پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان سەرلەنوێ دادەریژرێنەوەو ململانێکان هەندێکیان دەبنە شەر و هەندێکیشیان بۆ دۆستایەتی دەگۆرێن. هەرێمی کوردستان کە خاوەنی ڕێژەیەکی زۆر گازی سروشتییە، لە هاوكێشەکاندا پێگەی چی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆرانکاریەکان دەکات؟
بەردەوام و بە درێژایی مێژوی حوکمرانی مرۆڤ لە دونیادا، جەنگ و شەر و پەیوەندیەکانی نێوان خێل و دەوڵەتان و جەمسەرەکانی سەرڕوی زەوی پەیوەست بوە بە دۆخی دارایی و سەرچاوەکانی دارایی جیهانیی و سەرچاوە سروشتیەکانەوە، لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە لە قامیشی شەکر و خوێ و خورما و دواتریش جوگرافیاو سنورە سروشتی و دەستکردەکان و لە مێژوی نوێی مرۆڤایەتیشدا نەوت و چەک و چەکی ئەتۆم و ئاو، بونەتە داڕێژەری پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتان.
بەرژەوەندیە دارایی و ئابوریەکان هەمیشە بڕیاری یەکلاکەرەوەیان داوە لە پەیوەندی نێوان دەولەتاندا، چ بە باری شەر و چ بە باری دروست بونی پەیوەندی ئاسایی و دۆستانە و هەتا دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێز لەسەر ئاستی جیهان، تا جیهان وایلێهاتوە بوەتە دوو جەمسەری بەهێزی دژ بەیەک.
لە ئێستادا و بۆ داهاتویەکی نزیک گاز بۆتە فەکتەر و پاڵنەریكی بەهێزی یەکلاکەرەوەی پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتان و داریژەری نەخشەیەکی نوێی جیهانیی کە پێدەچێت جیاواز بێت لە نەخشەی ڕابردوی جیهان.
ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی برێکی زۆر لە گازی سروشتین بونەتە کاراکتەری سەرەکی گۆرانکاریەکان و ئەوان بڕیار لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی تر دەدەن و هەر ئەوانن بڕیار لە داگیرکاری و شەر و شۆر لە ناوچە جیاوازەکانی سەرڕوی زەوی دەدەن.
ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی گازی سروشتین چۆنیان بوێت پەل دەهاوێژن بۆ شەر و داگیرکاری وڵاتان و هەموانیش لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمان و دۆستی وڵاتە داگیرکراوەکانن ناتوانن هیچ بڵێن، چونکە نایانەوێت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ وڵاتی داگیرکار تێکبدەن کە خاوەنی گازی سروشتییە.بە نمونە ڕوسیا کە خاوەنی بەشێکی زۆر لە گازی سروشتییەو بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا لەوێوە گازی پێویست بۆ وڵاتەکانیان دەستدەخەن، پەلاماری وڵاتێکی وەک ئۆکرانیا دەدات و هەڕەشەی داگیرکاریی لێدەکات و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیاش هیچ دەنگێکیان لێوە نایەت چونکە دەزانن هەر نارەزایی و پشتیوانیەکیان لە ئۆکرانیا دەبێتە هۆی بڕینی سەرچاوەی گازە سروشتیەکەیان لەلایەن ڕوسیاوە.
لە لایەکی ترەوە ئەمریکاو بەشێک لە وڵاتانی نیشتمانی عەرەبی سەرقاڵی دارشتن و پەرەدانن بە پەیوەندیە ئابوریەکانیان و دیارترین ئەو پەیوەندیانەش نزیک بونەوەی ئەمریکاو قەتەرە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەی دبلۆماسی لەگەڵ قەتەر دەکات و هۆکارەکەشی ئەوەیە قەتەر دەتوانێت پێویستیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە گازی سروشتی وڵاتەکەی پڕ بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ساڵانێکی دور و درێژە تورکیا و ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی زۆر خراپدان و بەردەوام هەڕەشەو ئاڵۆزی و گرژی لە نزێوانیان هەبوە، ئیسرائیل لەو ماوەیەدا لەگەڵ یۆنان و قوبروس و میسر لە هاوپەیمانییەکی توندوتۆڵی وزەدا بوو لە دژی تورکیا.
بەڵام لەگەڵ یەکەم هەنگاوی نزیکبونەوەی تورکیاو ئیسرائیل ئەو هاوپەیمانییە کەوتە لەرزەوەو مەترسی لەناوچونی لەسەرە چونکە ئیسرائیل دۆستێکی نوێی بۆ پەیدابوە کە خاوەنی گازی سروشتییە کە وڵاتی تورکیایە.
هەموو ئەم نزیکبونەوەو هاوپەیمانی و دۆستایەتیەی نێوان وڵاتان کە بەشێکیان لە شەر و ناکۆکی توندەوە گەشتونەتە رێککەوتن پەیوەستە بە بونی گازی سروشتی لە بەشێک لەو وڵاتانەو پێویستی بەشێکی تر لە دەوڵەتان بە گازەکەو وایان لێدەکات پەنا ببەنە بەر هاوپەیانی و دروستکردنی دۆستی نوێ لە ناوچەکەو جیهان ئەگەرچی ئەو هاوپەیمانەیان دوژمنی لە مێژینەیان بێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هاوکێشەکان بە هۆی گازی سروشتیەوە دەگۆڕێن و جیهان نەخشەیەکی نوێ بە خۆیەوە دەبێنێت.
ئێران کە نزیکترین دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانە خاوەنی بڕێکی زۆر لە گازی سروشتییە و هەندێک کات لە ململانێ و ناکۆکیە سیاسیەکانی نێوان دەوڵەتاندا هەوڵی داوە هاوکێشەکانی پێ یەکلایی بکاتەوە و بیکاتە کارتی فشار لەسەر نەیارەکانی، بە نمونە لە کاتی شەری ئەرمینیاو ئازەربایجاندا کە تورکیا پشتیوانی ئازەربایجانی دەکرد ئێران نیگەران بوو، هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردودا بۆ ماوەیەک هەناردەی گازی لە تورکیا گرتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئازەرباینجان خاوەنی بڕێکی زۆری گازەی سروەشتییە تورکیا هیچ ئاسەوارێکی لەسەر دەرنەکەوت و بە خێرایی ئازەربایجان لە بەرامبەر پشتیوانی تورکیا لە وڵاتەکەی لە کاتی جەنگدا بڕی پێویستی گازی سروشتی بۆ تورکیا دابینکرد، ئیسرائیلیش کە لە کاتی شەری ئازەربایجان و ئەرمینیادا پشتیوانی ئازەربایجان کرد بەباتەکە دیسان بۆ ئەوە دەگەرایەوەو کە ئازەربایجان خاوەنی بڕێکی زۆر یەدەگی گازی سروشتییە نەک ئەوەی ئەو دوو وڵاتە مێژویەکی هاوبەشیان پێکەوە هەبێت.
هەرێـمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە خاوەنی بڕێکی زۆر لە یەدەگی گازی سروشتییەو لەسەر نەخشەی جیهانیی وزە لە پلەی هەشتەمی گازی سروشتیدایە و لە توانایەدایە لەسەدا ٣ی پێویستی جیهان پڕ بکاتەوە کە ئەمەش ریژەیەکی زۆرە بۆ جوگرافیایەکی بچوکی وەک هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند کێلگەیەکی دەوڵەمەند بە گازی سروشتییەو بۆ کارکردن لە دەرهێنان و هەناردەکردنی گازەکەشدا حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک هەیە و بە پێی سەرچاوەکان لە ئێستادا ڕۆژانە بڕی ٤٥٢ ملیۆن پێ سیجا گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت و هەناردەی بازارەکانی جیهان دەکرێت، کە بە وتەی بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایانەی کار لە بواری گازی هەرێمدا دەکەن پلانیان هەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەکە بگەیەننە سەرو ٧٠٠ ملیۆن پێ سیجا کە بڕێکی زۆرە لە ئاست پێویستی ناوچەکە.
ئێستا هەموو وڵاتانی دونیا سەرقاڵی رێکخستن و سازانی پەیوەندیەکانی نێوان خۆیانن و هاوپەیمانی و جەمسەربەندی نوێ لە جیهاندا دێتە ئاراوەو نەخشەی داهاتوی جیهان دادەرێژێتەوە، هەموو ئەو وڵات و ناوچەو هەرێمانەی خاوەنی گازی سروشتین بونەتە چەقی گفتوگۆ و یەکلاکەرەوەی ململانێکان، هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لە ناوچەکانی دەوڵەمەند بە گازی سروشتی دیار نییە دەیەوێت بە چ جۆرێک وەبەرهێنانی سیاسی و دبلۆماسی لە گازە سروشتیەکەیدا بکات و بە چ ئاراستەیەک بەکاری بهێنێت بۆ دەوڵەمەندکردنی هەرێم هەم لەروی ئابوری و هەم لەڕوی سیاسی و دبلۆماسی و لەوەش زیاتر لە ڕوی دروستکردنی دۆستێکەوە کە ببێتە چەتری پاراستنی هەرێم لە هەر مەترسیەک کە ڕو لە ناوچەکە بکات.
لەم هەموو هاوکێشە جیهانیەدا داخۆ گازی سروشتی هەرێم دەتوانیت ببێتە بەرەکەت و ڕەحمەت بۆ هاوڵاتیەکانی، یان ئەویش هاوشێوەی نەوتی هەرێم دەبێتە مایەی سەرئێشەو نەهامەتی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەهێنێت و بنەماڵەو خێزانە سیاسیەکان دەوڵەمەند و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەژارتر دەکات.