نه‌مانوتوه كه رێگه به‌هیچ كه‌سێك نه‌درێت، خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ش كه رویداوه”.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش، سامان سیوه‌یلی ده‌ڵێت “ئه‌و پیاوێكی گه‌وره‌یه‌و رۆژانی پێشوش داوای كردوه بچێته ده‌ره‌وه‌و جێگه‌ی گومان بوه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ، كه‌سی تریش ئیزن نه‌دراوه له‌وهۆڵه تابوترێت ته‌نها رێگه به‌ئه‌و نه‌دراوه، هه‌ستیش ئه‌كرێت به‌عه‌مدی ئه‌و كاره‌ی كردبێت له‌به‌رامبه‌ر چاودێره‌كان، ئه‌گه‌رنا ئێمه هه‌مو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانمان ده‌ست كراوه كردوه كه هاوكاری هه‌ر قوتابیه‌ك بكرێت له‌حاڵه‌تی پێویستدا، بۆ ئه‌و روداوه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌كه بانگی كردوه‌و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردوه‌و رونكردنه‌وه‌یان پێداوه واته شته‌كه كۆتایی پێهاتوه”.
توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیش باس له‌و بڕیاره‌و كاریگه‌ریه‌كانی ده‌كه‌ن، له‌تیف حوسێن به‌ئاوێنه‌ی ڕاگه‌یاند “به‌داخه‌وه ساڵ دوای ساڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌غه‌شكردن‌و رێكخستنی هۆڵ‌و پڕۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان بڕیار له‌دوای بڕیار ده‌رده‌كات كه هیچ كاتێك ئه‌م بڕیارانه نه‌یانتوانیوه ئه‌و ئامانجه بپێكێت كه بۆی ده‌رده‌كرێت، راگرتنی ئینته‌رنێت له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كان‌و ئێستاش رێگه‌گرتن له‌چونه‌ده‌ره‌وه‌ی خوێندكار له‌هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان تائه‌و كاته‌ی ته‌واو ده‌بێت كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر باری ده‌رونی خوێندكار ده‌بێت‌و ناتوانرێت وه‌ك پێویست وه‌ڵام بدرێته‌وه، ده‌بو وه‌زاره‌ت بیری له‌وه بكردایه‌ته‌وه كه ئه‌م جۆره بڕیارانه متمانه‌ی نێوان خۆی‌و مامۆستا‌و خوێندن كه‌م ده‌كاته‌وه‌و نایهێڵێت”.